بایدن سەرقاڵی تاوتوێکردنی هەڵوەشانەوەی سزاکانی سەر خامنەیییە ئێران

نوچه‌نێت

ئاژانسێکی ئەمریکیی دەڵێت، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، سەرقاڵی تاوتوێکردنی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر عەلی خامنەییە، ئەوە لە کاتێکدایە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە دەبێتە هۆی فراوانبوونی رەخنەی کۆماریخوازەکان و نەیارانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئیدارەی بایدن.

رۆژی شەممە 26ی حوزەیران، ئاژانسی هەواڵی "ئێن بی سی" لە راپۆرتێکدا باسی لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی کردووە. ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانج لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەمارۆ و سزایانە هاندانی ئێرانە بۆ رێککەوتن سەبارەت بە پرسە ئەتۆمییەکەی.

دوو سەرچاوەی ئاگادار، بە ئاژانسی "ئێن بی سی"یان گوتووە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر خامنەیی و بەیتەکەی بەشێکە لە داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا.

ئاژانسی "ئێن بی سی"  بە گێڕانەوە لە وەلی نەسر، پڕۆفیسۆری پرسە نێودەوڵەتییەکان و لێکۆڵەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی جۆنز هاپکینز گوتوویەتی، لەو بڕوایەدایە ئەوە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی شاندی ئێران لە گفتوگۆکانی ڤیێنا.

ئەو لێکۆڵەرە هاوکات ئەوەشی گوتووە، لەو بڕوایەدایە ئیدارەی بایدن کێشەیەکی ئەوتۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەمارۆیانە نابێت.

دوو ساڵ پێش ئێستا، واتە لە حوزەیرانی ساڵی 2019، دوای ئەوەی ئێران لە ناوچەی کەنداو هێرشی کردە سەر فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ، خامنەیی و چەند بەرپرسێکی تری بەیتەکەی خستە لیستی گەمارۆکان.

ئەو گەمارۆیانە بریتی بوون لە قەدەغەکردنی گەشت بۆ ئەمریکا و رێگریکردن لە ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕی دارایی و کاری بانکیی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

دوو سەرچاوەکە بە ئاژانسی "ئێن بی سی"یان گوتووە، سەرەڕای ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەمارۆیانە کاریگەری ئەوتۆ لەسەر دۆخی ئابووری ئێران دانانێت، چونکە نە خامنەیی سەردانی ئەمریکا دەکات و نە ئەندامانی بەیتەکەی داراییان لەو وڵاتە هەیە، بەڵام ئێران سەپاندنی ئەو سزایانە لەسەر خامنەیی و بەیتەکەی بە کارێکی نادادپەروەرانە و هۆکاری بەرزبوونەوەی گرژییەکان دەبینێت.

عەلی واعز، یەکێک لە ئەندامانی ناوەندی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لەو بڕوایەدایە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە دەتوانێ یارمەتی ئیدارەی بایدن بدات ئێران ناچار بکات هەندێ لە مەرجەکانی ئەمریکا لە گفتوگۆکانی ڤیێنا قەبووڵ بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەمارۆیانە دەتوانێ رەخنەی کۆماریخوازان و ئەو کەسانەی لە ئەمریکا لە بەرەی دیموکراتن بەڵام دژی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ن، فراوانتر بکات.

نەیارانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئەمریکا، ئەو هەڵوێستەی بایدن بە نیشانەی لاوازی ئیدارەکەی و خۆبەدەستەوەدان لە بەرانبەر حکومەتی ئێران لێک دەدەنەوە.

جێگای ئاماژەیە مەحموود واعزی، سەرۆکی نووسینگەی حەسەن رۆحانی، لەم دواییانەدا گوتبووی ئەمریکا رایگەیاندووە ئامادەیە هەندێ لە سزاکانی سەر کەسانی ناو بەیتی رابەری ئێران هەڵبوەشێنێتەوە. بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیان ڕەت کردەوە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکان لەسەر ڕابەری ئێران، ئەو بابەتەی ڕەت نەکردەوە بەڵام گوتی تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین