پوتین گازی سروشتی دەکاتە چەکی ئابووری دژ بە ئەوروپا؟ شیکاری ئابوری

نوچەنێت:

نرخی گاز ئەم مانگە ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد، لەم نێوەندەدا پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ڕووسیا دەکرێت کە دەوترێ گاز بەکاردەهێنێت وەکو چەکێک دژ بە ئەوروپا، ئەم تۆمەتانە تاوەکو چەندە ڕاستن؟ ئایا بەڕاستی پوتین دەتوانێت گازی سروشتی وەکو چەک بەکاربهێنێت یان لەم هەوڵەدا ڕووبەڕووی ئەنجامی پێچەوانە دەبێتەوە؟

ڕوسیا گەورەترین هەناردەکاری گازی سروشتییە بۆ ئەوروپا و ساڵی رابردوو بڕی ٤٣٪ی کۆی گازی هاوردەکراوی ئەوروپا لە روسیاوە بووە، ئەوەش بەپێی ئاماری ڕێکخراوی یورۆستات کە بەرپرسە لە ئاماری ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا.

 

ئەمریکا؛ ڕووسیا دەخاتە بەر تاقیکردنەوە

هوشتاین ئاموس، راوێژکاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاساییشی وزەی جیهانی، دوو شەممە ٢٥ی ئۆکتۆبەر وتی، کە پوتین لەوە نزیکدەبێتەوە گازی سروشتی وەکو ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنێت، ئەگەر ڕووسیا هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا ڕابگرێت بە تایبەت کە ئەو کیشوەرە بەدەست قەیرانی وزەوە دەناڵێنێت.

کاتێک پرسیار لە ئاموس هۆشتاین کرا کە ئاخۆ ڕێی تێدەچێ پوتین گازی سروشتی وەکو چەک لە دژی ئەوروپا بەکاربهێنێ، ئەو بە ڕۆژنامەنووسانی وت "وایدەبینم لەم ئاستە نزیکدەبینەوە ئەگەر ڕووسیا گازی پێویستی هەبێت بۆ هەناردە و بەڵام نەینێرێت و ئەوە بکاتە مەرج کە ئەوروپا داواکارییەکانی جێبەجێ بکەن، ئەوە ئیدی واتای ئەوەیە گاز بەکاردەهێنێت وەکو چەکێک لە دژی ئەوروپا".

هۆشتاین وتی، گرانبوونی گازی سروشتی تەنیا پەیوەنددار نییە بە کیشوەری ئەفریقا، بەڵکو لە چین بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی کەمی کردووە و ئەوەش خواستی جیهانیی زیادکردووە لەسەر گازی سروشتی وەک سەرچاوەیەکی وزە.

هۆکاری دیکەش هەبوون بۆ گرانبوونی نرخی گازی سروشتی، بۆ نموونە کۆگای ناوخۆیی گاز لە ڕووسیاش کەمکردووە، چونکە ساڵی رابردوو لە ساڵان ساردتر بووە و بڕی زۆری لێ بەکارهاتووە بۆ کەرەستەکانی گەرمکردنەوە لە ناوخۆدا و ئەوەش کۆمپانیای گاز پرۆمی ناچارکرد کاری لە پێشینەی بکاتە پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی ڕووسیا، هەروەها ژاپۆن و چینیش خواستی زیاتریان لەسەر گازی سروشتی هەبووە، بە تایبەت چین کە بە نیازە بۆ پاراستنی ژینگە بەکارهێنانی خەڵوزی بەردین کەمبکاتەوە لە بەرهەمهێنانی کارەبادا، هەروەها لە ئەوروپاش بەهۆی گرفتەکانی چاککردنەوە لە کێڵگە گازییەکانی نەرویج، هەروەها کەمبوونەوەی کارەبای بەرهەمهێنراو لە وزە خاوێنەکان بە تایبەت وزەی با هەروەها زیانگەیشتن بە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە ئەمریکا بەهۆی گەردەلوولی ئیرینا.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی ئەمریکا وتوویەتی لەگەڵ ئەم تێبینییانەشدا هێشتا ڕووسیا باشترین بژاردەیە بۆ ئەوروپییەکان لە بابەتی دابینکردنی گازی سروشتییەوە!

هەروەها ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیش وتوویەتی بۆ ئێستا و ئەم زستانە، تاکە هەناردەکاری کە بەڕاستی دەتوانێت کاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر ئاساییشی وزەی ئەوروپا ڕووسیایە.

پێشتریش مۆسکۆ سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیبوو لەوەی واشنتن بەرهەڵستیی خستنەکاری بۆڕی گازی سروشتیی باکوور (نۆرد ستریم٢) دەکات و وتبووی، "داوامان لێدەکەن گازی زیاتر بۆ ئەوروپا بنێرین، کەچی بەرهەڵستیی نۆرد ستریمی دوو دەکەن".

پوتین ئەو ئاماژانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا پاڵنەری سیاسی کاری لێدەکات و وتبووی بە گوێرەی خواستی کۆمپانیاکان هەناردەی گاز زیاد دەکەن.

 

پوتین نکوڵی دەکات لەوەی گازی ڕووسیا وەکو چەک بەکاربهێنێت

پوتین لۆمەی سیاسەتی وزەی یەکێتیی ئەوروپا دەکات لەبارەی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی گازی سروشتییەوە و دەڵێت، ڕووسیا دەتوانێت بڕی هەناردەکراوی گازی سروشتی بۆ ئەروپا زیادبکات لەگەڵ ڕەزامەندیی ئەوان بە تەواوکردنی هێڵی گازیی نۆرد ستریم ٢ کە ڕاستەوخۆ ڕووسیا دەبەستێتەوە بە ئەڵمانیاوە.

کریملین چەندین جار ڕەتیکردووەتەوە ڕووسیا هەناردەی گازی بۆ ئەوروپا کەمکردبێتەوە وەکو فشارێک لەسەر ئەوروپا بۆ خێرا بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ئەوان بە تەواوکردنی هێڵی گازیی نۆرد ستریم ٢ لە ڕێگەی دەریای باڵتیکەوە بۆ ئەڵمانیا.

بەڵام پێشووتر دێمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کریملین وتبووی، کە کۆمپانیای زەبەلاحی گاز پرۆمی ڕووسی زۆرترین بڕی گازی سروشتی هەناردەی ئەوروپا دەکات بەپێی ئەو گرێبەستانەی ئێستا هەن و بۆ ئەوەی بڕەکە زیاتر بکرێت دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە بکەن.

 

ئایا ڕوسیا چەکی گاز دژی ئەوروپا بەکاردێنێ؟ چۆن ئەو کارە دەکات؟

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ دەڵێت، ئەو ئاگای لە هیچ حاڵەتێک نییە کە تێیدا ڕووسیا پابەندییەکانی ناو گرێبەستەکانی نەبردبێتەسەر.

کۆمپانیای گازپرۆم، کۆمپانیایەکی وزەی ڕووسیا و موڵکی دەوڵەتی ڕووسیایە و زۆرینەی زۆری گازی هەناردەکراوی ئەوروپا دابین دەکات بە دوو ڕیگای جیاواز:

ـ گرێبەستی درێژخایەن کە زیاتر بۆ ١٠-٢٠ ساڵە و ڕووسیا ئەم جۆرەی زیاتر پێ باشە

ـ گرێبەستی خێرا، یان پرۆسەی کڕین بۆ یەک جار بۆ بڕێکی جێگیری گاز.

کۆمپانیای گاز پرۆم، وەها باسی گرێبەستە درێژخایەنەکان دەکات کە "بنەڕەتین بۆ دابینکردنی سەقامگیرانە و بەردەوامی گاز".

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی بی بی سی، ئەمساڵ ڕووسیا پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە لە بەرامبەر کڕیارە ئەوروپییەکانیدا بەپێی ئەو گرێبەستانەی ئێستا هەن.

لە هەمان راپۆرتی بی بی سی و بە پشتبەستن بە داتا ئەلیکترۆنییەکانی گازپرۆم، ئەوە ئاشکرا کراوە بڕی زۆر نەنێردراوە بۆ فرۆشتنی خێرا.

هەرچی پاڤێڵ سوروکین، جێگری وەزیری وزەی ڕووسیایە ئەو دەڵێت، کە وڵاتەکەی گۆڕانکاری نەکردووە لە خشتەی ناردنی غاز بۆ دامەزراوەکانی کۆگاکردن تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەوەش مانای وایە ڕوسیا پەلە ناکات لە ناردنی گاز بۆ ئەوروپا بە مەبەستی فرۆشی خێرا.

ئەوەش مانای وایە کە کۆمپانیای گاز پرۆم بەپێی گرێبەستە درێژخایەنەکان بڕی جێگیری ناردنی گاز بۆ ئەوروپا دیاری دەکات و بە ناچاریی نازانێت بڕی زیاتر تەرخان بکات بۆ فرۆشی خێرا بەدەر لەم گرێبەستانە.

 

بۆرییەکانی غاز پێمان دەڵێن ڕووسیا لە ڕاستیدا چی دەوێت

لە کۆتایی مانگی سێپتەمبەرەوە هەڵبەز و دابەز هەبووە لە هەناردەی گازی سروشتی ڕوسیا بۆ ئەوروپا، ئەوەش دڵەڕاوکێی بازاڕ و گرانبوونی نرخی لێ کەوتووەتەوە.

ڕووسیا بڕی هەناردەی گازی سروشتیی بۆ ئەوروپا زیاد نەکردووە، ئەوەش ئەو هیوایانەی لاوازکرد کە چاویان لەوە بوو ڕوسیا هەندێک دەست شلبکات لەسەر بازاڕی گازی سروشتی و لەسەر بنەمای لێدوانی پوتین کە وتبووی وڵاتەکەی ئامادەی هاریکارییە لەم بارەیەوە.

ئەوە بوو داتاکانی کۆمپانیای گازپرۆم دەریانخست بڕی زیادی هەناردەی ئامادە نەکردووە بۆ مانگی یانزدە، نە لە ڕێگەی بۆریی ئۆکرانیاوە و نە لە ڕێگەی هێڵی تێپەڕبوو لە پۆڵۆنیاوە.

ئەو داتایانەی دیاری کراون بۆ بڕی هەناردەکراو لە مانگی یانزدەدا، بەرچاوڕوونیمان دەدەنێ لەسەر تێكڕای ئەو بڕەی هەناردە دەکرێت لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی ئەو مانگە، چونکە دوو تاوەکوو سێ هەفتە بەر لە سەرەتای هەر مانگێک، بڕی هەناردەکراوی کۆی مانگەکە جێگیردەکرێت.

شرۆڤەوانانی بواری وزە دەڵێن داتاکانی گاز پرۆم دەریدەخەن ڕوسیا پەلەی نییە لە زیادکردنی هەناردەی گاز بۆ ناوچەکە و بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی کرملن لە هەوڵی ئەوەدایە وردە وردە هەناردە لە ڕێگەی هێڵی نۆرد ستریم٢ دەستپێبکات، لە ڕیگای خاو و خلیچکی نواندن لە ناردنی گازی روسیا لە ڕێڕەوە کلاسیکییەکانی ئێستاوە.

ئەو بڕەی گاز پڕۆم لە مانگی یانزدەدا بۆ ئەوروپای دەنێرێت، هەمان ئەو بڕەیە کە لە مانگی نۆ دا ناردوویەتی.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەوەندە نابێ پووتین پێشنیازی کردبوو هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا زیادبکرێت لەکاتێکدا ملیۆنان خێزان کەوتوونەتە بەر مەترسیی گرانبوونی تکتی سووتەمەنی بۆ زستان.

یوری فیترینکۆ، سەرۆکی کۆمپانیای حکومیی نەفتوگازی ئۆکرانیا، لەم مانگەدا وتبووی ڕوسیا هەوڵدەدات فشار لە ئەوروپا بکات کە بۆریی گازی نۆرد ستریم ٢ پەسەند بکەن، فشارەکەش لە ڕێگەی کەم هێشتنەوەی بڕی هەناردەکراوی گاز بۆ ئەو کیشوەرە.

فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت، ڕووسیا ئەگەر خوازیاربێت دەتوانێت بە راددەی ١٥٪ بڕی هەناردەکراوی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا زیاد بکات.

بۆریی گازی نۆرت ستریم دوو تەواو بووە، بەڵام پێویستی بە ڕەزامەندی ئەڵمانیا و کۆمیسیاری ئەوروپایە بۆ دەستکردن بە گواستنەوەی گازی روسی بەژێر دەریای باڵتیکدا بەرەو ئەوروپا لەڕێگای ئەڵمانیاوە. ئەمریکا دژایەتیی ئەم بۆرییە دەکات، چونکە ئۆکرانیا وەلا دەنێ و پێیدا تێپەڕ نابێت.

بەڕای بەشێک لە شرۆڤەوانان ڕووسیا بۆیە هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا زیاد ناکات، تاوەکو پەلە بکەن لە ڕەزامەندی دان بە کەوتنەکاری هەناردەی گاز لە ڕیگەی هێڵی گازیی نۆرد ستریم ٢.

لە بەرامبەردا، سێرگی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت "گازپرۆم بۆ چەپاندنی سەقامگیری لە بازاڕدا، دەستی بە هەناردەی گازی یەدەگکراوی خۆی کردووە لە ڕیگەی بۆرییەکانی هەناردەی گازەوە".

 

ئایا پوتین لە بەکارهێنانی گاز وەکوو چەک سەرکەوتوو دەبێت؟

ئەوەی جێگای سەرنجە سەرەرای بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی گازی سروشتی و قسەکردن لەبارەی هەم فشار و هەم سازشی ڕوسیا لەم بارەیەوە، کەچی ئەڵمانیا تا ئیستا نە ڕێگەپێدانی راگەیاندووە و نە هەنگاویشی ناوە بۆ خێرا پەسەندکردنی هێڵی نۆرد ستریمی ٢ ی دڵخوازی روسیا.

هێڵی گازی نۆرد ستریم دووی کۆمپانیای گازپرۆمی روسیا ١١ ملیار دۆلاری تێچووە، بەڵام چەندین وڵات بەرهەڵستی دەکەن، بۆ نموونە ئۆکرانیا دژایەتی دەکات چونکە ئەگەر روسیا بەهۆی ئەو هێڵەوە پشت بکاتە ئەو بۆرییەی بەناو خاکی ئۆکرانیا تێپەڕ دەبێت، ئەوە ئۆکرانیا سەدان ملیۆن دۆلاری گومرگی ئەو هێڵەی لە دەست دەردەچێت، هەروەها ئەمریکاش دژایەتیی هێڵی نۆرد ستریم٢ دەکات چونکە وایدەبینێت ئەمە وادەکات ئەوروپا زیاتر پشت بە روسیا ببەستێت لە بواری وزەدا. ڕوسیاش دەڵیت ئەمریکا بۆیە دژایەتیمان دەکات تاوەکو لە بازاڕی گازی ئەوروپا دورمان بخاتەوە چونکە ئەمریکا بە نیازی ئەوەیە خۆی فراوانخوازیی تێدا بکات.

دەبێت یاسادانەرانی ئەڵمانی و ئەروپی قەناعەت بکەن کە کۆمپانیای بەگەڕخەری هێڵی نۆرد ستریم٢ پابەندی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت، کە بەپێی ئەو یاسایانە دەبێت جیاکاری بکرێت لەنێوان تێچووی گواتنەوەی گاز لەلایەک و بەرهەمهێنان و فرۆشتن لەلایەکی دی.

یاسادانەرانی ئەوروپا دەڵێن پرۆژەی هێڵی نۆرد ستریم٢ لەگەڵ پێوەرەکانی ئەو جیاکارییەدا نایەتەوە و جەختەدەکەنەوە لە پێویستیی هەبوونی "بۆچوونی ڕوون و بەهێزی کۆمیسیاری ئەوروپا لە ڕێوشوێنەکانی پەسەندکردنی بەگەڕخستنی هێڵەکە".

بەرهەڵستکارانی هێڵی نۆرد ستریم٢ دەڵێن لەو بۆرییانەشەوە کە ئێستا هەن و بەناو وڵاتانی دیکەدا تێدەپەڕن گازپرۆم دەتوانێت بڕی پیویستی گازی سروشتی بنێرێت. ئەوان دەڵێن کێشەی کورتهێنانەکە لە بەرهەمهێنانی گازەکەدایە نەک لە بۆری گواستنەوەی گازەکەدا.

لای خۆیەوە ئەڵمانیا ئەوەی پێوە دیار نییە پرۆسەی کەوتنە کاری نۆرد ستریم٢ تاوبدات و خێرا بکات، کە خۆی بڕیارە مانگی ئاداری داهاتوو ڕێوشوێنەکانی کەوتنەکاری تەواو ببن، واتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی زستان، زۆرێک لە چاودێران وای دەبینن کەوتنە کارەکە بۆ ساڵی داهاتوو دوادەخرێت.

ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە ئەوروپا فشارەکانی ڕووسیا ڕەتدەکاتەوە، هەرچەندە ئەوروپا لەژێر هەڕەشەی زستانێکی سەختدایە.

دوو سەرچاوەی ئاگاداری حکومەتی ئەڵمانیا ڕایانگەیاندووە، کە لەم مانگانەی کۆتاییدا ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی ڕوسیای روونکردووەتەوە کە پابەند بوون بە بنەماکانەوە بابەتێکی گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی پشتیوانیی سیاسی لە هێڵەکانی گواستنەوەی گاز.

مێرکڵ بە ڕاشکاوی وتوویەتی کە بنەمای سیاسی بۆ بەگەڕخستی هێڵی گازیی نۆرد ستریم ٢ ئەوەیە هاوکات ڕوسیا بەردەوامبێت لە بەکارهێنانی خاکی ئۆکرانیاش بۆ گواستنەوەی گاز لە ئاییندەدا.

دیارە کە ئۆکرانیا هەنگاونانی ئەڵمانیای بۆ جێبەجێکردنی هێڵی نۆرد ستریم ٢ ی وەکو ناپاکییەک بەرامبەر ئۆکرانیا وێنا کردووە، چونکە ئۆکرانیا لە لەڕووی ماددییەوە سوودی لەوە دەبینی کە بۆری گازی روسیا بەناو خاکەکەیدا دەڕۆیشت، هەروەها ئەو بۆرییە کارتێکی فشار بوو بەدەست ئۆکرانیاوە دژ بە مۆسکۆ.

سەرچاوەیەک دەڵێت پوتین بایی ئەوەندە زیرەکە بزانێت بۆچوونی سیاسەتوانانی ئەڵمان لەبارەی پڕۆژەی بۆرییەکەوە دەکرێت ببێتە کێشە، بۆیە نایەوێ هۆکارێک بدات بەدەستەوە کە ئەم پرۆژەیە بخاتە بەر مەترسی.

ئەوەی ڕوونە تاکە دەستکەوتی پووتین تا ئەم ساتە چەند ملیار دۆلارێکی زیادەیە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی دەستی کەوتووە و ئەمەش لەوانەیە درێژە نەخایەنێت، گرنگترین بابەت بۆ ئیستا ئەو زەنگی مەترسییەیە کە لەبارەی گازی سروشتی کەوتووەتە بەر گوێی ئەوروپییەکان، هاوشێوەی ئەوەی لەبارەی نەوتەوە کەوتەبەر گوێیان لە جەنگی عەرەب ئیسرائیل لە ١٩٧٣، ئەم زەنگەش لەوانەیە پاڵ بە ئەوروپاوە بنێت هەوڵبدات پشتبەستوویی خۆی لەسەر گازی ڕوسیا کەمبکاتەوە، جا بە ڕووکردنە سەرچاوەی دیکەی وزە بێت یان هەوڵی چالاککردنی ناوچەی دیکەی بەرهەمهێنەری گازی سروشتی، وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین