کوردی سووریا دەترسن ببنە قوربانیی مامەڵەیەکی نێوان بایدن و پوتین! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

چەند سەرچاوەیەکی سیاسی لە واشنتنەوە دەریان خستووە، کە کوردانی هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ترسیان هەیە لەوەی ناچاربکرێن باجی رێککەوتنێکی سیاسی بدەن کە لەنێوان ئەمریکا و رووسیا و تورکیادا گەنگەشە دەکرێ.

ئەم هەواڵە دوای ئەو ئاماژانە دێت کە دەریدەخەن ئیدارەی بایدن ئیدی سیاسەتی (فشار دروستکردن لەسەر دیمەشق) پەیڕەو ناکات و لە هەوڵی رێککەوتنیشدایە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئه‌تۆمى ئەو وڵاتە.

سەرچاوەکان لە واشنتنەوە دەڵێن "کورد وا هەستدەکەن کەوتوونەتە ژێر فشارێکی توند لەنیوان بەرژەوەندییەکانی رووسیا  و تورکیادا، ئەویش لە سەروبەندی بابەتی هاریکارییە مرۆییەکان و دەروازە سنوورییەکان و بڕیاری کۆتاییهێنان بە گرێبەستی وەبەرهێنانی کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە بیرە نەوتییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی کورددان" ئاماژەشیان بەوە کردووە "کەمپەینێکی سیاسی لەم ماوەیەی دواییدا لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سووری سەربە تورکیاوە لە ئارادایە دژ بە کوردی سووریا، هەروەها لە خێڵە عەرەبییەکانیشەوە ئەم کەمپینە هەیە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی خۆسەر ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا".

بیرە نەوتییەکانی سووریا دەدرێتە چەند کۆمپانیایەکی رووسی

 

بەپێی  زانیارییەکان، بەرپرسانی پەیوەندیدار لە ئیدارەی بایدن تایبەت بە کاروباری سووریا "چاویان لە گرێبەستی مامەڵەیەکە لەگەڵ رووسیا ، کە بەپێی ئەوە بەڕێوەبردنی بیرە نەوتییەکانی سووریا دەدرێتە چەند کۆمپانیایەکی رووسی کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی سووریا هەیە، لە بەرامبەردا رووسیا  رێگە نەگرێت بڕیارێکی نێودەوڵەتی دەربچێت بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کراوەیی دەروازە سنوورییەکان بۆ گەیاندنی هاریکارییە مرۆییەکان بە سووریا، کە چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوو لە دانیشتنی تایبەتیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەنگی لەسەر بدرێ، هەروەها هەوڵەکانی رووسیاش لەبەرچاوبگیرێن کە دەیه‌وێت قەرەبووی ئەو خەرجیانەی بکرێتەوە کە لە ٢٠١٥ ەوە و دوای دەستێوەردانی لە سووریا کردوونی".

بەرپرسانی ئەمریکا هەوڵدەدەن رووسیا و چین قایل بکەن مافی ڤیتۆ بەکارنەهێنن دژ بەو بڕیارە چاوەڕوانکراوە و ئاسانکاری بکەن لە دەروازەی سنووریی بابولسەلام، هەروەها دەروازەی ئەلیەعرەبییە لەسەر سنووری عێراق-سووریا.

سەرچاوەکان دەڵێن ئەمریکا فشار لە کوردی سووریا دەکات مامەڵە لەگەڵ رووسیا  بکەن، کوردیش دەڵێن هەوڵەکانیان بۆ مامەڵە لەگەڵ رووسیا  شکستی هێناوە، چونکە رووسیا دەڵێت دەبێت لە رێگەی حکومەتی سووریاوە ئەو مامەڵەیە لەگەڵ رووسیا  بکەن و هەوڵەکەش سەرینەگرتووە بۆ پەیوەندیگرتن لە رێگەی سووریا لەگەڵ رووسیا .

سەرچاوەکان لە ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە دەڵێن ئیدارەی بایدن فشارەکانی لەسەر حکومەتی دیمەشق کەمکردووەتەوە و پێنج مانگیشە هیچ ناوێکی سووریایی زیادنەکردووە بۆ لیستی سزاکانی، لەکاتێکدا وا دانرابوو مانگانە حەوت هەشت ناو بڵاوبکرێنەوە، کە ئەوەش وایکردووە ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکرات دەنگهەڵبڕن و ئیدارەی بایدن تۆمەتبار بکەن بە چاوپۆشی لە رژێمی سووریا و نامەیەکیشیان بۆ وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن ناردووە و داوایان لێکردووە پرۆسەی ئاساییبوونەوە لەگەڵ رژێمی سووریا رابگیرێت.

دەبێ بڵێین بڕیاری بایدن بە کۆتاییهێنانی بە گرێبەستی وەبەرهێنانی کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە کێڵگە نەوتییەکانی سووریا، کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و ئیستاش کاردانەوەکان بەردەوامن، بە تایبەت لەلایەن کۆمارییەکانەوە.

بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ دەیانەوێت ترس و نیگەرانییەکانی پەیوەست بە لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە زەق بکەنەوە لەسەر ئەو ناوچانەی لەژێردەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دان، بە تایبەت هاوکات لەگەڵ بڕیاری کەمکردنەوەی بودجەی بەخشراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ هەسەدە.

ئەو ناوەندانە ئاماژە بەوە دەکەن کە کەمکردنەوەی بودجەی بەخشراو بە هەسەدە، بە رەزامەندی چەند ئەندامێکی کۆنگرێس  بووە کە فشاریان دەکرد ئەو کەمکردنەوەیە ئەنجامبدرێت، و لە هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەوە بوون.
بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ، ئیدارەی بایدن تۆمەتبار دەکەن کە "دەیەوێت فشار بخاتە سەر کورد بۆ ئەوەی هاوکاریی رووسیا و حکومەتی سووریا بکەن، و گەرەنتیش بداتە تورکیا سەبارەت بە ئاییندەی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی کورددان، ئەویش لە چوارچێوەی مامەڵەیەکی دیکەدا لەگەڵ تورکیا، کاتێک دووشەممەی داهاتوو بایدن لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە لە چوارچیوەی کارەکانی لووتکەی ناتۆ لە برۆکسل، هەروەها لەکاتی کۆبوونەوەی بایدن لەگەڵ سەرۆکی رووسیا  لە جنێڤ لە ١٦ی ئەم مانگە".

ئەوەش دەوترێت نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس، کە لە ماوەی نێوان ٢ و ٤ی ئام مانگە سەردانی تورکیای کردووە، لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەم دۆسیەیەی باسکردووە، بە تایبەت کە بەیاننامەی فەرمیی سەردانەکەی بە روونی ئاماژەی کردبوو بەوەی کە "تورکیا هاوپەیمانمانە لە ناتۆ بە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جیهانییەکان و رۆڵی یەکلاکەرەوەی هه‌یه‌ لە ئاسانکاریى بۆ گواستنەوەی هاریکارییە مرۆییەکان لە رێگەی سنوورەکەیەوە لەگەڵ سووریا".
لە بەرامبەردا چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکەن کە "جووڵاندنی دۆسیەی نەوت و هاریکارییە مرۆییەکان لەلایەن کۆمارییەکانەوە، ئەو مامەڵانە دەشارێتەوە کە لە گۆڕێ بوون لە نێوان ئەو کۆمپانیا ئەمریکییەی وەبەرهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی سووریای گرتبووە ئەستۆ و چەند ناوەندێکی سیاسی لە ئیدارەی سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ".

سه‌رچاوه‌ : شه‌رق ئه‌وسه‌ت

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین