چۆن سوودان بووە مەیدانێکی گرنگی ململانێی ئەمریکا و رووسیا؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

بەمدواییانە رووسیا هەوڵدەدات هەژموونی خۆی بەسەر جیهانی عەرەبی و ئەفریقیادا بسەپێنێت، وەکو چۆن پێشووتر ئەو ناوچانە جێگای هەژموونی سۆڤیەت بوون، ئەمەش لە سیاسەتی دەرەکیی رووسیا بەرامبەر سووداندا خۆی دەنوێنێت، دەبێ بڵێین لە سەدەی رابردووشدا سوودان جێگای هەژموونی سۆڤیەت بووە.

گرنگیی ستراتیژی سوودان لە گرنگیی جوگرافیی ئەو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەسەر دەریای سوور هەڵکەوتووە و یەکێکە لە رێڕەوە هەرە قەرەباڵغەکانی هاتوچۆی دەریایی جیهانی.

سۆڤیەتی جاران خاوەن مۆرکێکی سەربازی بوو بە درێژایی کەناراوەکانی دەریای سوور لە وڵاتانی سۆماڵ، ئەسیوبیا و یەمەنی باشوور. ئێستاش رووسیا دەیەوێت بە گێڕانەوەی سەنگی خۆی لەسەر دەریای سووردا هەژموونی دەریایی خۆی بنوێنێ و ئاسانیش بگاتە زەریای هیندی.

رووسیا ئێستا دامەزراوەی دەریایی خۆی لە سووریا جێگیرکردووە و بابەتی زیادکردنی بنکەکانی لە لیبیا گەنگەشە دەکات، بۆیە بە بەهێزکردنی جێ پێی خۆی لە سوودان وا دەکات رووسیا لەسەر هەردوو دەریای سوور و ناوەڕاست بوونی خۆی بسەلمێنێت، دەشبێتە هەنگاوێکی گرنگ لە هەوڵەکانی رووسیا بۆ بوونە هێزێکی دەریایی جیهانی.

گرنگیی ستراتیژی سوودان لە گرنگیی جوگرافیی ئەو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە

 

سوودان هەوڵی هاوسەنگی دەدات

لە سەدەی ٢١ بە گشتی و بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٧ وە رووسیا پەیوەندییەکانی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ سوودان پتەوکردووە لە سەردەمی سەرۆک عومەر بەشیر و حکومەتی کاتیی ئێستاشدا.

هەنووکەش سوودان بووەتە یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی چەکی رووسی لە ئەفریقادا، قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتیش لە ٢٠١٨ دا گەیشتە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، کە بەمەش سوودان دەبێتە سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی رووسیا لە باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقیا.

بەڵام سوودان هەمان کات چاوی لەوەیە پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاواش هەبێت، بە تایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەلایەن ئەمریکاوە لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکەری تیرۆر دەرهێنرا.

بەمشێوەیە پیویستە سوودان هاوسەنگیی جیۆساسیی خۆی ڕابگرێت لەنێوان رووسیا و ئەمریکادا، بێگومان لەم هەڵوێستەدا دەکەوێتە ژێر فشاری ئەو کێبڕکێیەی رووسیا و ئەمریکا دەیکەن بۆ سەپاندنی هەژموونیان بەسەر دەریای سووردا.

ڕابردووی رووسیا لەگەڵ عومەر بەشیر

لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠١٠ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەستا بە تۆمەتبارکردنی عومەر بەشیر و پلانی ڕاوه‌دوونانی داڕشت، بەمەش سوودان پاش سەپێنرانی سزای جۆراوجۆر بەسەریدا لەسەر ئاستی جیهان بووە وڵاتێکی گۆشەگیرکراو و پشتگوێخراو.

لە ئەنجامی ئەمەشدا، حکومەتی خەرتووم گرنگییەکی تایبەتی دا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیادا و پشتی بەو گوتارە رووسییە بەست کە دەڵێت مۆسکۆ پشتیوانیی سەروەریی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی دەکات، وەکو دیارە رووسیا هەمیشە خۆی وا پیشانی دەوڵەتانی جیهانی سێ داوە کە ئەو دەبێتە قەڵایەک دژ بە دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتانی عەرەب و ئەفریقیا و دژی ئەوەیە دیکتاتۆرەکان هۆشدار بکرێنەوە لەبارەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ!

ئەوە بوو سەرەڕای ئەوەی عومەر بەشیر لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواکراو بوو بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کوشتاری بە کۆمەڵ، کەچی لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ گەیشتە شاری سۆچی کەناراوی رووسیا، دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین فڕۆکەیەکی تایبەتی نارد بە شوێنیدا!

هەروەها بە سەرنجدانی بەشیر لە پشتیوانیی رووسیا لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥ دا، داوای پشتیوانیی ڤلادیمیر پوتینی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییانەی لەسەر رژێمەکەی هەبوون.

لە نموونەی ئەو بابەتانەی بەشیر بە هەڕەشەی دەزانین: سەرهەڵدانی ململانێ لە ناوچە دوورە دەستەکانی وڵات و دروستبوونی خۆپیشاندانی دژی رژێمی بەشیر لەناو شارەکانی سوودان و سەپاندنی سزا بەسەر ڕژێمەکەی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. ئەوە بوو بەشیر لەکاتی سەردانەکەی بۆ "سۆچی" بە گرنگییەوە باسی کڕینی سیسمی بەرگریی "S-300" ی رووسی کرد.

پاش ١٣ مانگیش لەو سەردانەی رووسیا، ئەلبەشیر سەردانی دیمەشقی کرد بۆ دیداری ئەسەد، ئەمەش ئاماژەی ئەوە بوو کە سوودان زیاتر پشتیوانیی ئەجێندای هەرێمایەتی رووسیا دەکات، چونکە رووسیا خوازیاری ئەوەیە هانی وڵاتانی عەرەبی بدات پەیوەندییەکانیان بە تەواوی لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاسایی بکەنەوە.

هەر لە سەردانەکەی دا بۆ "سۆچی"،بەشیر پشتیوانیی خۆی دەربڕی بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا، پشتیوانیی هەڵوێستە مشتومڕ لەسەرەکانی دیکەی رووسیاشی کرد لە پرسەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەشیر هەروەها بۆ دڵراگرتنی رووسیا، کارتی بەربەرەکانێی ئەمریکای ڕاکێشا، ئەوە بوو بە پوتینی وت "ئێمە بەرهەڵستیی دەستێوەردانی ئەمریکا دەکەین لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عەرەبیدا، بە تایبەت دەستێوەردانی ئەمریکا لە عێراق".

وەها لێکدرایەوە کە کاتی سەردانەکەی بەشیر بۆ رووسیا لەلایەن ئەوەوە بە مەبەست بووە بۆ قۆزتنەوەی کێبڕکێی رووسیا و ئەمریکا لە بەرژەوەندیی خۆی، بەوەی خەرتووم پێی وابوو ئەم سەردانە و چالاکییەکانی بەشیر لە رووسیا وا لە ئەمریکا دەکات هەڵوێستی نەرمونیان بکاتەوە لەگەڵ رژێمی سوودان.

سوودان دڵی بەوەش خۆش بوو کە ترەمپ حەزی لە پشتیوانیی دیکتاتۆرەکانە

جگە لەوانە، سوودان لە ساڵی ٢٠١٦ چووە ڕیزی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو دژ بە ئێران.

هەروەک سوودان لە گفتوگۆکانی "سۆچی" دا لەگەڵ رووسیا ڕێککەوتبوو کە بنکەیەکی دەریاوانی رووسی لەسەر کەناری دەریای سوور و لەسەر خاکی سودان دابمەزرێت، ڕژێمی بەشیر پێیوابوو ئەم هەنگاوە وا دەکات ئەمریکا دەستبکات بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ سوودان بۆ دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندیی نێوانیان.

پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ سوودانی دوای شۆرش

لە هەردوو ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ خەڵکی سوودان ڕژانە سەر شەقامەکان، بۆ داواکردنی چاکسازیی دیموکراسییانە و دەستلەکارکێشانەوەی بەشیر. ئەوکاتە رووسیا هاتە سەر هێڵ بۆ بەرگری لە سەرۆکی سوودان، ئەوە بوو گرووپی "ڤاگنەر"ی سەربازیی سەر بە کرملین لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سوودان دەستی بە کارکرد بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

هەروەک پسپۆڕانی رووس پلانی هەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی چەواشەکارانەیان ئامادەکرد بۆ بەرژەوەندیی رژێـمی بەشیر. پلانەکە هەواڵی ناڕاستی لەسەر خۆپیشاندەران دروستدەکرد و وای پیشاندەدا کە خۆپیشاندەران سەر بە ئیسرائیلن و پشتیوانیی گرووپەکانی دژ بە ئایینی ئیسلامیان لە پشتە و سەر بە چەند لایەنێکی بیانین.

بەڵام لەگەڵ لەسەرکار لادرانی بەشیر لە نیسانی ٢٠١٩ دا رووسیا ناچاربوو ئیدی مامەڵە لەگەڵ واقیعی سیاسیی نوێ بکات، ئەوە بوو کاری لەسەر پاراستنی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ خەرتووم کرد بێ گوێدانە ئەوەی کێ دەبێتە سەرداری سوودان.

وا پێدەچێت رووسیا دووچاری بەرهەڵستکاریی لایەنە مەدەنییەکانی پێکهێنەری حکومەتی خەرتووم ببێتەوە، ئەو لایەنانەی پشتیوانیی شۆرشیان کرد و هەڵوێستی ئەو کاتی رووسیایان وەکوو دژە شۆڕشی سوودان ناسیوە.

بنکەیەکی دەریایی رووسی لە سوودان


لە دیسەمبەری ٢٠٢٠ دا مۆسکۆ و خەرتووم ڕێککەوتننامەیەکی هاریکاریی سەربازییان واژووکرد بۆ بنیاتنانی بنکەیەکی لۆجستیی دەریایی رووسی لە پۆرتسودان لەسەر کەناری دەریای سوور.


ئەم ناوەندە بە یەکەم بنکەی رووسیا دادەنرێت لە کیشوەری ئەفریقا و دووەم بنکەی لەو جۆرەشە لە دەرەوەی سنووری یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، ئامانجی ڕێککەوتنەکەش بریتی بوو لە "پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە" و بڕیارە بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ بەردەوام بێت و ڕێگە دەدات بە رووسیا چوار کەشتی و ٣٠٠ کەسی لەو بەندەرەدا هەبێت و وادەکات رووسیا پەنجەرەیەکی بەسەر کیشوەری ئەفریقیادا هەبێت.

بەپێی ڕێککەوتنەکە رووسیا دەتوانێت سوود لە فڕۆکەخانەکانی سوودان وەربگرێت بۆ گواستنەوەی چەک و شمەک و پێداویستیی بنکە رووسییەکە.

لە ڕاستیدا پاڵنەری سەرەکیی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە بەرژەوەندییەکانی رووسیا لە کەرتی وزەدا، وەکوو ئەوەی نیکۆلا میکۆڤیچ شرۆڤەوانی سیاسی ڕوونی کردەوە لە وتارێکیدا لە دیسەمبەری ٢٠٢٠  وتی، "ئەو بنکەیە یارمەتیی رووسیا دەدات بەشێک لە دەسەڵاتی بسەپێنێت بەسەر پرۆسەی هاتوچۆی بەرهەڵگرە نەوتییەکان کە بە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیادا تێپەڕ دەبن".

وەکو میکۆڤیچ دەڵێت ئەم کارە بێ ئاڵنگاری نابێت، "زۆربەی بیرە نەوتییەکانی ناوچەکە دەکەونە سنووری حکومەتی باشووری سوودان، بەڵام هەناردەکردنی نەوت بە تەواوی پەیوەستە بە حکومەتی سوودانەوە، بۆیە ئەگەر رووسیا بیەوێت کۆنترۆڵی هەبێت بەسەر هاتوچۆی نەوتدا لەم ناوچەیە، ئەوە پێویستی بەوە دەبێت وێستگەی ستراتیجیی نەوتیی پۆرتسودانی لەدەستدابێت".

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە و هەندێک سەرچاوەی دیکەی هەواڵ ڕایانگەیاند کە خەرتووم لەژێر فشاری ئیدارەی بایدن-دا ڕێککەوتننامەکەی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام سامۆئیل ڕامانی توێژەر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد وایدەبینێت ئەم دەنگۆیانە بنەمای ڕاست و دروستیان نییە و دەڵێت "رووسەکان ئەم هەواڵەیان رەتکردەوە و دەزگاکانی راگەیاندنی سوودانیش سەرەتای مانگی ئایار دیمەنی گەیشتنی کەشتییەکی سەربازیی رووسییان بۆ بەندەرەکە پیشاندا، ئەمەش دەریدەخات رێککەوتنەکە تاوەکو ئێستا کاری پێدەکرێت".

سوودان لێدوانی لەسەر ئەم گومانانە نەبووە و چەند هەفتە دوای ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەش ڕووداوی ئەوتۆ روویان نەدا، بۆیە وا دیارە ئێستاش رووسیا پارێزگاری لەو بنکە دەریاییەی دەکات لە سوودان.

وێنە جیۆسیاسییە گەورەکە

تیمی بایدن سوودان وەکوو گۆڕەپانێکی شەڕ دەبینێت

خەرتووم کاردەکات بۆ پاراستنی سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ لەنێوان واشنتن و مۆسکۆ، بەڵام ئەمە دەکەوێتە سەر سیستمی حوکمرانی ئێستای وڵاتەکە، کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان فەرماندەیی سوپا و پێکهاتە مەدەنییەکان کاردەکات.

سوپا سوورە لەسەر نزیکبوونەوەی زیاتر لە رووسیا، لەکاتێکدا پێکهاتەی مەدەنی مەیلیان بەلای ئەمریکادایە، ئەوەش بە بەپێی شرۆڤەی توێژەرەکەی ئۆکسفۆرد.

جۆ بایدن و زۆرێکی تری بەرپرسانی حیزبەکەی دەیانوت کە ترەمپ لە چوار ساڵی حوکمرانییەکەیدا ملکەچی پوتین بووە، بۆیە ئیدارەی ئێستا دەیەوێت سیاسەتێکی دیکەی هەبێت لە هەمبەر رووسیا کە جیاواز بێت لەوەی ئیدارەی پێشوو.

لە هەمان کاتدا، کۆشکی سپی هەوڵدەدات سەرنجی خەرتووم ڕابکێشێت کە لە واشنتن نزیک ببێتەوە، بە سوود وەرگرتن لەو ڕووداوە نوێیانەی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سووداندا بەدیهاتوون، کە لە ئەنجامی لادانی سوودان لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکەری تیرۆر، هاتوونەتە گۆڕێ.

ئەو ڕاستییانە ئاماژەن بۆ ئەوەی تیمی بایدن سوودان وەکوو گۆڕەپانێکی شەڕ دەبینێت لە ململانێی گەورەی دژ بە بەهێزبوونی جیۆ سیاسیی مۆسکۆ.

لە داهاتوو روون دەبێتەوە کە ئاخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکەوتوو دەبێت یان نا لە بڕواهێنان بە سوودانی دوای شۆڕش کە هاوبەشیی خۆی لەگەڵ ڕوسیا بپووکێنێتەوە.

سه‌رچاوه‌ : خه‌لیج جه‌دید

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین