ئەحمەدی نەژاد : ژن برای خامنەیی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل  هەبووە ئێران

نوچه‌نێت

مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی سەرۆک کۆماری ناوی خۆی تۆمار کرد بوو، بەڵام لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە رەت کرایەوە، ژن برای رابەری کۆماری ئیسلامیی و بەرپرسی پێشووی رادیۆ فەرمیی ئێرانی تۆمەتبار کرد به‌وه‌ى لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی هەبووە و ویستوویەتی سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە فارسی" بڵاوی کردەوە، ئەحمەدی نەژاد وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر بێڕێزیکردنێکی حەسەن خۆجەستە باقرزادە، ئێوارەی یەکشەممە لە نووسراوەیەکی کورتدا کە لە ماڵپەڕی دەوڵەتی بەهار بڵاو کرایەوە، نووسی: "پێدەچێت حەسەن خۆجەستە لە بیری چووە بۆ ماوەی دوو هەفتە، لەگەڵ خێزانەکەی، میوانی کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی لە هیند بووە و لەوێش بڕیار دەدات لە گەشتی داهاتوودا، لە رێگای تورکیاوە سەردانی ئیسرائیل بکات".

پێشتر حەسەن خۆجەستە، برای هاوسەری عەلی خامنەیی وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر باکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە لایەن ئەحمەدی نەژادەوە لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی نووسیبووی ئەوانەی گوتیان دەنگ نادەین و پاڵپشتی هیچ کەس ناکەین، "حەرامزادەن".

سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لە درێژەی نووسینەکەیدا ئاماژەی بە چۆنیەتی لابردنی خۆجەستە لە پۆستەکەی کردووە و نووسیویەتی: "دوای ئەوەی من لەو دیدارەی خۆجەستە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان ئاگادار کرامەوە و فەرمانم دا رێگری بکەن لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل و لەو ئابڕووچوون و زەلکاوە رزگاری بکەن، لە سەرۆکایەتی رادیۆ وەلا نرا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بەرژوەندییەکان دۆسیەکەی داخرا. ئێستا کێ حەرامزادەیە؟"

حەسەن خۆجەستە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٨ تا ٢٠١٤ سەرۆکی رادیۆی ئێران و یەکێک لە یاریدەدەرانی رێکخراوی دەنگ و رەنگی ئێران بوو و دەگوترێت ئێستاش یەکێکە لە بەرپرسانی میدیاکانی خامنەیی. محەمەد خۆجەستە، کوڕی حەسەن خۆجەستە بەڕێوەبەری ماڵپەڕی خامنەییە و کەمیل خۆجەستە یەکێکی تر لە منداڵەکانی حەسەن خۆجەستە بەڕێوەبەری ناوەندی "تبیان" سەر بە رێکخراوی پڕۆپاگەندەی ئیسلامییە کە یەکێکە لەو رێکخراوانەی لەژێر چاودێری رابەری کۆماری ئیسلامیدا چالاکی دەکات.

ئەحمەدی نەژاد ناوی خۆی وەک کاندیدی سەرۆک کۆماریی تۆمار کردبوو بەڵام لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە رەت کرایەوە. دوای ئەوە بە ئاشکرا رایگەیاند هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکات و پاڵپشتی هیچ کەس ناکات.

پێشتریش لە میانەی دیمانەیەکدا سەبارەت بە "تاقمێک گەندەڵ لە دامودەزگا ئەمنییەکان"دا گوتبووی " به‌رپرسى دژه‌ سیخوڕیی له‌ ئێران سیخوڕى ئیسرائیل بوو". یوسی کوهێن، سەرۆکی پێشووی موسادیش لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ١٢ی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیل روو لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی گوتی: "هاوڕێیانی ئازیز، ئێمە ده‌سه‌ڵاتمان خستووه‌ته‌ ناوتان".


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین