مۆدێلی حکومڕانی چینی وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئایا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن مودێلی حوکمڕانی چینی لە وڵاتانی خۆیان جێبەجێ بکەن؟ پێدەچێت جۆری حوکمڕانی چینی، تایبەت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستێنێکی لەبار بۆ جێبەجێکردنی ئەو مودێلە نییە. ئەوەش دەیان هۆکاری هەیە، بەڵام دوو هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی هەن کە بە باشی ڕەوتی هەڵکشانی ئابووری و حوکمڕانی باش و دڵخوازی چینی شرۆڤە دەکەن و دەری دەخەن بۆچی جێبەجێکردنی ئەو مۆدێلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ممکین نییە. لەدرێژەدا ئاماژە بەو دوو هۆکارە دەدەین: 

یەکەم: هۆکاری یەکەم، بریتییە لە گۆڕانکاریی فکری جددی لە ناو دەسەڵاتداران و فراکسیۆنەکانی دامەزراوەی دەسەڵاتدار واتە حزبی کۆمۆنیستی چین. لەپاڵ ئەو هەستە ناسیونالیستییە بەهێزەی کە هەر لەمێژە لە چیندا هەیە، پیاوماقووڵانی حزبی کۆمۆنیست لە دەیەی ١٩٧٠دا، بە دڵنیاییەوە بەو ئەنجامە گەیشتن کە جیهانی واقیع ئەوە نییە دەسەڵاتدارانی کرێملین پێناسەی دەکەن. بە دروستی یان بە هەڵە، جیهان بە پێی سەرمایە، بەرهەمهێنان، تەکنۆلۆژیا، فێربوون و بازرگانی بەڕێوە دەبرێت. تا سەرمایە و زێدە (Surplus) نەبێت، فاکتەرە بنەماییەکانی تری هێز بێکەڵک دەمێننەوە. ئەگەرچی زنجیرەی پلە و پایەی حزبی کۆمۆیست هەر لە دەیەی ١٩٣٠وە و لە ڕۆژیاری گەنجێتی خۆیدا، لەسەر بنەمای دەمارگرژی کۆمۆنیستیی دامەزرابوو، بەڵام ناسیۆنالیزم و شارەزایبوون لە میتۆد و تیۆریدا بۆ تێگەیشتن لە واقیع، چینییەکانی بەرەوە ئاراستەیەک ڕاکێشا کە داهاتی ساڵانەی تاکی ئەو وڵاتەیان کە لە ساڵی ١٩٦٠دا کەمتر لە ١٠٠ دۆلار بوو، گەیاندە سەرەوەی ١٠٠٠٠ دۆلار لە ساڵی ٢٠٢١دا. ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەى دانیشتوانەکەى دەگاتە ١.٤ ملیار کەس. 

ئەگەر دەسەڵاتدارانی چین، شێوازی بیرکردنەوەی خۆیان نەدەگۆڕى و لۆژیکی هێزیان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا قەبووڵ نەدەکرد و لە ناوخۆدا یەکیان نەگرتبا و پێکەوە هەڵیان نەکردبا، ئێستا وڵاتەکەیان نەدەبووە جەمسەری ئابووری و سیاسەتی جیهان. لە پاڵ تێڕوانینی ڕیالیستی دەسەڵاتداراندا، خۆ بە بەرپرسیارزانینی دەسەڵاتدارانیش تایبەتەمەندییەکی تری ئەو وڵاتەیە، کە هەر لە کۆنەوە لە داڵانەکانی هێز و بیرۆکراسی ناوەندگەرای ئەو وڵاتەدا باو بووە. بەرپرسیاریێتی لە قوتابخانەی کۆنفۆشیۆسدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. دنگ شیائۆپینگ لە لە ناو حزبەکەی خۆیشیدا چەندین جار ئاماژەی بەوە کردبوو کە حوکمڕانی بەسەر یەک ملیار هاووڵاتی هەژاردا هەرگیز شانازی نییە. ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی چینی بەرەو کۆدەنگی ڕاکێشا، "تێگەیشتنی هاوبەش لە هەلومەرج و ڕاستییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان بوو"، چونکە حوکمڕانی تەنیا یەک پێناسەی ژیرانەی هەیە: ئەوپەڕی کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی بەردەست و لە جیهانی واقیع. 

هەندێ جار کۆمەڵگە، خاوەن ڕێکخراو و سیستەمی حزبییە و لە ڕێگای ئەو ڕێکخستنانەوە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەت دەکات، لەسەر فکر و بڕیاری دەسەڵاتداران کاریگەری دادەنێت، وەک بەریتانیا، ئەمریکا، سویسڕا و نەرویج. بەڵام لە وڵاتانی جیهانی سێیەم کە کۆمەڵگە ڕێکخراو نییە و ڕێگای ڕێکخستن بە کۆمەڵگە نادرێت یان لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە فێری کولتووری ڕێکخستن نەکراوە، گۆڕان و هیوا بۆ گۆڕانکارییەکان پێویستی بە تێگەیشتن و دەرککردن و توانای دروستکردنی کۆدەنگی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناو حکومەتەوە هەیە. لەو جۆرە وڵاتانەدا، کەسێک وەک نیلسۆن ماندێلا، ماها تیرمحەمەد، ماهاتما گاندی یان چوئێن لای پەیدا دەبن و کۆدەنگی بۆ بیرۆکانی خۆیان لە ناو هەموو فراکسیۆنە جیا جیاکاندا دروست دەکەن و بە یارمەتی فکر، بە هزر و خوێندنەوەکانی ڕابردوو، گۆڕانکاریی دێننە ئاراوە. 

فکر و میتۆدی نوێ بە بێ تێگەیشتن لە "واقیع" ممکین نییە. ئەو کاتەی ترەمپ بووە سەرۆک کۆمار، دەستبەجێ دژایەتی ڕێککەوتنی نەفتا (NAFTA)ی کرد و گوتی: دەبێ هەمدیسان لە سەرەتاوە گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکرێت. حکومەتی مەکسیک لە بەرانبەر ترەمپدا خۆڕاگری و مشتومڕی نەکرد، ئەوە هەڵوێستێکی ژیرانە بوو، ڕابەرانی ئەو وڵاتە لە تۆڕی تویتەردا هیچ تویتێکیان بڵاو نەکردەوە کە گاڵتە بە تیمی ترەمپ بکەن، لێدوانی بەگوڕوتینین نەدا و هەڕەشەیان لە کۆشکی سپی نەکرد، بەڵکو خێرا پێداچوونەوە و گفتواگۆین قبووڵکرد. دوای شەش مانگ گفتوگۆ، لایەنەکان ڕێککەوتن و ڕێککەوتننامەی نەفتا دوای هەندێ پێداچوونەوە گۆڕدرا بۆ ڕێککەتننامەی ئەمریکا- مەکسیک- کەنەدا. ئێستا مەکسیک وەک پێشتر ساڵانە زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دۆلار لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکات. سیاسەتوانانی ژیر و ئاوەزمەندی مەکسیک لەوە تێگەیشتن کە بە تایبەت لە سەردەمی (تیلەرسۆن)دا، ترەمپ هەوڵی ئەوەی دەدا خۆی بە کەسایەتییەکى زۆر جیاواز لە دیموکراتەکان بنوێنێ. ناوەڕۆکی باسەکە، ڕەزامەندی دەروونی بوو. سەرچاوەی زەینی و تیۆریکی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی حەکیمانە و ژیرانەی مەکسیک لەگەڵ ئەو پرسە، ئەوە بوو کە ئەو ڕاستییە قبووڵ کرد، کە ترەمپ سەرۆک کۆمارە و وەک کەسێکی نەزان ناوی نەبرد.

ڕابەرانی مەکسیک و داودەزگای لێهاتوو و شارەزای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کە بە وردی و بە شێوەیەکی قووڵ و واقیعبینانە لە ئابووری جیهان و سیاسەتی ئەمریکا تێدەگەن، نیشانیان دا دابینکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان سەرەتا لە تێگەیشتن لە واقیع دەست پێدەکات. هەر بەو چەشنە، ڕابەرانی وڵاتی چینیش دوای ئەوەی ترەمپ بووە سەرۆک کۆمار گفتوگۆیان لەگەڵ کرد و هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە گفتوگۆ دژوارەکاندا بەردەوام بوون، ڕێگرییان لەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لەوە زیاتر تێک بچێ و ئاڵۆز بن. 

دووەم: هۆکاری دووەمی سەرکەوتنە ئابووری و سیاسییەکانی چین، بریتییە لە کولتووری گشتی و سەرچاوەگرتوو لە ئامۆژگارییەکانی کۆنفۆشیۆس. بە پێچەوانەی سیاسەت و کولتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تیایدا، لاساری، خۆخوازی، سازکردنی قارەمان، خۆسەری، خۆ بە حەق زانین (self-righteousness) و خۆخۆشەویستی (نارسیزم) شەپۆل لێدەدات، کولتووریی چینی، کولتوورێکی کۆمەڵایەتییە و لەسەر بنەمای وەفاداری بە کۆمەڵگە دانراوە. هەندێ لە تایبەتەمەندییەکانی ئەو کولتوورە بریتین لە: پێکەوە کارکردن، ڕاوێژکردن، هاوئاهەنگبوون، لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ، ناوەندگەرایی، ڕێکوپێکی، متمانەپێکردن، هەستیاربوون بە نیسبەت کات، بێتەماحی و دڵتێربوون، جێبەجێکردنی ئەرکی خۆ بە دروستی، جێبەجێکردنی ڕێنوێنییە ئیدارییەکان، ئەمەکناسی، خێرایی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان، خۆ بە بەرپرسیارزانین، دان پێدانان بە پسپۆڕایەتی و شارەزایی تاکەکان. ئەو تایبەتەمەندیانە بەدەگمەن لە وڵآتانێک وەک میسر، سوریا، عێراق، یەمەن، لوبنان و ئەفغانستاندا دەبینرێن. بە بێ ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتییانە، ڕەنگە چین نەیتوانیایە ڕێژەی بەرهەمهێنانی پوختنەکراوی نیشتمانی خۆی لە ٦٠ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ١٩٦٠وە بەرز بکاتەوە بۆ ١٤٣٠٠ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢١دا یان نەیتوانیبایە لە ساڵی ٢٠٠١وە تا ٢٠٢١ قەبارەی ئابووری خۆی حەفت هێندە گەورەتر بکات. کۆمەڵگەی چینی کۆمەڵگەیەکی پلە و پایەیی، نوخبەگەرا و لەسەر بنەمای دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان دامەزراوە. لە کولتووری کۆنفۆشیۆسیدا هەندێ تایبەتەمەندی هەن کە ڕۆژئاواییەکان چەندین سەدەیە هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدەن: زۆر پرسیار کردن، گوێگرتن، داوەری نەکردن و بڕیارنەدانی پێشوەختە، بێدەنگبوون، نەچوونە ناو بوارێکەوە کە کە مرۆڤ تیایدا شارەزا نییە (Functionalism) و وردبینی و کارامەبوون. 

تایبەتمەندییەکانی کولتووری کۆنفۆشیۆسی لە وڵاتی چیندا هەر لە کۆنەوە باون و ئەمڕۆکە وەک پێویستی و پێشمەرجی بەپیشەسازیکردنی وڵات، هەڵکشان و گەشەی ئابووری و ڕێکخستنی کارامەی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێن. بەڵام جێبەجێکردنی ئەو تایبەتمەندیە کۆنانە پێویستی بە تێگەیشتنی ڕیالیستی دەسەڵاتداران لە جیهانی واقیع هەبوو. ئەگەر چینییەکان لە ڕاستییەکانی جیهان تێنەگەیشتبان، ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتییە کۆنفۆشیۆسیانە بێکەڵک دەمانەوە. بۆیە تێگەیشتن لە واقیعی ناوخۆی وڵات و جیهان لە لایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە ٦٠٪ تا ٧٠٪ لە پێشکەوتنی ئەو وڵاتەدا کاریگەری هەبووە. 

جۆری حوکمڕانی وڵاتانی چین، کوریای باشوور، سەنگافورە، ڤێتنام و ئەندۆنزیا لە سی ساڵی ڕابردوودا دەرخەری ئەوەن "توانای فکری و تێگەیشتن لە ڕاستییەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە" بە بەراورد لەگەڵ "ناوەڕۆکی سیستەمی سیاسیی" وڵاتان، گرنگیی زیاتری هەیە. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە و بە تایبەت لە ساڵانی ١٨٦٠ بە دواوە بوو کە دەسەڵاتدارانی ژاپۆن بە تێگەیشتنی ورد لە جیهانی واقیع، هێدی هێدی لە ڕێگای فێربوون لە هەموو وڵاتانەوە، وڵاتی خۆیان بەرەوە بەپیشەسازییبوون، هەڵکشانی ئابووری و بەتواناکردنی گەلی ژاپۆن ڕاکێشا. لەم دواییانەشدا، هەڵبژاردنی وڵاتانی کاندیدی ئەندامێتی کاتیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەندامانی کۆڕبەندی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دەرخەری ئەوە بوو وڵاتانی هەڵبژێردراو توانای ڕێژەیی ئابوورییان زیاتر بوو، بۆیە پێگەی نێودەوڵەتیشیان بەرزتر بوو. دەنگەکان ئەوەیان سەلماند: بڕازیل ١٨١ دەنگ، ئیمارات ١٧٩ دەنگ، گابون ١٨٣ دەنگ و ئێران ١ دەنگ. 

خوێندەوەی دروست بۆ داهاتوو، تێگەیشتن لە ئامار و داتاکان، دوورکەوتنەوە لە بڕیاردانی پێشوەختە و لە هەمووى گرنگتر تێگەیشتن لە واقیع و ئاگاداربوون لە پێداویستییە زانستی و سیستماتیکییەکانی جووڵە لە خاڵی A یەوە بۆ خاڵی B، دەبنە هۆی گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگەدا. 

ڕەنگە لە داهاتوودا، دەسەڵاتدارانی چین بە پشتبەستن بە واقیعبینی، بەو ئەنجامە بگەن کە هەبوونی ئازادی مەدەنی و سیاسی بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر و دەوڵەمەند، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێگای دروستکردنی سیستەمی حزبی و ڕێگەدان بە چالاکییەکانیان، مۆڵەتدان بە میدیای ئازاد، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئازاد و ئاڵوگۆڕی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات دیموکراسیش لە وڵاتەکەیاندا جێگیر بکەن. 

 

مەحموود سەریعولقەلەم: دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆی بەهەشتی تاران.

و: نووچە نێت

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین