رووسیا و چین له‌ پێدانى ڤاكسین پشت له‌ ئێران ده‌كه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

عەلی ڕەزا ناجی، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ڤایرۆسناسی زانکۆی بەهەشتی ئێران دەڵێت لە ئێستادا ڤاکسینی زۆر لە بەردەست نین و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیمانشکێنی وڵاتانی ڕووسیا و چین کە بەڵێنەکانیان نەبردە سەر.

ئەمڕۆ سێشەممە هەشتی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "خەبەر ئۆنلاین" بڵاوی کردەوە، لەم ڕۆژانەی دواییدا خەڵکی ئێران بە نیگەرانییەوە پرسیار دەکەن ئایا هه‌ڵمه‌تى پێدانى ڤاكسین لە ئێران ڕاوەساتەوە؟ زۆرێک لەو کەسانەی کە ژەمی یەکەمی ڤاکسینێکی تایبەتیان وەرگرتووە، نیگەرانی ئەوەن لە ژەمی دووەم بێبەش بن. کوتانی تێکەڵاوی دوو ڤاکسینیش تا ئێستا تاقی نەکراوەتەوە.

عەلیرەزا ناجی، سەرۆکی ناوەندی ڤایرۆسناسی زانکۆی بەهەشتی وێرای پشتڕاستکردنەوەی کەمبوونی ڤاکسین لە ئێراندا گوتی: "مەخابن بە هۆی ئەوەی چین و ڕووسیا بەڵێنەکانیان نەبردە سەر، زۆر زۆر دژوارە دەستمان بە ڤاکسین بگات. لە لایەکی ترەوە سندووقی کڤاکس بە هۆی ئەو کێشانەی لە ئاستی دەرەوەدا هەن پشکی ڤاکسینی ئێمەی نەداوە. وڵاتی هیندستانیش بە هۆی کێشە ناوخۆییەکان یان بە هۆکاری تر، خۆی بواردووە لە ڕادەستکردنی ڤاکسین بە ئێمە. ڤاکسین بووەتە کاڵایەکی ستراتیژیک و وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی پێکەوە پێشبڕکێ دەکەن. ڕێژەی بەرهەمهێنان وەڵامدەرەوەی ڕێژەی پێداویستییەکان نییە".

سیما سادات لاری، گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی ڕایگەیاند بەردەوامبوونی ڕەوتی داکشانی تووشبووانی کۆرۆنا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لە هەندێ لە پارێزگاکان ڕاوەستاوە و ئەوەش زەنگی مەترسی بە هەژمار دێت. لاری ڕایگەیاند چەند جۆری ڤاکسینی گۆڕدراوی کۆرۆنا کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەفریقای باشوور و هیند لەو شارانەی ئێراندا کە لە دۆخی سووردان تۆمار کراون.

عبدولڕەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕۆژی ڕابردوو گوتی: "بڕیار دراوە ڤاکسێنی بەرهەمی ناوخۆ تا ١٠ی حوزەران یەکلایی ببێتەوە و ئەگەر مۆڵەتی کوتانی بدرێ، بێ گومان لە ڕۆژانی دواتردا ڤاکسیناسیۆن دەست پێدەکات. ئێمە هیوامان بە ناوخۆیە".

کوتانی دوو ڤاکسینی تێکەڵکراوی هاوچەشن

بڵام عەلیڕەزا ناجی، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ڤایرۆسناسی زانکۆی بەهەشتی ڕایگەیاند تاقیکردنەوەی ڤاکسینە ناوخۆییەکان لە کاتی پێویستدا ئەنجام نەدراوە. لەم هەلومەرجەدا تێکەڵاوێک لە دوو ڤاکسینی هاوچەشن وەک یەکێک لە بژاردەکان هاتووەتە ئاراوە: "بۆ نموونە کەسێک لە ژەمی یەکەمدا سینوفازمی کوتابێت، ئەگەر ناچار بین دەتوانین ڤاکسینی ناوخۆیی و لەوانە ڤاکسینی "بەرەکەت"ی بۆ بوکتین. بەڵام کێشە ئەوەیە کە ئێمە هیچ نموونەیەکمان لەو جۆرە ڤاکسیناسیۆنە لەبەردەست نییە".


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین