یه‌كه‌م په‌یامى ره‌ئیسى به‌ دڵى عێراق نییه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى باس له‌ كاریگه‌رى سیاسه‌تى ئیبراهیم ره‌ئیسى سه‌رۆكى نوێى ئێران له‌سه‌ر عێراق ده‌كات و ده‌ڵێ، "یه‌كه‌م په‌یامى ره‌ئیسى بۆ عێراق مایه‌ى ئاسووده‌یى نییه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ى حوزه‌یران ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ كاریگه‌ریى سه‌ركه‌وتنى ئیبراهیم ره‌ئیسى بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئێران، به‌سه‌ر عێراق ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ  یه‌كه‌م په‌یام ده‌كات كه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌، ره‌ئیسى دوو رۆژ دواى سه‌ركه‌وتنى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌.

سكاى نیوز ده‌ڵێ، "ره‌ئیسى ناوى عێراقى نه‌هێناوه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌، كه‌ بۆ عێراقییه‌كان مایه‌ى ئاسووده‌یى نییه‌".


ره‌ئیسى ده‌ڵێ، "به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر رێبازى خومه‌ینى و له‌سه‌ر رێگه‌ى قاسم سلێمانى ده‌ڕۆین" سكاى نیوز سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ ده‌دات و ده‌ڵێ، "ئه‌و رسته‌یه‌ و چه‌ندانى تر واتاى به‌رده‌وامبوونى ده‌ستوه‌ردانى ئێرانه‌ له‌ عێراق كه‌ سوپاى پاسداران به‌ڕێوه‌ى ده‌بات و هه‌ر ئه‌ویش میلیشیاكانى له‌ ناوچه‌كه‌ دروست كردووه‌".

هه‌روه‌ها ره‌ئیسى دووپاتیشى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سازش له‌ سیاسه‌تى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ ناكات.

یاسین ته‌ها چاودێرى سیاسى عێراق له‌ لێدوانێكدا ده‌ڵێ، "ره‌ئیسى كۆپییه‌كى بچووككراوه‌ى خامنه‌ییه‌ و پیاوى ئایینیه‌ و نازناوى ئایه‌توڵاى هه‌ڵگرتووه‌، له‌سه‌ر رێبازى شۆڕشى ئێران ده‌ڕوات، بۆیه‌ گۆڕانكارییه‌كى ئه‌وتۆ له‌ سیاسه‌ته‌كه‌ى روونادات".

ئه‌حمه‌د یاسرى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى عه‌ره‌بى- ئوسترالى، له‌ لێدوانێكى بۆ سكاى نیوز ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات سه‌ركه‌وتنى ره‌ئیسى به‌ شێوه‌یه‌كى نه‌رێنى كاریگه‌رى له‌سه‌ر بارودۆخى عێراق ده‌بێت، چونكه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنى ره‌ئیسى پۆستى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار راسته‌وخۆ بۆ سوپاى پاسداران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌مه‌یش ماناى ئه‌وه‌یه‌ رۆڵێكى گه‌وره‌تریان له‌ عێراق ده‌بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین