ئەڵمانیا میدالیای ئازایەتی دەبەخشێتە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران

نوچه‌نێت

مارکۆس سودە، سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمى بایرن دەیەوێت میدالیای ئازایەتی ببەخشێتە ئەو کەسانەی کە رێگرییان کرد لەوەی هێرشبەرەکەی ڤۆرتسبورگ کەسانی زیاتر بکوژێت. یەکێک لەو کەسانە چیا رەبیعی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە وڵاتی ئەڵمانیا داوای پەناخوازی کردووە.

رۆژی دووشەممە ٢٨ی حوزەیرانی٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، چیا رەبیعی پەناخوازی کورد، ئێستا لە ئەڵمانیادا بووەتە قارەمانێک. چیا ئەوە بوو لەگەڵ چەند کەسێکی تر توانی لە بەرانبەر ئەو هێرشبەرەدا بوەستێتەوە کە بە چەقۆ سێ ئافرەتی کوشت و حەوت کەسی تری بریندار کرد.

ئەو رووداوە رۆژی هەینی ٢٥ی حوزەیران، لە شاری ڤۆرتسبورگ لە باکووری هه‌رێمى بایرن رووی دا. هێرشبەرەکە ٢٤ ساڵ تەمەن و خەڵکی سوماڵ بوو و لە فرۆشگایەکدا چووە بەشی کڕینی چەقۆ، یەکێک لە چەقۆکانی هەڵگرت و سەرەتا پەلاماری فرۆشیارەکە و دواتر باقی خەڵکەکەی دا.

لەو پەلامارەدا سێ ئافرەتی به‌ ته‌مه‌نى جیاجیاى ٢٤ و ٤٩ و ٨٢ ساڵى گیانیان لە دەست دا. ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە دەری دەخەن کەسێک بە شێوەیەکی جدی و هەڵبەت بوێرانە و بە ئازایەتی هەوڵ دەدات هێرشبەرەکە راوەستێنێت. ئەو کەسە چیا رەبیعییە و ١٧ مانگە لە وڵاتی ئەڵمانیا داوای پەناخوازی کردووە.

مارکۆس سودە، سەرۆک وەزیرانی بایرن ئێوارەی یەکشەممە، سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و تاجە گوڵینەیەکی لەوێ دانا. هەروەها چاوی بە چیا رەبیعی کەوت و سوپاسی کرد: "سوپاس بۆ ئەو ئازایەتییەی لە خۆتت نواند، بە بێ ئەوەی ئەرک بێت لەسەرت".

سودە رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەی "ماین پۆست"ی گوتووە دەیەوێت میدالیای ئازایەتی بایرن بەو کەسانە ببەخشێت کە هەوڵیان دا رێگری لە هێرشبەرەکەی ڤۆرتسبورگ بکەن. سودە گوتوویەتی: "ئەو کەسانەیە رێژەیەکی بەرچاو ئازایەتی کۆمەڵایەتییان لە خۆیان نواندووە".

میدالیای ئازایەتی بایرن میدالیایەکیە لە لایەن حکومەتەوە و بەو کەسانە دەبەخشرێت کە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی گیانی خەڵکانی تر رزگار بکەن. هێشتا دیار نییە ئەو میدالیایە بڕیارە بە چەند کەس ببەخشرێت.

لە مەهابادەوە تا ڤۆرتسبورگ

چیا رەبیعی لەدایکبووی شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ٤٢ ساڵ تەمەنیەتی. لە مەهاباد شۆفیری تاکسی بووە. چیا بۆ رادیۆى بایرن گوتوویەتی: "من هیچ نەدەترسام. ئەگەر بترسایەم وەک ئەوانی تر خۆم دەشاردەوە یان هەڵدەهاتم".

رەبیعی لە میانەی دیمانەیەکی راستەوخۆی ڤیدیۆیی لەگەڵ رۆژنامەی بیلد گوتوویەتی، هەوڵی داوە چەقۆکە لە هێرشبەرەکە بسێنێت بەڵام نەیتوانیوە.  چیا رەبیعی بە رادیۆ بایرن گوتوویەتی: "کاتێ گەیشتمە شوێنی رووداوەکە ئافرەتێکم بینی کە بە پاڵا کەوتبوو و سێ چوار کەس لەسەر سەری بوون. هێشتا کارمەندانی فریاکەوتن نەگەیشتبوون. سەیرم کرد ئەو ئافرەتە خوێنی له‌ جه‌سته‌ دێ و خەڵک هەوڵ دەدەن یارمەتی بدەن... زۆر بە داخەوەم کە زووتر نەگەیشتمە شوێنی رووداوەکە. ئەگەر چەند خولەکێک زووتر گەیشتبام رەنگە ئەو ئافرەتە زیندوو بمایە".

ئەو ئەزموونە بۆ چیا ئاسان نەبووە و لە سێ شەوی رابردوودا خەوی لێ بڕاوە. چیا بە رادیۆ بیلدی گوتووە: "نامەوێ ناوی قارەمانم لێ بنەن. من ئەو کارەم لەبەر دڵی خۆم ئەنجام دا".

رۆژنامەی فرانکفورتر نووسیویەتی چیا لە کەمپێکی پەناخوازان دادەنیشێت و سەرقاڵی فێربوونی زمانی ئەڵمانییە. رەبیعی گووتویەتی: "من ژیانم بۆ ئەو مرۆڤانە خستە مەترسییەوە کە لەم وڵاتەدا پەنایان داوم".

کاردانەوەی حکومەت

سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا و کابینەی ئەو وڵاتە سەبارەت بەو رووداوە کاردانەوەیان بووە و ئاواتی چاکبوونەوەیان بۆ برینداران خواستووە. شتێفێن زایبێرت گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتوویەتی: " پێویستە سوپاسی کەسانێکیش بکرێت. سوپاس بۆ جووڵانەوەی خێرای هێزەکانی پۆلیس و ئازایەتی ئەو کەسانەی لەوێ بوون و رێگرییان لە هێرشبەرەکە کرد. ئەوە ئازایەتی بوو". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین