پوتین و چوار سەرۆکی ئەمریکا....پەیوەندییان چۆن بووە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لەو کاتەوەی لە ١٩٩٩ حوکمی گرتووەتە دەست، ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی پڕ گرژیی هەبووە لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەمریکا.

یه‌كه‌م:بێڵ کلینتۆن
 


پەیوەندییەکی باش هەبوو لەنێوان بۆریس یەڵتسنی سەرۆکی رووسیا و بێڵ کلینتۆنی هاوتا ئەمریکییەکەی، لەگەڵ ئەوەی ناتۆ پلانی کشانی هەبوو بەرەو رۆژهەڵات.

بەڵام جەنگی کۆسۆڤۆ لەسەردەمی کلینتۆندا پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمریکای تێکدایەوە. لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی یەڵتسن لە ٣١ی ١٢ی ١٩٩٩، واشنتن گومانی هەبوو لە ڤلادیمیر پوتینی جێگرەوەی یەڵتسن، ئەوە بوو وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا مادلین ئۆڵبرایت لە ٢ی ١ی ٢٠٠٠ دا وتی کە پوتین "پیاوێکی بەهێزە، زۆر سوورە لەسەر بڕیارەکانی و چاوی لەوەیە کار بکات" وتیشی "ناچار دەبین چاودێریی کارەکانی بکەین بە سەرنجدانێکی زۆرەوە". لەکاتی یەکەم لووتکەی نێوان ڤلادیمیر پوتین و بێڵ کلینتۆن لە حوزەیرانی ٢٠٠٠، سەرۆکی ئەمریکا دەستخۆشی لە پوتین کرد لە بونیاتنانەوەی رووسیایەکی "پێشکەوتوو، بەهێز و بەرگریکار لە ئازادییەکان و سەروەریی یاسا".

دووه‌م: جۆرج دەبلیو بووش



لە کۆتایی یەکەم دیداریدا لەگەڵ پوتین لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٠١دا، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا جۆرج دەبلیو بوش وتی کە بە تەماشاکردنی چاوەکانی پوتین لە ناخی ئەو تێگەیشتووە کە "پیاوێکی زۆر دڵسۆزە بۆ وڵاتەکەی، رێبەرێکی زۆر باشە".

لای خۆیەوە، لە دوای پەلامارە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، پوتین پشتیوانیی بێ چەند و چۆنی خۆی بۆ جۆرج بووش دەربڕی بۆ جەنگان لە دژی تیرۆریزم، ئەوکاتە رووسیاش لە شەڕی دووەمدابوو دژی چیچان.

بەڵام ئەم هێورییەی نێوان بووش و پوتین زۆری نەخایاند، ئەوە بوو لە دیسەمبەری ٢٠٠١ ئەمریکا لە پەیماننامەی دژە مووشەکی بالیستی کشایەوە کە لە ١٩٧٢ لەگەڵ سۆڤیەت واژوویان کردبوو تایبەت بە دانانی پشتێنەی دژەمووشەک لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئەمەش رووسیای نیگەرانکرد و بڕیارەکەی ئەمریکای سەرکۆنە کرد. لە ساڵی ٢٠٠٣ رووسیا سەرکۆنەی داگیرکاریی ئەمریکای کرد لە عێراق، ساڵی ٢٠٠٤ رووسیا سەرکۆنەی ئەمریکای کرد بەوەی رۆڵی هەبووە لە شۆرشی پرتەقاڵیی ئۆکرانیا.

سێیه‌م:باراک ئۆباما

ساڵی ٢٠٠٩ باراک ئۆباما بنەمای دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی دانا، ساڵێک بەر لەوە پوتین ببووە سەرۆک وەزیران و دیمیتری میدڤیدیڤی نزیک لە پوتین ببووە سەرۆک. بەر لەوەش ئۆباما سەردانی یەکەمی بکات بۆ رووسیا لە تەمووزى ٢٠٠٩، ئۆباما وەها باسی پوتینی کرد کە "لەلایەکەوە پشت بە میتۆدی کۆن دەبەستێت بۆ کارگێڕی و لایەکی دیکەوە پشت بە میتۆدی نوێ دەبەستێت"، کە گەیشتیشە مۆسکۆ ئۆباما وتی "ئەوەی گرنگە بۆ من مامەڵەی راستەوخۆیە لەگەڵ سەرۆکی هاوتام".

سەرەڕای سەرکەوتنەکانی سەرەتا و بە تایبەت واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نوێی چەکداماڵین لە ساڵی ٢٠١٠، کەچی دواتر هەوڵەکان شکتسیان هێنا. لە ئابی ٢٠١٣ مۆسکۆ مافی پەنابەریی سیاسی بەخشیە هاووڵاتی ئەمریکی ئیدوارد سنۆدن. دوای چەند رۆژێکی کەم لەوەم ئۆباما لووتکەیەکی هەڵوەشاندەوە لەگەڵ سەرۆک پوتین و پەژارەی دەربڕی بۆ گەڕانەوە بەرەو ئەقڵیەتی جەنگی سارد. هەروەک قەیرانی ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤ ، کە تێیدا رووسیا نیوەدوورگەی کریمیای خستەسەر سنووری وڵاتەکەی و دواتر ئەمریکا بەو هۆیە سزای ئابووری بەسەر رووسیادا سەپاند، پاشان دەستێوەردانی رووسیا لە سووریا لە ساڵی ٢٠١٥ وایانکردن گرژی زیاتر و زیاتر بکەوێتە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

چواره‌م:دۆناڵد ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دا بگەڕیتەوە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا. دوای هەڵبژێردرانی، بابەتی دەستێوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردەکانی ئەمریکا بوو بە بابەتی باو. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە تەمموزی ٢٠١٨ لەگەڵ پوتین، ترەمپ وا دەرکەوت بەهای زیاتر دەداتە قسەکانی پوتین، زیاتر لەو بەهایەی دەیدایە دەرەنجامە دەستکەوتووەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (ئێف بی ئای). ترەمپ وتی "کەمێک لەمەوبەر سەرۆک پوتین وتی رووسیا شتی وای نەکردووە، ناشزانم بۆ دەبێت رووسیا وا بکات". لە وەڵامی ئەو مشتومڕەی لێدوانەکانی دروستیان کرد تەنانەت لەناو حیزبەکەی خۆیشیدا، ترەمپ وتی لێم تێناگەن. هەروەها لە سێپتەمبەری ٢٠٢٠ ترەمپ لە وتاری هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا وتی "لە راستیدا من پوتینم خۆشدەوێ، ئەویش منی خۆشدەوێ، زۆر چاکیش پێکەوە هەڵدەکەین!".

سه‌رچاوه‌: روئیا

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین