وەزیرێكى نوێى ئیسرائیل: له‌ دژى ئێران هه‌مان هه‌ڵوێستى پێشوومان ده‌بێت ئێران

نوچه‌نێت

كابینه‌ى نوێى ئیسرائیل له‌به‌رانبه‌ر ئێران دووپات له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى نه‌تانیاهۆى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو ده‌كاته‌وه‌ و ئێرانیش ده‌ڵێ، "چاوه‌ڕوانى گۆڕانكاریى له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل ناكه‌ین".

رۆژی دووشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بە گەڕانەوە بۆ راپۆرتێکی "ئیسرائیل هیوم" بڵاوی کردەوە، یائییر لاپید وەزیری نوێی دەرەوەی ئیسرائیل  لە مەراسیمى ده‌ستبه‌كاربوونى گوتوویه‌تى، "ئیسرائیل بێ وچان هەوڵ دەدات لەوە دڵنیا بێتەوە کە سه‌ره‌ڕۆییه‌ ئەتۆمییەکانی ئێران ئاکامێکیان نابێت".

یائیر لاپید کە بە پێی رێککەوتن لەگەڵ نەفتالی بنت، دوو ساڵی تر دەبێتە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی، هەڵوێستەکەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی دووپات ده‌كاته‌وه‌، سەبارەت بە کەمکردنەوەی گوشارەکانیش لەسەر ئێران هۆشداری دا.

لاپید رۆژی یەکشەممە و چەند کاتژمێر دوای مەراسیمی سوێندخواردنەکەی، لە میانەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئیمانویل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، باسی لە نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بەو پرسە کرد.

بە گوتەی یائیر لاپید، رێککەوتن لەگەڵ ئێران "مامەڵەیەکی خراپە"، بۆیە لەگەڵ نەفتالی بنت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئه‌و رێککەوتنە هاوکاریی دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە فەرمانبەرانی وەزارەته‌كه‌ى گوت، "ئیسرائیل لە هەموو بژاردەکانی بەردەست بە مەبەستی رێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کەڵک وەردەگرێت".

ئێران دەربارەی گۆڕانی حکومەتی ئیسرائیل و دەسەڵاتگرتنی نەفتالی بنت کاردانەوەی هەبووە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا"، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە ١٤ی حوزەیران گوتی، "چاوەڕوان ناکرێت سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە پرسی ئاسایش لە کابینەی نوێی ئەو وڵاتەدا بگۆڕدرێن".

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین