دۆناڵد ترەمپ: بايدن لە ترسی ئێران گەمارۆکانی هەڵوەشاندووەتەوە ئێران

نوچه‌نێت

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆماریخوازەکان، بایدنی بە ترسنۆکی تۆمەتبار کرد و گوتی سیاسەتی دەرەکی بایدن جێگای شەرمەزارییە. هەروەها داوای لە چین کرد بە هۆی بڵاوکردنەوەی کۆرۆنا ١٠ تریلیۆن دۆلار پێبژاردن بدات.

ڕۆژی یەکشەممە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ٧٥ خولەکی لە کارولینای باکووریدا، ڕەخنەی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی ئیدارەی بایدن گرت. ترەمپ هەڵبژاردنەکانی تەشرینی دووەمی ئەمریکای وەک هەڵبژاردن لە وڵاتێکی دواکەوتوودا وەسف کرد و بە "تاوانی سەدە" ناوی برد.

دۆناڵد ترەمپ وێرای ڕەخنەی توند لە ڕوانگەی ئیدارەی ترمپ سەبارەت بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان گوتی، "ئێرانییەکان ئێستا داوای پارە دەکەن، لە کاتێکدا لە سەردەمی ئیدارەی مندا هەرگیز داوای پارەیان نەدەکرد".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بایدنی بەوە تۆمەتبار کرد لە ترسی ئێران گەمارۆکانی هەڵوەشاندووەتەوە و گوتی،  "ئەگەر من لەسەر دەسەڵات ده‌بووم، لە ماوەی یەک هەفتەدا لەگەڵ ئێران مامەڵەم دەکرد. لەگەڵ ئێرانییەکان ڕێککەوتنێکی سەرنجڕاکێشم ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا ئێرانییەکان دیسان پارەیان دەوێت... لە بیرتانە؟ هەمدیسان پارەمان لێ وەردەگرن".

ترەمپ گوتیشی ئێران دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی ١٥٠ ملیار دۆلاری وەرگرت کە ٨/١ ملیاری پارەی نەختینە بوو. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جارێکی تر ڕەخنەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەی گرت و وێرای دووپاتکردنەوەی بانگەشەی ساختەکاریی گوتی، "وڵاتانێکی وەک ئێران، چین و ڕووسیا لە ئەنجامی کۆتایی ئەو هەڵبژاردنانە خۆشحاڵ بوون".

ترەمپ گوتیشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی جۆ بایدن بەرەو لێژیی دەڕوات و "زەبوون و سووک" بووە. ترەمپ لەو لێدوانەدا چەندین جار ڕەخنەی توندی لە دیموکراتەکان گرت و لە کاتی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی کۆچبەری ئیدارەی بایدن، دیموکراتەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئەمریکایان کردووەتە "پەناگەی بیانییە تاوانبارەکان".

ترەمپ لە بەشێکی تر لە لێدوانەکەیدا جارێکی تر چین و تاقیگەی وهانی تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا و داوای کرد پەکین ١٠ ملیار دۆلار پێبژاردن بە ئەمریکا و وڵاتانی تر بدات.

ڕەخنە لە سیاسەتی بایدن سەبارەت بە شەڕی ١١ ڕۆژەی ئیسرائیل و فەلەستین، پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕووسیا و هەروەها ڕەخنە لە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی کەشوهەوای پاریس لە تەوەرەکانی تری لێدوانەکەی ترەمپ بوون.


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین