بزووتنەوەیەکی چەکداریی کورد لە واشنتن چی دەکات؟ راپۆرت و شیکاری

نوچه‌نێت

وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها

ئەم ڕاپۆرتە بەشێکە لە پڕۆژەی ”حەجکردن بەرەو واشنتن” کە تایبەتە بە چالاکیی لۆبییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەنێوان ساڵانی (2010 . 2020) زۆربەی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەش پشتدەبەستن بە بانکی زانیارییەکانی سەر بە وەزارەتی دادی ئەمریکا، بەگوێرەی یاسای “تۆماری بریکارە بیانییەکان FARA” کە گرووپەکانی فشار ناچاردەکات چالاکییەکان و سامانەکانیان بخەنەڕوو، هەموو بەڵگەکانیش لە ئینتەرنێتدا هەن.

لەسەر زەوی چەکدارە و لە واشنتن خەریکی لۆبی

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە هێزە کوردییەکان بڕبڕەی پشتی پێکدێنن، لە میانەی شۆڕشی سوریا و ململانێ هەرێمییەکانی ناو ئەو شۆڕشەدا دەرکەوت.

هاوڕێ لەگەڵ کوردەکاندا، عەرەب و ئاشووری و گرووپگەلی تورکمانی و ئەرمەنی و شەرکەسی چوونە ڕیزی ئەو هێزەوە. هێزەکە بە شەڕە توندەکانی لە دژی رێكخراوى دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ناوبانگی پەیداکرد، لە کۆبانی و ناوچەکانی دیکە، بە پشتیوانییەکی ئەمریکی.

له‌گەڵ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی زۆر لەسەر خاکی سووریا، ساڵی ٢٠١٨ بڕیاریدا نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بکاتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا بەرژەوەندییەکانی ساڵانی ڕابردووی ئەو بزووتنەوەیە دەخەینەڕوو، هەروەها چالاکییەکانی بزووتنەوەکە بۆ فشارخستنە سەر حکومەت و کۆنگرێسی ئەمریکا، ئەویش بە پیشاندانی فراوانی بەڵگەنامە و دۆسیەکانی نووسینگەکە لە وەزارەتی دادی ئەمریکا.

مەسەدە و هەسەدە، چەکی کوردانی سوریا و سیاسەتیان

نووسینگەی سووریای دیموکراتی (مەسەدە) بریتییە لە باڵی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ئیدارەی خۆسەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

بەرنامەی ئاشکرای بریتییە لە هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی “سستمێکی عەلمانی، دیموکراسی و لامەرکەزی لە سەرانسەری سوریا”. لە نۆی تشرینی یەكەمی (2015) دامەزراوە، و چالاکوانی مافپەروەر و ناسراو هەیسەم مەنناع کراوەتە هاوسەرۆکی نووسینگەکە هەر لەگەڵ دامەزراندنیدا.

ئەو کۆمەڵەیەی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتی پێکهێناوە 13ئەندام بوون لە پاشخانی ئیتنیکی و ئابووری و سیاسیی جیاجیا. هێشتا ماوەیەکی زۆر تێنەپەڕیبوو کە ئەنجوومەنەکە نووسینگەی گشتیی خۆی لە شاری حەسەکەی سووریا کردەوە لە یەکی ئابی (2016).

نووسینگەکە لەڕووی سیاسییەوە نوێنەرایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) دەکات. قەسەدە بەشێوەیەکی بنەڕەتی بریتییە لە هاوپەیمانێتییەکی کوردی، خۆی وا دەناسێنێت کە “هێزێکی سەربازیی نیشتیمانیی یەکپارچەیە و بۆ هەموو سورییەکانە، کە عەرەب و کورد و سریان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی تێدایە”. لە (10) تشرینی یەكەمی (2015) دامەزراندنی قەسەدە ڕاگەیەنرا لە شاری قامیشلی باکوری سوریا، واتە دوو مانگ بەر لە دامەزراندنی نووسینگەی سووریای دیموکرات.

ڕاگەیاندنی قەسەدە لە سەروبەندی ئەوەدا هات کە ئەمریکا ڕایگەیاند دەیەوێ چەک بداتە گرووپێکی بژاردە لە هێزە چەکدارەکان بە مەبەستی جەنگان لە دژی ڕێکخراوی داعش.

خەونی کورد وندەبێت لەنێو هاوکێشە هەرێمییەکاندا

هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕۆڵێکی بنچینەیی گێڕا لە هەژموونی سەربازیی ئەمریکادا لە جەنگەکەیان دژی ڕێکخرای داعش لە سوریا و عێراق.

لە سەردەمی هەردوو ئیدارەی باراک ئۆباما و ترەمپ-دا ئەمریکا هاریکاریی ئەم هێزانەی کردووە، بەشێوەی پشتیوانیی دارایی و لۆجستی و سەربازی، تا ئەو ڕاددەیەی بووەتەهۆی سڵكردنه‌وه‌ى تورکیای هاوپەیمانی ناتۆی، چونکە تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنێت کە هانی جیابوونەوەی کورد دەدات لە تورکیا، ئەو یەکینانەش لایەنی هەرە دیاری پێکهاتەی سەربازیی هەسەدەن.

بەڵام ئەو پارێزگارییە ئەمریکییە، ئەگەر بتوانین ئەو دەربڕینە بەکاربهێنین، کە بەدرێژایی ماوەی باراک ئۆبۆما بۆ هەسەدە لەگۆڕێبوو، ئیدی وردە وردە بەرەو کزیی چوو، تا وایلێهات بەرەو نەمان چوو لە سەروبەندی تویتەکانی سەرۆکی نوێی ئەو کاتی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کە کە کۆتاییهێنانی ڕاگەیاند بە پڕۆگرامی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) تایبەت بە چەکدارکردن و تەمویلکردنی کۆمەڵە جیاجیاکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ساڵی (2017)دا.

لە تشرینی یەكەمی (2019) واشنتن بە کردەیی دەستی لە هاوپەیمانە کوردییەکەی بەردا، کاتێک کۆشکی سپی کشانەوەی هێزەکانی لە باکووری سووریا ڕاگەیاند، بڕیاری ترەمپ بۆ کێشانەوەی هێزەکانی لەژێر فشاری تورکیدا بوو، لە ڕێگەی سەرۆک ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و لە ڕێگەی لۆبیی تورکیا لە واشنتن.

کورد تووشی نائومێدی هاتن لەو هەنگاوەی ئەمریکا کە چەند ڕۆژێک پێش لەو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بەناوی (چڵە زەیتوون) هات بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی شاری عەفرینی سوریا، کە دواتر پشکێکی گەورەی دەبوو لە چالاکییەکانی فشارهێنەری سیاسیی کوردی لە واشنتن، تورکیاش ویستی بەو کارە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەكانی پاراستنی گەل دەربکات کە ئەنکەرە وەکو ڕێکخراوی تیرۆریستی ڕیزبەندی کردوون.

لەسایەی ئەم بارودۆخانەدا، کاتێک هەسەدە خەونی وابوو خۆڕێبەری و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێ بەو خۆسەرییەی لەو ناوچانە دایمەزراندبوو کە لەژێر دەستی داعش ڕزگاریکردبوون، نووسینگەی نوێنەرایەتیی خۆی لە واشنتن کردەوە لە سەرەتای ٢٠١٨ دا، ئامانجی نووسینگەکە ئەوەیە فشاربخاتە سەر حکومەتی ئەمریکا پشتیوانیی فیدراڵیزم بکات وەکوو ڕێگاچارەسەرێک لە وەرچەرخانە دیموکراسییەکەی سوریادا.

لە هەمانکاتدا کار لەسەر ئەرکی یاسادانان دەکات، کە لە چوار تەوەری سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە، کە بە کورتی ئەمانەن: کارکردن لەسەر پڕچەککردنی سوپای یەکێتیی دیموکراسیی باکووری سووریا، هەوڵدان بۆ باشکردنی کاری دەزگاکانی لەناوبردنی تیرۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەجۆرێک کە لە ئاست پێداویستییەکانی قۆناغی دوای داعشدا بن، هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بەوەی بە “داگیرکاریی تورکی” لە سووریا ناوی دەهێنن لەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا؛ چلە زەیتوون لە (2018) و كانی ئاشتی لە (2018) دا.

ئامانجی سێیەم بریتییە لە ڕێگەدان بە سوپای یەکێتیی دیموکراسیی باکووری سووریا بە بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی، چوارەمیش نووسینگەکە هەوڵی زیادکردنی هاریکارییە مرۆییەکان دەدات بۆ ناوچەکە، کە ناوەندی چالاکی و کارەکانیەتی.

نووسینگەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چاوی خستووەتە سەر فشاری سیاسی و پروپاگەندەی میدیایی لە بەژەوەندیی نووسینگەی سووریای دیموکرات.

بەپێی بەڵگەنامەکانی نووسینگەکە، چوار کەس لە ئەمریکا بەڕێوەی دەبەن، کە دووانیان ڕەگەزنامەی ئەمریکییان هەیە و دووانەکەی دیکەش ڕەگەزنامەی سووری، بەڵگەنامەکان دەڵێن نێردەکە بە پشتبەستن بە ئابوونەی جالیەی کوردی لە ئەمریکا دامەزراوە. ئیلهام ئەحمەد، ڕیاز درار و عەهد عەبدولهیندی تێیدا کاردەکەن.

نووسینەگە لەگەڵ چەند لایەنێکی حکومەتی ئەمریکا پەیوەندی دەگرێ، کە دیارترینیان وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری-ن، دیداریشی لەگەڵ چەند ئەندامێکی گرنگترین لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران هەبووە، بە تایبەت لیژنەکانی هێزە چەکدارەکان، دارایی و هەواڵگری. ئەوە جگە لە ژمارەیەک لە گرنگترین ناوەندەکانی توێژینەوە و دروستکردنی بڕیاری ئەمریکی.

ئایا لیژنەکانی هەواڵگری و چەک و دارایی بەسن بۆ کورد بۆ بونیاتنانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی؟

ئەوەی جێگەی سەرنجدان کۆبوونەوەی نووسینگە کوردییەکە بوو لەگەڵ تیمی سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆ، بۆ گفتوگۆکردنی دۆخی مەیدانیی شاری عەفرین دوای ئۆپەراسیۆنە تورکییەکە تێیدا. چونکە ئەو سیناتۆرە کۆمارییە لە یەک کاتدا پێگەی زیاتر لە یەک ئامانجە بە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی لایەنی کوردی، چونکە ئەو ئەندامێکی گرنگی چەندین لیژنەیە لە کۆنگرێس، بۆ نموونە ئەندامە لە لیژنەکانی دەرماڵەکان، پەیوەندییەکانی دەرەوە، هەواڵگری، ئەوە جگە لەوەی ئەندامی لیژنە فەرعییەکانی تایبەت بە ڕۆژهەلاتی نزیک و باشووری ئاسیا و لەناوبردنی تیرۆرە.

هەر لەو ماوەیەدا و لەنێوان شوبات و ئابی (2018) دا ئەندامانی نووسینگەکە توانیویانە دیداریان هەبێت لەگەڵ تیمی سیناتۆر بۆب کۆرکەر، بۆ گەنگەشەکردنی دۆخی سیاسی و مرۆیی لە سووریا. ئەو سیناتۆرە کۆمارییە سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە و هەمانکات ئەندامی لیژنەی بودجەیە و بەهۆیەوە نووسینگەکە خواستی هەبووە تەمویلی پڕۆژەکانی قۆناغی دوای داعشی لێوە مسۆگەربکات. هەر لەو میانەیەدا نووسینگەکە دیداری هەبووە لەگەڵ چەند فەرمانبەری کۆنگرێس، لە ناویاندا پۆڵ ڕایان وتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ فشارکردن بە دەستەبەرکردنی پشتیوانی بۆ پڕۆژەی کورد لە سوریا.

ئەو ماوەیە جموجووڵێکی چالاکانەی نووسینگەکەی بەخۆوە بینیوە لە واشنتن، زیاتریش سەرنجیان لەسەر لیژنەی هێزە چەکدارەکان بووە لە ئەنجوومەنی پیران، و دیداری هەبووە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی لە کۆماری و دیموکراتەکان.

نووسنیگە کوردییەکەی واشنتن دیداری لەگەڵ هەردوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیران دەیڤد پێردۆ و تیم سکوت لە هەمان لیژنە كردووە. 

ناوی هەرە دیار لەم میانەیەدا سیناتۆری بەهێزی دیموکراتەکان تیم کەین بووە، کە ئەویش ئەندامی لیژنەکانی خزمەتگوزارییە داراییەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوەیە. نووسنیگە کوردییەکەی واشنتن هەروەها دیداری هەبووە لەگەڵ هەردوو ئەندامی ئەنجوومەنی پیران دەیڤد پێردۆ و تیم سکوت لە هەمان لیژنە. هەر ئەو ماوەیە سەرنجێکی زیاتریان خستووەتە سەر لیژنەی کاروباری دەوەرە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کوردەکان دیداریان لەگەڵ هەشت ئەندامی لیژنەکە هەبووە کە نزیکەی بە یەکسانی بەسەر هەردوو پارتەکەی ئەمریکادا دابەش بوون. دیدار هەبووە لەگەڵ هەریەک لە پۆڵ کۆک، براین ماست، سکۆت پێری، براین فیتزپاتریک، ڕون دیسانتس، براد شیرمان، دینا تیتوس و فرانسیس ڕونی لەو لیژنەیەی هێزی شاراوەی لەوەدایە چاودێریی بەشێک لەو هاریکارییە دەرەکییە دارایی و سەربازییەکانی ئەمریکا دەکات.

بە ڕادەیەکی کەمتریش نوسنگە کوردییەکە چاویان لەسەر لیژنەکانی ئاساییش و لەناوبردنی تیرۆر بووە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ، لە تۆمارەکاندا دیدار لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەیان پێکراوە کە هەمانکات ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەشن.

چالاکیی کوردی لە واشنتن تەنیا بە ژوورەکانی کۆنگرێسەوە نەوەستاوە، بەڵکو کشاوە بەرەو گرنگترین ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیاریش لە ئەمریکا، تۆمارەکان ئاماژەیان کردووە بە چەندین دیدار و کۆڕ و کۆڕبەند لە ناوەندگەلی توێژینەوە و هزریی گرنگ، لە لیستی ئەو ناوەندانەدا ئەنستیتۆی واشنتن تایبەت بە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئەنستیتۆی هودسن، ناوەددی پێشکەوتنی ئەمریکی و هی دیکەش هەن.

کورد چالاک بوون لە ڕێکخستنی دیداری ناساندنی پرسی کورد و دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە خۆیانی تێدا نیشتەجێن، لەم دیدارانەدا هانی سیاسەتوانانی ئەمریکایان داوە پێکهاتەی کوردی بپارێزن. هەر لەو چالاکییانەدا پرسەکانی ژنان و ئازادییە ئایینییەکانیش زەقکراونەتەوە. لە ماوەی نزیکەی حەوت مانگدا نووسینگەی سوریای دیموکرات لە واشنتن دوو جار دیداری هەبووە لەگەڵ سام براونباک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەربەستیی ئایینیی نێودەوڵەتی. هەروەها دیداریان هەبووە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێکخراوی بەرگری لە مەسیحییەکان.

لەو ماوەیەدا كوردەكان سەرنجێکی زیاتریان خستووەتە سەر لیژنەی کاروباری دەوەرە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا

هەروەک زیاتر لە دیدارێک ڕێکخراوە لەگەڵ نووسینگە جیاجیاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەناویاندا نووسینگەی لەناوبردنی تیرۆر، نووسینگەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، لەبارەی پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و خێزان لە عەفرین.

گۆڕان لە لۆبیدا

لە ئابی (2018) تاوەکو ناوەڕاستی (2019) فشاری سیاسی لە واشنتن شێوازێکی دیکەی وەرگرت لە ئاراستەی گرنگیپێدانەکانی بە بەرامبەر. بە تایبەت لەوەی پەیوەندی هەیە بە سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکی بەرامبەر سووریا، وەکو بەڵگەنامەکان دەڵێن.

لەم قۆناغەدا دیدارەکان لەگەڵ بڕیار دروستکەرانی کۆنگرێس بووە بە “گفتوگۆکردنی سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا لە بەرامبەر سوریا، بە تایبەت گرووپی توێژینەوە لەبارەی سوریا، هەروا بە تایبەت پشتیوانیی سەربازیی بۆ هێزەکانی هەسەدە”.

لەو مانگانەدا سێ پرس لە تەوەری چالاکییە سیاسییەکانی کورددا بوون. بە تایبەت کە ئاژانسەکانی هەواڵ و پێگە هەواڵییەکان هەندێک هەواڵی دزەپێکراویان بڵاودەکردەوە سەبارەت بە نیازی ئەمریکا بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە سوریا دوای شکستهێنانی داعش، کە سەرەتاکانی بەوە دەرکەوتن هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی جیم ماتیس وەزیری ئەوکاتی بەرگریی ئەمریکا بڵاوبووەوە، بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دۆنالد ترەمپ لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر پرسی سوریا.

لێرەدا نووسینگەی سوریای دیموکرات زنجیرەیەک دیداری هەبووە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا لەم بارەیەوە. نووسینگە کوردییەکە دیداری هەبووە لەگەڵ ویندی پارکەر یاریدەدەری یاسایی وتەبێژی ئەنجوومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی.

بەڵگەکان ئاماژە بە دوو دیداریش دەکەن لەگەڵ سیناتۆری دیموکرات کریس ڤان هۆلین، ئەندامی لیژنەی بودجە و دەرماڵەکان، کۆبوونەوەکەش لەبارەی “کشانەوەی پلان بۆ داڕێژراوی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، پێشنیازی ناوچەی ئارام لەسەر سنووری تورکیا- سوریا، سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا – سوریا، و هاریکارییە مرۆییەکان”.

ئەوەی جێگەی سەرنجدانە دیداری دووبارەی نووسینگە کوردییەکەی واشنتنە لەگەڵ هەریەکە لە سیناتۆری کۆماری مارکۆ ڕۆبیۆ و سیناتۆری دیاری دیموکراتەکان تیم کەین-ە. چونکە یەکەمیان ئەندامی لیژنەگەلی کاریگەرە بە نیسبەت کوردەوە، وەکوو لیژنەکانی هەواڵگری، لەناوبردنی تیرۆر و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی. دووەمیشیان لە سێ لیژنەدایە کە گرنگییان لەوانە کەمتر نییە، کە بریتین لە لیژنەکانی هێزە چەکدارەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بودجە.

ئەوە جگە لە گرنگیدانی تایبەت بە لیژنە داراییە جیاجیاکانی وەکوو بودجە، دەرماڵەکان و خزمەتگوزارییە داراییەکان، کە نووسینگە کوردییەکە پەیوەندیی لەگەڵ ئەندامەکانیان کردووە، لەنێوانیاندا سیناتۆری دیموکرات تۆم یۆدال، هەروەها سیناتۆری کۆماری ڕۆن جۆنسن، کە سەرۆکی لیژنەی ئاساییشی نیشتیمانی و کاروباری حکومییە. مەبەست لەم پەیوەندی بەستنانە بەدەستهێنانی پشتیوانیی دارایی بووە بۆ بونیاتنانی فڕۆکەخانەیەک کە کورد ویستوویانە لە ناوچەکەیان دروستیبکەن؛ دەبێ بڵێێن بەپێی بەڵگەنامەکان یەکێک لە گرنگترین خشتەی کارەکانی نێردە کوردییەکە لە واشنتن ئەوە بووە ڕێگە بە سوپای یەکێتیی دیموکراتیی باکووری سووریا بدرێت فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی دروستبکات.

دیدارگەلی دیکەی کورد ئەوە بووە جەخت بکەنەوە کە کورد جددین لە هەوڵدانیاندا بۆ وەرگرتنی چەکی ئەمریکی، بۆ نموونە لە دیداریاندا لەگەڵ ئادەم شیف کۆنگرێسمانی دیموکرات کە هەمانکات نوێنەری دیموکراتەکانە لە لیژنەی هەواڵگریدا، هەروەها لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران ڕیک سکۆت و جۆنی ئێرنست لەسەر لیستی کۆمارییەکان.

لە کۆتاییشدا، دیداری دووبارەشیان هەبووە لەگەڵ سام براونباک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان تایبەت بە سەربەستیی ئایینیی نێودەوڵەتی، بۆ باس و خواس لەبارەی ئاییندەی مەسیحییەکانی سوریا، کە نووسینگە کوردییەکە کۆڕبەندێکی سازکردبوو لەبارەیەوە لە ئەنستیتۆی ئەمریکیی هۆدسن تایبەت بە توێژینەوە.

هەسەدە لە باری ناکاودا

بە درێژایی ساڵێک لە سەرەتای (2019) تاوەکوو مانگی یەکی (2020) نووسینگەی سووریای دیموکرات گرنگییەکی زۆری داوە بە ناوەندەکانی دروستکردنی ڕای گشتی ئەمریکی و ناوەندەکانی توێژینەوە و ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوە. بە تایبەت لەگەڵ بڕیاری فەرمیی ئەمریکی بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا.

ئەم ماوەیە پەیوەندیگرتنی بەخۆوە دیوە لەگەڵ گرنگترین ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەمریکی، هەروەها پەیوەندیگرتن هەبووە لەگەڵ پەیامنێرانی کۆشکی سپی تایبەت بە کاروباری سووریا، لەناویاندا لارا سلیگمان، پەیامنێری پەنتاگۆن و کاروباری سەربازی لە ڕۆژنامەی “فۆرین پۆڵیسی”، کە ڕووماڵێکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا لەسەر هێزەکانی “قەسەدە” و ڕۆڵیان لە شەڕی داعش، هەروەها ڕووماڵی ڕۆژنامەوانی دژ بە بڕیاری ئەمریکا بە کشانەوە و چۆڵکردنی باکووری سووریا بۆ تورکەکان.

بەڵگەکان ئاماژە بە کۆبوونەوەیەک دەکەن لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پێشهاتەکانی باکووری سووریا و بە تایبەت سزای ئەمریکا بەسەر تورکیادا لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنە سەربازییە تورکییەکە، کۆبوونەوەکە باسی لە دۆخی هێزەکانی “هەسەدە” و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوا کردبوو. وادیارە بابەتی لەناکاوی تورکیا کە کوردی ماندووکردبوو، ناچاری کۆبوونەوەی کردبوون لەگەڵ جێمس جێفری نێردەی ئەمریکا لە تورکیا و شەڕی داعش و کاروباری سوریا، کە لە گرنگترین دیپلۆماتکارەکانە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

نوسینگەکە هەروەها زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەی کردووە لەگەڵ جوین ڕیبۆرن جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نێردەی تایبەتیی ئەمریکا لە سووریا لە تەمووزی ٢٠١٨، کۆبوونەوەکانی نووسینگە کوردییەکە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاتریشیان کردووە لەکاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی قەسەدە.

تۆمارەکان ئاماژە بە چەندین کۆبوونەوە دەکەن لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و لە نووسینگەی جێگری ئەوکاتی سەرۆکی ئەمریکا مایک پینس، هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوە لە نووسینگەی کۆنگرێسمانی دیموکرات ئەلیۆت ئەنجڵ سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ئەندامی لیژنەی وزە و بازرگانی، هەروەها کۆبوونەوە لەگەڵ سیناتۆری کۆماری جەیمس ڕیچ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

بەمشێوەیە نووسینگە کوردییەکە لە واشنتن بێ گوێدانە ماندووبوون و بێئومێدی هەوڵیانداوە هەڵمەتی فشاری سیاسی دروستبکەن بۆ بەرجەستەکردنی بەرژەوەندییەکانی هەسەدە، تێچووی ئەم هەموو هەوڵەیان  لە (250 بۆ 300) هەزار دۆلاری ئەمریکیزیاتر نەبووە. 

نووسینگەکە فشاری سیاسیشی کردووە لەبارەی پشتیوانیی مرۆیی و بەدەستهێنانی تەمویلی ئاوەدانکردنەوەی باکووری سووریا. هەوڵیشی داوە لێدوان بەدەستبهێنێت لە نووسینگەی چاودێریی سامانە بیانییەکان لە ئەمریکا، کە نووسینگەیەکی هەواڵگریی داراییە و تایبەتە بە سزا و جێبەجێکردنی سزادانەوە.

هاوتەریب لەگەڵ فشاری سیاسی لە بابەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و پێشنیازی تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام، هەمیشە ماددەی پڕوپاگەندە بڵاوکراونەتەوە دژی تورکیا و دەستێوەردانی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین