کاردانەوەی بەرپرسانى ئێران بەرانبەر سەرکەوتنی رەئیسی ئێران

نوچه‌نێت

بەگوێرەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی، ئیبراهیم رەئیسی بە بەدەستهێنانی نزیکەی ١٨ ملیۆن دەنگ، سێ رکابەرەکەی خۆی، واتە عەبدولناسر هێمەتی، موحسین رەزایی و ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی به‌ شکست دا و وەک هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران دیاری کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، راگەیاندنی هەواڵی سەرکەوتنی رەئیسی لە هەڵبژاردنەکان لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا ئامارەکان دەرخەری ئەوە بوون کە هاووڵاتییانی ئێران نایانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن و باسی بایکۆتیان دەکرد.

رۆژی هەینی ١٨ی حوزەیران، لە کاتێکدا تەنیا ٢٨.٨ ملیۆن دەنگ لە سندووقەکان هاتنە دەرەوە کە پێشتر راگەیێندرابوو نزیکەی ٥٩ ملیۆن کەس لە ئێران دەتوانن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا دەنگ بدەن. لە لایەکی ترەوە رێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەدا ٤٨.٨٪ راگەیێندراوە کە لە بەراورد لەگەڵ خولی پێشوو نزیکەی ٢٤٪ کەمی کردووە، ئەوەش دەرخەری کاریگەریدانانی هەڵمەت و بانگهێشتەکانی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانە. جێگای ئاماژەیە نزیکەی ٨٪ی دەنگەکان (واتە نزیکەی سێ ملیۆن و 700 هەزار دەنگ) سپی بوون.

شازادە رەزا پەهلەوی، کە پێشتر هەڵمەتی "نا بۆ کۆماری ئیسلامیی" وەک دایکی هەڵمەتەکانى وەسف کردبوو، لە ئەکاوەنتی تویتەری تایبەت بە خۆی، وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە خەڵکی ئێران "بە هاودەنگی" وەڵامی "نا"یان بە کۆماری ئیسلامیی دا، نووسی: "گەلی ئێران لە بایکۆتکردنی بوێرانە و مێژوویی هەڵبژاردنە کارتۆنییەکانی ٢٠٢١دا، بزووتنەوەی ئازادکردنی ئێرانیان بردە قۆناغی کۆتایی". رەزا پەهلەوی گوتیشی: "نابێ جیهان لەگەڵ ئەو رێژیمەدا کە رووی لە داڕووخانە مامەڵە بکات".
 

مه‌ریه‌م ره‌جه‌وى:
ده‌بێت سه‌رۆكى نوێى ئێران دادگایى بكرێت

 


مریەم رەجەوی، سەرۆکی "ئەنجومەنی بەرگریی نیشتمانیی"، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی خولی سێزەدەهەمی سەرۆک کۆماریی ئێران، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر سەرکەوتنی ئیبراهیم رەئیسی لە بەیاننامەیەکدا وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە پێویستە ئیبراهیم رەئیسی "لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا رووبەڕووی یاسا ببێتەوە"، گوتی: "سەرەڕای ئابڕووچوون و ساختەکارییە گەورەکان، بایکۆت ئەوەندە بەرفراوان بوو کە دەرئەنجام رژێم رازی بوو رێژەی بەشداریکردنی ژێر ٤٩٪ رابگەیێنێت و بە ئاشکرا رایگەیاند زۆرینەی خەڵکی ئێران هەڵبژاردنەکانی رژێمیان بایکۆت کردووە و بە ناڕەوایی دەزانن. ساختەکارییە بەرفراوانەکان و راگەیاندانی رێژەی بەشداریکردن پێنج هێندە زیاتر لە رێژەی راستەقینەی بەشداریکردن، هیچ کەس فریو نادات و ئەو حەقیقەتە ناگۆڕێت".

بەڵام عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی، کە چەندین جار میدیاکانی دەرەوەی ئێرانی بە "میدیای ئاژاوەگێڕ" وەسف کردووە، لە ئەکاونتی تایبەت بە خۆی لە تویتەر نووسی: "سەرکەوتووی گەورەی هەڵبژاردنەکانی دوێنێ، گەلی ئێرانە کە جارێکی تر لە بەرانبەر پڕۆپاگەندەی میدیا بەکرێگیراوەکانی دوژمن و هاندانی کاڵفامان و ناحەزان، هەستاوە و بەشداریکردنی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا نواند".

ئەکاوەنتی تویتەری ماڵپەڕی ئەحمەدی نەژاد، شەشەمین سەرۆک کۆماری ئێران، وێرای ئاماژەکردن بە رێژەی کەمی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەدا، نووسی: "ئەو کەسانەی وایان کرد رێژەی بەشداریکردن لە ریفراندۆمی ٩٨٪ی ساڵی ١٩٨٠ی کۆماری ئیسلامییان بگاتە ٤٨٪، نابێ داواکار بن بەڵکو ئەوانە قەرزداری گەل و شۆڕشن و دەبێ وەڵامدەرەوە بن".

لە لایەکی ترەوه‌ محەمەد خاتەمی، پێنجەمین سەرۆک کۆماری ئێران، لە ئەکاوەنتی تویتەری تایبەت بە خۆی، وێرای ئەوەی سوپاسی خەڵکى کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان لەگەڵ کاندیدەکانی لیستی کۆمار دیداری هەبووە،  نووسی "لە دیدارەدا هیوای خواستووە خەڵک هیمەت بکەن و لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی ئەو پلانە پووچەڵ بکەنەوە کە دەیەوێت  هەر جۆرێک بێت و تەنانەت بە پشتگوێخستنی گەل و داخستی دەنگ و دەرگاکانی کۆمەڵگە، دەسەڵات لە دەستی تاقمێکدا قورخ بکات".

هەڵبژاردنەکانی ئەم خولە لە کاتێکدا بەڕێوەچوون کە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسیی لە ئێران و دەرەوەی ئەو وڵاتە جارێکی تر بەرگرییان لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان کرد. بۆ نموونە، گەوهەر عیشقی کە کوڕەکەی (سەتار بەهەشتی) لە ساڵی ٢٠١١، لە زیندانی پۆلیس کوژرا، روو لەو کەسانەی کە دەیانویست دەنگ بدەن گوتی، "دەنگی ئێوە دەنگدانە بە وێرانکردنی زیاتری ئێران و کوشتنی خەڵکی بێدەرەتان".

لە چەند مانگ و هەفتەی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی و هەروەها هاوڵاتیانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران رایانگەیاندبوو بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکان کارتۆنی و ساختەن، بایکۆتی دەکەن. ئەوە روانگەیەکی کەم وێنە بوو کە بووە هۆی ئەوەی ژینگەی هەڵبژاردنەکان لە بەراورد لەگەڵ خولەکانی پێشوو سارد و سڕتر بێت. هاووڵاتیانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کۆماری ئیسلامیی بە فەرمی رایگەیاندوون، ئیبراهیم رەئیسی بە بەدەستهێنانی ١٧.٩ ملیۆن دەنگ، وەک براوەی هەڵبژاردنەکان ناسرا و بووە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران و دوای ئەو موحسین رەزایی نزیکەی ٣.٤ ملیۆن، عەبدولناسر هێمەتی ٢.٤ ملیۆن و ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی ٩٩٠ هەزار دەنگیان بە دەست هێنا. هەروەها نزیک ٤ ملیۆن دەنگیش سپی بوون.


   
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین