کۆریدۆری باکوور -باشوور، پرۆژەیەک دژی کەناڵی سوێس شیکاری ئابوری
ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا، ئێران و هیندستان لە ساڵی 2002، بووە هۆی دروستکردنی ڕێڕەوەێکی جێگرەوە بۆ کەناڵی سوێس و کەمکردنەوەی تێچووەکانی گواستنەوە بە ڕێژەی ٪60 . جگە لەوەی کاتی گواستنەوەی نێوان وڵاتان بۆ کەمتر لە 20 ڕۆژ کورتدەکاتەوە.

نوچەنێت

 پەککەوتنی کەشتییەکی بارهەڵگر بە ناوی (Ever Given)، لە کەناڵی سوێس لە ئاداری 2021ـــدا، بووە هۆی پلاندان بۆ بەرکاربردنی چەندین ڕێگای جێگرەوە و ڕزگارکردنی بازاڕە جیهانییەکان لە مەترسییەکانی داخستنی کەناڵی سوێس، ئەمەیش دەرەفەتێکی گونجاو بوو بۆ وڵاتی ئێران بۆ دووبارە زیندوو کردنەوەی پرۆژەی کۆریدۆری باکوور - باشوور ( The International North-South Transportation Corridor) ناسراو بە INSTC.

لەهەفتەی یەکەمی داخستنی کەناڵی سوێس زیانی 30 ملیار دۆلاری بە بازرگانی گشتی گەیاند، لەوکاتەدا لە ڕێگەی میدیا جیهانییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە، ڕێگای جێگرەوە پێشنیار کران. بە نموونە: ڕێگەی عەقەبە  وەک جێگرەوەیەک بۆ کەناڵی سوێس، پێشنیار کرا، بەڵام ئاستەنگە سیاسی، ئەمنی و جیۆستراتیژییەکان لە بەردەم   ئەو ڕێگەیە هۆکار بوون لە نەبوونی دڵنیایی بۆ ڕێگای عەقەبە، هەروەها ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران IRNA، لە رێککەوتی 29/4/2021 لە ڕاپۆرتێکیدا، پێشنیاری وڵاتی ئێرانــــی بۆ بەکارهێنانی کۆریدۆری INSTC بڵاو کردەوە، و لەو بارەیەوە  باڵیۆزی ئێران لە ڕووسیا ( کازم جەلالی) بە ماڵپەری ڤیدۆمستی ڕووسیای ڕاگەیاند"  بۆ بەیەکبەستنەوەی ڕێرەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک و  بازاڕەکانی ئەورووپا، کۆریدۆری باکوور - باشوور باشترین بژاردەیە لە بەردەم ئێمە، چونکە بە کاتێکی کەم و تێچوویەکەی کەمتر لە کەناڵی سوێس ئەو کارە ئەنجامدەدەین".

هەروەها وتیشی “ گرنگیە جیۆستراتیژی و جیۆ ئابوورییەکانی پێگە و جوگرافیای ئێران، وڵاتەکەمانی کردووە بە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی جیهانی، چونکە ئێران وڵاتێکە لە ڕێگەی هێڵی ئاسنی و ڕێگای دەریایی دەتوانێت دەریای فارس، دەریای عەمان، دەریای خەلیج و مەکران  بە دەریای قەزوێن ببەستێتەوە و لەوێشەوە بگەیەن بە بازاڕەکانی ئەورووپا."

 گرنگیەکانی پرۆژەی کۆریدۆری باكوور باشوور 

ڕووسیا، ئێران وهیندستان لە 16/5/2002، ڕێککەوتنێکی هاوبەشیان بۆ پرۆژەی کۆریدۆری NorthSouth Transport Corridorـــیان واژوو کرد، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا هەریەکە لە وڵاتانی (ئازەربایجان، ئەرمینیا، بیلا ڕووسیا، کازاخستان، قیرغستان، تاجیکستان، تورکیا، ئۆکڕانیا، عەمان و سووریا) بەشداربوونی خۆیان بۆ پرۆژەکە دووپاتکردەوە و بوو بە پرۆژەیەکی ناودەوڵەتی و ناونرا بە پرۆژەی ( The International North-South Transportation Corridor).

ئامانجی سەرەکی لە ئەو پرۆژەیە، بەهێزکردن و پەرەپێدانی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی کاڵا و وزەی جیهانییە بۆ بازاڕەکان لە ڕێگەی دەریای فارسی و کەنداو، دواتر بۆ ڕووسیا و بەستنەوەی بە وڵاتە سەربەخۆییەکانی ئەورووپا.

پرۆژەی  کۆریدۆری باکوور - باشوور، پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە چونکە، ئێران لە سەنتەری پڕۆژەکە دایە و چەندین ڕێرەو بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لەوانە:

  • لە ڕۆژهەڵاتەوە ئێران بە پاکستان و ئەفگانستان دەبەستێتەوە، بۆ جێگرتنەوەی ڕێگەی بەندەری گەودەهاری پاکستانی.
  • لە باکوورەوە ئێران بە تورکمەنستان، ئەرمینیا و ئازەربایجان دەبەستێتەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وشکانی ڕزگاریان ببێت.
  • لە ڕۆژئاوائەوە ئێران بە عێراق و تورکیا دەبستێتەوە.
  • پێگەی ستراتیژی ئێران، وڵاتەکە دەکات بە پردی بەیەکبەستنەوەی باکوور و باشوور.
  • ئێران هەریەکە لە زەریای هیندی و وڵاتە بێ دەریاییەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

لە پرۆژەی کۆریدۆری باکوور - باشوور، دوو رێگای سەرەکی هەن، کە کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت، ئەوانیش:

ڕێگەی یەکەم: هێلی بەیەکبەستنەوەی هیندستان بە ئازەربایجان لە ڕێگەی ئێرانەوە، ئەمەیش لە ڕێگەی بۆمبای و بەندەری عەباسەوە دەبێت(ڕێگەی دەریایی)، لەو ڕێگەیەشەوە ڕێڕەوەی بەندەر عەباس بە سنووری دەریایی ئێران، ئازەربایجان  و دەریای قەزوین بەیەکەوە دەبستێتەوە(ڕێگەی وشکانی).

ڕێگەی دووەم: هێلی بەیەکبەستنەوەی هیندستان، ڕووسیا ئێران، ئەم ڕێگەیە لە ڕێڕەوی دەریایی و وشکانی (بەندەر عەباس)، هەروەها لکاندنی بەندەر عەباس بە ئەمیر ئاباد (ڕێگەی وشکانی)، لە کۆتایشدا ئەمیر ئاباد و ئەستەرخان (ڕێگەی دەریایی) دەستپیدەکات و سێ وڵاتی سەرەکی پرۆژەی کۆریدۆری باکوور - باشوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە وێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا دەبێت.

ڕێگەی INSTC، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووەکان بە رێژەی ٪30 بۆ ٪60ـــی کۆی تێچووەکان بەراورد بە کەناڵی سوێس، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاتی گواستنەوە لە 40 ڕۆژ بۆ 20 ڕۆژ، لە نێوان سنوورەکانی ڕووسیا و هیندستان. گرنگی ئەو ڕێڕەوە بۆ وڵاتانی بەشدار بوو، بووە هۆی تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر  بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە. وڵاتی هیندستان تا وەکو ئێستا بڕی 2.1 ملیار دۆلاری بۆ پرۆژەکە تەرخانکردووە، بە جۆرێک بڕی 500 ملیۆن دۆلار بۆ تەواوکردنی هێڵی بەندەری  گەودەهاری، هەروەها 1.6 ملیار دۆلاری تر بۆ بونیاتنانی ڕێڕەوەی ئاسنی بەندەری زاهیدان، باشووری ڕۆژهەڵاتی هاجیهاک و ئەفگانستان تەرخانکردووە.

 

 پەرەپێدانی وڵاتانی بەشدرابوو و تەرخانکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی، ئەگەرەکانی بۆ جێگرتنەوەی پرۆژەکە بۆ کەناڵی سوێس خێراتر دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی ڕووسیا و هیندستان و هەروەها ڕووسیا و ئێرن لە کۆربەندیEAEU، ڕێککەوتنی ستراتیژیان واژوو کرد.

جگە لەو ڕێگایانەی کە باسکران، شرۆڤەکاران پێشبینیی دەکەن کە لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە ببێتە پردێک بۆ بەستنەوەی سنوورەکانی هیندستان بە رۆژئاوای ئەورووپا،  بەتایبەت بەستنەوەی ڕێڕەوەکانی دەریای قەزوین بە ئێران، بەڵام ئەو پرۆژەیە تێچووەکەی بە 7 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بۆیە تاوەکو نوسیینی ئم ڕاپۆرتە جێگەی گفتوگۆ و دانووستانە.

ئەگەر بێت و ئەو پرۆژەیە بە تەواوی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا کۆی دیدگایەکانی جیهان لە هەمبەر سیاسەتی ئێران لەگەڵ وڵاتان بگۆڕێت، چونکە دەبێتە هۆی بەیەکبەستنەوەی سنوورەکانی دەریای قەزوین بە سنوورە ئاوییە جیهانییەکان و ڕێگایەکی تری جێگرەوەی کەناڵی سوێس دروست دەبێت و هاوکێشە جیهانییەکان دەگۆردرێن.

 

 


 

 

 

.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین