ئیسرائیل: سه‌رۆكایه‌تى ره‌ئیسى بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى مایه‌ى نیگه‌رانییه‌ ئێران

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا ئەو میلیشیا ئیسلامگەرانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، پیرۆزبایی سەرکەوتنی رەئیسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییان کردووە، ئیسرائیل دەڵێت دەسەڵاتگرتنی رەئیسی مایەی نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رەئیسی بە "قەسابی تاران" وەسف کردووە و گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەیش وەک "توندڕۆترین سەرۆک کۆماری" مێژووێ ئێران ناوی بردووە.

لیور هایات گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئیسرائیل گوتوویەتی، "رەئیسی بەرەو پەرەپێدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەنگاو دەنێت".

لە بەرانبەردا، حەسەن نەسرۆڵا، سکرتێری گشتیی حزبوڵای لوبنان، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ رەئیسی، سەرکەوتنی ئەوی بە "زیندووبوونەوەی هیواکانی گەلی ئێران و گەلانی ناوچە" وەسف کردووە و گوتوویەتی وەک "پاڵپشتێکی بەهێز لەدژی ستەمکاران" سەیری رەئیسی دەکات.

ئیبراهیم رەئیسی لە هەڵبژاردنێکدا سەرکەوت کە کەمترین رێژەی بەشداریکردنی تێدا تۆمار کرا و بەهۆی رەتکردنەوەی رکابەرە سەرەکییەکان، دەنگە سپییەکان پلەی دووەمیان بە دەست هێنا.

رابەرانی وڵاتانی دراوسێ و هەندێ لە هاوپەیمانانی ئێران، و لەوانە ڤەنزوێلا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی رەئیسییان کردووە و چەند وڵاتێکیش و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە رەئیسی راستەوخۆ دەستی لە رەشکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨دا هەبووە، نیگەرانی خۆیان لە هەڵبژاردنی دەربڕیوە.

یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە تویتەردا نووسیویەتی: "سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، کە بە قەسابی تاران بەناوبانگە، کەسایەتییەکی توندڕۆیە کە دەستی لە کوشتنی هەزاران هاووڵاتی ئێراندا هەبووە. رەئیسی به‌ سه‌ره‌ڕۆ ئەتۆمییەکانی ئەو رێژیمە و درێژەدان بە هەڵمەتی تیرۆر لە جیهاندا پابەندە".

لەبەرانبەردا حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس، کە دەسەڵاتی غەزەی بەدەستەوەیە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسی لە "پرۆسەی دیموکراتیک"دا کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.

هەروەها یوسف حسێنیە، گوتەبێژی رێکخراوی جیهادی ئیسلامیی لە غەزە گوتوویەتی گەلی ئێران بە دەنگدان بە رەئیسی "جارێکی تر بەڵێنی خۆیان بۆ شۆڕش و سیستەمە سیاسییەکەیان دووپات کردەوە".

ئیبراهیم رەئیسی پێشتر رەخنەگری سیاسەتی دەرەوەی حەسەن رۆحانی بوو، بەڵام لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بە بادانەوەیەک، بەرگری لە رێککەوتنی ئەتۆمی کرد. رەئیسی ساڵی رابردوو لە پەیامێکدا بە بۆنەی پاڵپشتیکردن لە فەلەستین باسی لە پێویستی "لەناوبردنی رژیمی ئیسرائیل" کرد. پێش رەئیسی، سەرۆک کۆمارە پێشووەکانی ئێرانیش هەڵوێستی توندیان لە بەرانبەر ئیسرائیلدا نواندووە.

 

 


 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین