ریفۆرمخوازانی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی لە عەبدولناسر هێمەتی ناكه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

بەرەی ریفۆرمخوازانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەیەکی درێژخایەن، نەیتوانی سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە عەبدولناسر هێمەتی، یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە، بگاتە کۆدەنگی و بڕیارى پاڵپشتیكردنى بده‌ن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "رادیۆ فەردا"، کۆبوونه‌وه‌ى گشتیی بەرەی ریفۆرمخوازانی ئێران، شەوی دووشەممە 14ى حوزه‌یران، دوای ئەوە بەڕێوەچوو کە مەهدی کەڕووبی داوای لە ریفۆرمخوازان کرد بچنە ناو شانۆی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی لە کاندیدێک بکەن کە شیاوترینە.

کەڕووبی کە زیاتر لە 10 ساڵە لەماڵەوە دەستبەسەرە، لە پەیامەکەی خۆیدا وێرای ئاماژەکردن بە رەتکردنەوەی کاندیدەکان لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە گوتبووی "ئەوان بەو پیلانگێڕییە هەوڵ دەدەن لانیکەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن بۆ ئەوەی لە رۆژی ١٩ی حوزەیران [رۆژێک دوای هەڵبژاردنەکان] جه‌ژنی لەناوچوونی کۆمارییەت بگێڕن".

بەڵام ئەنجامی دەنگدانەکەی کۆڕی گشتیی بەرەی ریفۆرمخوازان دەرخەری ئەوەیە هێمەتی نەیتوانیوە دەنگی پێویست بە دەست بهێنێت بۆئەوەی ببێتە کاندیدی ریفۆرمخوازەکان. بەگوێرەی راپۆرتەکان لە ٤٦ ئەندامی کۆڕی گشتیی بەرەی ریفۆرمخوازان، ٢٣ ئەندام دەنگیان بەوە دا کە پشتیوانی لە عەبدولناسر هێمەتی بکەن، ئەوە لە کاتێکدایە بۆ پشتیوانیکردن لەو کاندیدە دوو لەسەر سێی دەنگەکان، واتە نزیکەی ٣١ دەنگ پێویست بوون.

بەرەی ریفۆرمخوازان پێشتریش رایگەیاندبوو، لەم خولەی هەڵبژاردنەکاندا کاندیدێکیان نابێت و بۆیە ئەنجامی دەنگدانەکەی درەنگانی شەوی دووشەمە نەبووە هۆی گۆڕانکاریی لە هەڵوێستی ئەو بەرەیەدا.

لە رۆژانی رابردوودا میر حسێن موسەوی، یەکێک لە رابەرانی بزووتنەوەی سەوز کە ئەویش وەک کەڕووبی زیاتر لە 10 ساڵە لە ماڵەوە دەستبەسەر کراوە، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی به‌ "پڕ لە سووکایەتی" وەسف کرد و رایگەیاند پشتیوانی ئەو کەسانە دەکات کە بە هۆی ئەو هەڵبژاردنە کارتۆنیانە تەنگیان پێهەڵچنراوە.

ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور لەم خولەی هەڵبژاردنەکاندا جگە لە جێبەجێکردنی روانگەی هەمیشەیی خۆی و رەتکردنەوەی رەخنەگران و نەیارانی دەسەڵات، هەموو کاندیدە ناسراوەکانی بەرەی ریفۆرمخوازان، لەوانە ئیسحاق جەهانگیری، جێگری ئێستای سەرۆک کۆمار، مەسعوود پزشکیان، جێگری پێشووی پەرلەمان و موحسین هاشمی، سەرۆکی ئەنجومەنی شاری تارانی، رەت کردەوە.

لەناو بەرەی موحافیزەکاریشدا رەتکردنەوەی عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، بووە هۆی سەرسووڕمانی زۆربەی شرۆڤەکاران.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین