ئێران له‌ كوێى كێشه‌ داراییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا ده‌وه‌ستێ؟ شیکاری ئابوری

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

هه‌رچه‌نده‌ سێ مانگ زیاتره‌ پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى عێراق ته‌رخان كراوه‌، كه‌چى تا ئێستا هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ك ره‌وانه‌ى هه‌رێم نه‌كراوه‌. شاره‌زایان و چاودێرانى سیاسى به‌ دوورى نازانن ئامانجى دواخستنى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ هۆكارى سیاسى بێت و به‌ ده‌ستى ئه‌و لایه‌نانه‌ بێت كه‌ ده‌یانه‌وێ سیاسه‌تى ئێران له‌ عێراق په‌یڕه‌و بكه‌ن.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین:
لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران رێگه‌ى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ ناده‌ن

 

له‌كۆتایى مانگى ئادارى رابردوو بودجه‌ى گشتى عێراق به‌ دیاركردنى پشكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، له‌ په‌رله‌مانى عێراق  په‌سه‌ند كرا. وێراى ئه‌وه‌ى دواتر له‌ مانگى رابردوو رێككه‌وتنێكى تر له‌نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كراوه‌، به‌وه‌ى مانگانه‌ به‌غدا 200 ملیار دینار بنێرێت، كه‌چى تا ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌كراوه‌.

به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو هه‌وڵێكیان داوه‌ كه‌ پابه‌ند به‌ رێككه‌وتن  و یاساكان بن، كه‌چى به‌غدا هه‌ر پاره‌ نانێرێ، ئه‌مه‌یش گومان ده‌خاته‌ سه‌ر  دۆسییه‌كه، وا له‌ چاودێران سیاسى ده‌كات به‌ دوورى نه‌زانن ئێران له‌پشت ئه‌و سیاسه‌ته‌ى به‌غداوه‌ بێت.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "خۆی رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا كراوه‌ و حکومەتی هەرێم هیچ کێشەی نییە، لە لایەنی یاساییش هیچ کێشەمان نییە، چونکە هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە بەرپرسیارییەتی خۆی، پابەندە بە رێککەوتنەکە، ئامادەیە ته‌واوى رێکكەوتنەکە جێبەجێ بکات".

سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى پابه‌ندنه‌بوونى به‌غدا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى كوردستان گوتى، "هەندێ لایەنی سیاسی کە لەبەر چەند هۆکارێکی سیاسى، ئاشکرا هەوڵ دەدەن کێشەکان چارەسەرنەکرێن و بەشەبودجەی هەرێم نەنێردرێت. ئەو لایەنانەش وەک دەزانرێت شیعەن، مەبەستی تایبەتیان هەیە، ئەو  لایەنە سیاسیە شیعانەش بڕیاری خۆیان لەدەستی خۆیان نییە، بە دەستێوەردانی دەرەکی بە تایبەت ئێران کار دەکەن".

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ پێشتریش كه‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا تێكچووه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم بڕدراوه‌، ئه‌وا به‌هۆى ئه‌و لایه‌نانه‌وه‌ بووه‌ كه‌ سه‌ربه‌ ئێرانن، سه‌رسوڕمانى خۆیشى له‌وه‌ ده‌رده‌بڕێ كه‌ ئێران په‌یوه‌ندییه‌كى باشى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ كه‌چى ئه‌و كاره‌ ده‌كات.

هیوا سه‌ید سه‌لیم:
ئێران ده‌یه‌وێ هه‌مووان بخاته‌ ژێر ركێفى خۆیه‌وه‌



هیوا سه‌ید سه‌لیم وه‌ك چاودێرى سیاسى قسه‌ى بۆ نوچه‌نێت كرد، وێراى دووپاتكردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى ئێران له‌پشت زۆربه‌ى سیاسه‌ته‌كانى به‌غدا له‌به‌رانبه‌ر هه‌رێم ده‌وه‌ستێت، گوتى، "هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێران ده‌یه‌وێ هه‌موو لایه‌كان بخاته‌ ژێر ركێفى خۆیه‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێم ئاماده‌ نییه‌ سازشى له‌گه‌ڵ بكات، بۆیه‌ ئاسته‌نگى بۆ ده‌نێته‌وه‌".

هیوا سه‌ید سه‌لیم له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت گوتیشى، "ئێران لەبەشێکی ئەو ناکۆکیانە و ئەو ساردییانەی کە لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەن، بە تایبەتی لە دوو ساڵی دوایی رۆڵی هەبووە، هه‌وڵى داوه‌ نێگەتیڤانە کاریگەری هەبێت بۆ ئەوەی هەرێم و بەغدا نەگەنە ڕێککەوتن".

ئیحسان شه‌مه‌رى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى بیركردنه‌وه‌ى سیاسى له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ و  چاودێره‌ سیاسییه‌ هاوڕا بوو له‌وه‌ى ئێران به‌ چه‌ندان شێوازى جیاواز هه‌وڵ ده‌دات به‌ربه‌رست بۆ كوردستان دروست بكات، شه‌مه‌رى گوتى، "بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌و لایه‌نانه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ عێراقن و له‌گه‌ڵ ئێران هاوپه‌یمانن، ئه‌وان ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ یاساى بودجه‌ جێبه‌جێ بكرێت، بۆئه‌وه‌ى رێگه‌ له‌ پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان بگرن و حكومه‌ت هه‌رێم له‌به‌رانبه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ى شه‌رمه‌زار بكه‌ن و ناڕه‌زایى له‌ناو بنێنه‌وه‌، له‌ لایه‌كى تریش حكومه‌تى كازمى شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن.

ئینتیفاز قه‌به‌ر كه‌ چاودێرێكى سیاسی عێراقییه‌ و له‌ واشنتن داده‌نیشێ و پێشتر جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێك له‌ حزبه‌ دیاره‌كانى عێراق بووه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت كه‌ پێشتر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، له‌پشت هه‌موو كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئێران وه‌ستاوه‌.

ئیحسان شه‌مه‌رى:
ئێران ده‌یه‌وێ حكومه‌تى هه‌رێم و عێراق شه‌رمه‌زار بكات

 

قه‌نبه‌ر ده‌ڵێ، "ئەو ناکۆکییەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە هی هەولێر و بەغدا نییە، بەڵکو هى تاران و هەولێرە، ئەوانەی لە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕن و هێرش دەکەنە سەر هەولێر بەکرێگیراوی تارانن ئەو کارە دەکەن، سەرەرای ئەوەی حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکی هاوسەنگ و باشى لەگەڵ تاران هەیە، بەڵام ئێران حکومەتێکی مەدەنی ناوێ کە هاوسەنگ بێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، بەڵکو دەیەوێت وەک بەغدا کۆنتڕۆڵی بکات، ئەمەش روونادات چونکە گەلی کورد و حزبەکانیش  رێگە بەوە نادەن و قبوڵی ناکەن".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین