ئێران چه‌كى به‌ ڤه‌نزوێلا و كوبا داوه‌ ئێران

نوچه‌نێت

ئەمریکا داوای لە ڤەنزوێلا و کوبا کردووە ئەو دوو کەشتییەی ئێران کە پێدەچێت چەک و تەقەمەنیی بەرەو کاراکاس دەبه‌ن، بگەڕێننەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆ نیوز" بڵاوی کردەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی جۆ بایدن گوتوویەتی ڕەنگە ئەو کەشتیانە، هەڵگری چەک و ته‌قه‌مه‌نى بن، کە بە پێی ڕێککەوتنی ساڵی ڕابردووی نێوان ئێران و ڤەنزوێلا لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ فرۆشراون. دیار نییە ئەو چەکانە چین بەڵام هاوینی ڕابردوو چەند ڕاپۆرتێک بڵاو بوونەوە کە دەرخەری ئەوە بوون ڤەنزوێلا سەرقاڵی تاوتوێکردنی کڕینی مووشەک، و لەوانە مووشەکی دوورمەودا، لە ئێرانە.  

ئەندامێکی کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئەمریکا گوتوویەتی یەکێک لەو کەشتیانە بە ناوی "مکران" چەندین بەلەمی بچووکی خێرای بار کردووە و ڕەنگە بە ڤەنزوێلا فرۆشرابن. وێنەکانی مانگە دەستکردەکان لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەرخەری ئەوە بوون حه‌وت بەلەمی خێرا لەسەر تەختەبانی کەشتی مکران بوون.

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن بە گۆڤاری پۆلیتیکۆی گووتووە: " ڕادەستکردنی ئەو جۆرە چەکانە کارێکی دنەدەرانەیە و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هاوبەشەکانی ئێمە لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا بە هەژمار دێت. ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشانی خۆمان، ڕێکاری پێویست بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گواستنەوە یان ڕادەستکردنی ئەو جۆرە چەکانە بگرینە بەر".

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتوویانە کۆشکی سپی لە ڕێگای کەناڵە دیپلۆماتیکەکانەوە گوشاریان خستووەتە سەر کاراکاس و هاڤانا بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن ئەو کەشتیانە لە وڵاتەکانیان لەنگەر بخەن.

ئێران و ڤەنزوێلا کە هەر دووکیان لەژێر گەمارۆ توندەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادان، لەم ساڵانەی دواییدا پەرەیان بە پەیوەندییەکانیان داوە و لە بواری پیشەسازیی و وزەدا هاوکاریی هاوبەشیان پێک هێناوە.

دوو بەرپرس کە ئاگاداری ئەو بابەتەن گوتوویانە ئەمریکا لە چەند کەناڵیکەوە پەیامی بۆ بەرپرسانی ڤەنزوێلا ناردووە و هۆشدارییان داوە ئەگەر ئەو کەشتیانە لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە لەنگەر بگرن، ئەگەری کەمبوونەوەی گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاڵ دەبێتەوە.

ئەو کەشتیانە زیاتر لە نیوەی ڕێگایان بۆ گەیشتن بە ڤەنزوێلا بڕیوە. بەرپرسانی ئەمریکیی لە کەنداوی فارسەوە تا کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و پاشان بەرەو باکووری ڕۆژئاوا لەوپەڕی ئوقیانوسی ئەتلەسەوە، جولەی ئەو کەشتیانەیان خستووەتە ژێر چاودێری. ئەو کەشتیانە ئێستا لە ١٥٠٠ کیلۆمەتری کیپ تاون پایتەختی ئەفریقای باشوورین.

ئێران لەم ساڵانەی دواییدا و بە لەبەرچاوگرتنی تێکچوونی ئابووری ڤەنزوێلا، چەندین تانکەر سووتەمەنی بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەو وڵاتە بە هۆی که‌مبوونەوەی سەرچاوەکانی سووتەمەنی، ڕەوانەی ڤەنزوێلا کردبوو و لە بەرانبەردا، کاراکاس پارەی نەختینەی پێویستیی ئێرانی دابین کردووە و یارمەتی ئەو وڵاتەی داوە پەرە بە پەیوەندییەکانی لە ئەمریکای لاتین بدات.

پێشتر لە مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٠دا، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەمریکا لە ئەمریکای ناوەندی و باشووری، سەبارەت بە ئامادەبوونی زیاتری ئێران لە ڤەنزوێلا هۆشداری دابوو و گوتبووی، بە تایبەت ئامادەبوونی ئەندامانی هێزی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران جێگای نیگەرانی زیاترە.  

ئیدارەی ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩دا سوپای پاسدارانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و قاسم سلێمانی، فەرماندەی هێزی قودسی لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە عێراقدا کوشت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین