پلانی سەرۆکی تازەی ئێران لە کەرتی وزەدا شیکاری ئابوری
راوژێکاری باڵای سەرۆکی تازەی ئێران، سیاسەتی ئیبراهیم رەئیسی لە بارەی وزەی ئێران دەخاتەڕوو، پیشبینی ناکات ئێران ڕێژەی بەرهەمهێنانی وزەی وڵاتەکەی زیاد بکات، تەنانەت ئەگەر سزاییە ئابووریەکانیش لەسەر ئەو وڵاتە هەڵبگیرێن.

نوچەنێت

دەستبەکاربوونی سەرۆکی تازەی ئێران، دوای بەدەستهێنانی رێژەی ٪62ـــی دەنگەکان، جوڵەیەکی تازەی خستۆتە بازاڕەکانی جیهان، بە تایبەت بازاڕەکانی نەوت. هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی دەستەڵاتی سەرۆک کۆماری ئێران، چەندین پرس لە بەردەم ئیبراهمی رەئییسی هەن، کە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییان لەسەر بازاڕە جیهانییەکان ببێت، لەوانە: پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و داهاتووی نەوتی ئێران، چونکە هەریەکێک لەو پرسانە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر داهاتووی ئابووری ئێران دەبێت.

ناوەندی S&P Global Platts بۆ خستنەڕووی سیاسەتی سەرۆکی تازەی ئێران لە بواری وزەدا،  دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ گەورە راوژێکاری ئیبراهم رەئییسی، (عەلی رەزا زەعیفی) ئەنجامداوە، ناوبراو پێشتر وەک جێگری وەزیری نەوتی ئێران کاری کردووە و کارەکانی تایبەت بوون بە پرسەکانی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کێلگە نەوتییەکان.

سیاسەتی وزەی ئیبراهم رەئییسی

کەسە نزیکەکانی ئیبراهی رەئییسی ئاشکرایان کرد،  پلانی سەرەکی سەرۆکی تازەی ئێران، گرنگیدانە بە پەرەپێدانی کەرتی پترۆکیمیاویات، پێچەوانەی سیاسەتی روحانی کە گرنگی زیاتری بە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەدا، ئەمەیش بووە هۆی سەپاندنی سزاییە ئابووریەکان بەسەر کەرتی وزەی ئێران لە لایان وڵاتانی ڕۆژئاوایــــەوە.

هەروەها لە وەڵامی پرسیاری تایبەت بە زیادکردنی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران، و ئەو گۆرانکارییانەی کە بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئێران ڕوودەدەن،  عەلی رەزا زەعیفی وتی" پێویستە دەست لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت هەڵبگرین و گرنگی زیاتر بە بەرهەمە پترۆکیمیاویەکان بدەین". دووپاتیکردە و رایگەیاند" ئێران رۆژانە توانایی هەیە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، و ئاستی بەکاربردنی ناوخۆیی بۆ جۆرەکانی وزە بە تایبەت بەرهەمە پترۆکیمیاوییەکان نزیکەی 1.7 ملیۆن بۆ 1.8 ملیۆن بەرمیلە، هەروەها پاڵاوگەی Persian Gulf Star توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بۆیە پێوسیتمان بە بەرهەمهێنانی زیاتر نیە، چونکە ئێمە زیادەی بەرهەمهێنانمان زێدە ترە لە ئاستی بەکاربردن.

بە بڕوای عەلی رەزا زەعیفی، ئەگەر ئێران تیشک بخاتە  سەر پرۆسەی پترۆکیمیاویات، لە داهاتوودا حکوومەتی ئێران دەتوانێت بگاتەوە بە نرخی وزەی جاران، جگە لەوەی خواستی ناوخۆیی بە شێوازێکی گونجاو پڕ دەکاتەوە، دەتوانێت ڕێژەیەکی زیاتری ئەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوەی سنوورەکان بکات، چونکە نرخی بەرهەمە پترۆکیمیاوییەکان زێدەترە لە نرخی نەوت.

لەو بارەیەوە راوێژکارە باڵایەکەی سەرۆکی تازەی ئێران وتی" سزاییە ئابووریەکان بوونە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی ئێران، بەو هۆیەشەوە بەشێک لە کێڵگە نەوتەکان لە کارکردن وەستان، بۆی پێویستە بە تێچوویەکی کەم دووبارە دەستبکەینەوە بە پەرەپێدانی ئەو کێڵگە لە کار کەوتووانە، بۆ ئەوەی بتوانین 4 ملیۆن بەرمیلی جاران بەرهەم بهێنینەوە".

زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت

لە وەڵامی پرسیاری خواستی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ 6.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، عەلی رەزا زەعیفی وتی" من وەک شارەزایەک نەک بەرپرسێک، پێمواییە ، ئیدارەی ئەمجارەی کۆماری ئێران بە وردی ئەو پرسە تاوتوێ دەکات، چونکە وڵاتی ئێران پێویستی بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی نییە".

عەلی رەزا زەعیفی پێیوایە کارێکی هێندە ئاسان نیە بەرهەمهێنان زیاد بکەین، چونکە وڵاتی ئێران پێویستی بە پەرەپێدان بە ژێرخانی بیرە نەوتییەکانی هەیە و وتی" چەندین بیرە نەوتی ئێران هەن، تەمەنیان زیاتر لە 50ساڵە، هەروەها 100 ناوچەی نەوتی ئێران، پێویستی بە دووبارە بوژانەوە وگرنگیدان وبەکاربردنی تەکنەلۆژیای تازە هەیە، بۆیە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کارە پێشنییەکانی سەرۆک کۆماری تازە نابێت".

هەروەها لە بارەی کاریگەری سزاییە ئابووریەکان بۆ  ئاستی بەرهەمهێنان و زیادکردنی بەرهەمی نەوتی ئێران وتی" لە جەنگی 8 ساڵەی عێراق و ئێران، وێرای رووداوە جەنگیەکان و تەقاندنەوەی بیرە نەوتییەکان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە نێوان 1.5 بۆ 1.7 ملیۆن بەرمیل بوو، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت، ئێران بێ ئەوەی پشت بە هاوکاری دەرەکی ببەستێت، لە توانایدایە، تەکنەلۆژیای گونجا و سەردەم بۆ پەرەپێدانی کێلگە نەوتیەکانی بەکار بهێنێت".

عەلی رەزا زەعیفی درێژەی بە قسەکانی دەدات ئاشکرای دەکات، کە وڵاتی ئێران خاوەن وەبەرهێنەرو شارەزا و وڵاتی هاوبەشی خۆیەتی، بێ ئەوەی پشت بە سیستەم و تەکنەلۆژیای وڵاتانی بیانی ببەستین، بەڵام سەرەرای ئەوە، وڵاتی ئێران لە رێگەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی لە گەڵ وڵاتی چین، توانیویەتی پەرە بە کەرتی وزەی وڵاتەکەی بدات، بێ ئەوەی ئێران ناچار بکات بە وازهێنان لە سیسەتی بەرهەمهێنانی خۆی. هەروەها زەعیفی وتیشی" لە ئێستادا ئێران توانای گەڕان و بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کەرتی وزەی وڵاتەکەی هەیە، بێ ئەوەی پشت بە لایەنی دەرکی ببەستێت، چونکە ڕێژەی ٪70 بۆ ٪80ـــی ئەو پرۆسانەی باسکران، ئێران پشت بە پیشەسازی ناوخۆیی دەبەستێت"

رۆڵی کۆمپانیاییە ناودەوڵەتییەکان لە کەرتی وزەی ئێرانـــــدا

راوێژکاری سەرۆکی تازەی ئێران لە بارەی رۆڵی کۆمپانیاییە بیانی و ناودەوڵەتیەکان بە ناوەندی S&P Global Plattsـــی راگەیاند" پرۆژەکانی نەوت وگازی ئێران پێویستیان بە پارەدارکردنی  3 بۆ 4 ساڵی هەیە، ئەمەیش وایکردووە، وڵاتە بیانییەکان خواستی کارکردنیان لە کێلگەنەوتیەکانی ئێران بەردەوام لە زیادبووندا بێت، هەروەها رێککەوتنی هاوبەشی  ئێران  و چین کە گوژمەکەی 250 ملیار دۆلارە، بەشێکی گرنگی پێوەستە بە کەرتی وزەی ئێرانەوە".

عەلی رەزا زەعیفی ئامۆژگاری ئاراستەی کۆمپانییە ئەورووپاییەکان دەکات و دەڵێت" پێویستە کۆمپانیاییە ئەورووپیەکان دوای سیاسەتەکانی ئەمریکا نەکەون، چونکە لە کۆتاییدا ناچاری مامەڵەکردن لە گەڵ ئێران دەبنەوە، وەک ئەوەی لە کارکردنی کۆمپانیایی تۆتاڵی فەرەنسی ڕوویدا. 

زەعیفی لە بارەی کارکردنی کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسیەوە رایگەیاند" تۆتاڵی فەرەنسی بۆ کارکردن لە کێلگە نەوتیەکانی ئێران، دوای سزاییەکانی ئەمریکا دووبارە گەڕایەوە بۆ کارەکانی لە ئێران، بەڵام دوای ماوەیەک لە پارەدارکردنی پرۆژەکان، بۆ ماوەی 2 بۆ 3 ساڵ کارکردنی لە ئێران وەستاند، بۆیە پێویستە وڵاتانی ئەورووپی لەوە تێگەیشتبن کە ئێران خاوەن ئەزموون و پسپۆری تایبەت بە خۆیەتی لە کەرتی وزە و پەرەپێدان لە پرۆژەکانیدا.

هەروەها عەلی رەزا زەعیفی وتی" وڵاتی وەک ڕووسیا و چین هەن، کە ئامادەی تەواویان هەیە بۆ ئەوەی کار لە پرۆژە و کێلگەکانی ئێران بکەن، بۆیە ئێمە بۆ دووبارە کارکردنەوەی کۆمپانیایی تۆتاڵ لە کێلگە نەوتیەکانی ئێران دوای هەڵگرتنی سزاییەکان،  بۆ بریاری سەرۆک ئیبراهیم رەئیسی جێدەهێڵین، بۆ ئەوەی دەرگای  کەرت نەوتی ئێران بۆ دووبارە کارکردنی کۆمپانیاییە جیهانیەکان بکاتەوە".

 بەڵام بە بڕوای کەسێنی خۆی، عەلی رەزا زەعیفی پێیوایە، کۆمپانییە بیانییەکان نەگەڕێنەوە بۆ کەرتی وزەی ئێران، چونکە ئەوان جێگەی متمانە نین و هۆاری بەسێکی زۆری کێشەکانن.

ئەم لێدوانەی راوژێکاری سەرۆکی تازەی ئێران لە کاتێکدایە، دوای دانووستانە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنامەی ئەتۆمی، چەندین شرۆڤەی جودای بە دوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت لە زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ءئێران لە بازاڕە جیهانییەکان و گۆڕان لە نرخی وزەدا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین