قەیرانی بێئاوی لە ١٠١ شاری ئێران سه‌رهه‌ڵده‌دات ئابووری جیهان

نوچه‌نێت

ڤیدیۆ و وێنەکانی ئەو گوند و شارانەی ئێران کە تووشی وشکەساڵی هاتوون و رووبەڕووی قەیرانی بێئاوی بوونەتەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان داگرتووە. کوژانەوە و پچڕانی کارەبا لە گەرمای هاویندا، ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە تەنانەت ئاوی خواردنەوەیش بە رادەی پێویست لەبەر دەست نییە، مەترسی بۆ تەندروستی خەڵک دروست کردووە.

هەندێ لە هاووڵاتیان و رێکخراوە مەدەنییەکانی ئێران، ماوەی چەند رۆژە، هەڵمەتێکیان دەست پێکردووە و داوایان کردووە خەڵک یارمەتی بدەن بۆ گەیاندنی ئاو بۆ ئەو ناوچانەی تووشی قەیران بوونەتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش دەڵێن، هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغێک کە پسوولەی ئاو پێویست بێت، ئەوە لە کاتێکدایە هەر ئێستا ١٠١ شاری ئەو وڵاتە لە رووی دابینکردنی ئاوەوە، لە دۆخی سووردان.

رۆژی یەکشەممە چواری تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندێنت" لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئێران دەڵێن، هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئاو لە ئێران، کەمبوونەوەی رێژەی بارینە، بەڵام شارەزایانی ژینگە، لەو بڕوایەدان شێوازی ئیدارەدانی ناکارامە و نازانستیانەی سەرچاوەکانی ئاوی ئەو وڵاتە، لە سەرهەڵدانی ئەو دۆخەدا کاریگەری هەبووە. 
دوێنێ یەکشەممە، حەمید رەزا جانباز، کارگێڕی گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕێ، لە میانەی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە کەمبوونەوەی ٥٢٪ی رێژەی بارین لە بەرارود لەگەڵ ساڵی پار، لە شەش دەڤەری ئاوەڕۆی ئێراندا کرد و گوتی: " کەمبوونەوەی رێژەی بارین لە دەڤەری رۆژهەڵات و ناوەندی دەشتی ئێران بە ڕێژەی ٥٣٪ و کەمترین رێژەی کەمبوونەوەی بارینەکان لە باکووری رۆژئاوا و دەڤەری ئاوەڕۆی دەریاچەی ورمی، بە رێژەی ١٣٪ بووە".

به‌هۆى كه‌می بارین و خراپى كارگێڕى
قه‌یرانى ئاو به‌رۆكى ئێرانییه‌كان ده‌گرێت

 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا"، حەمید رەزا جانباز گوتی، "جگە لە کەمبوونەوەی رێژەی بارین، بەرزبوونەوەی نائاسایی و خێرای پلەی گەرمایش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە وڵاتدا، ئەوەش لە هاوینی ئەمساڵدا هەندێ کێشەی دروست کردووە. نزیکەی ١١٪ی ئەو ئاوەی لە مانگە گەرمەکانی ساڵدا بەکاردەهێنرێ بۆ مۆبەڕیدەکان دەبێت".

کارگێڕی گشتیی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕێ، لەو کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەدا کە دوای پەرەسەندنی نیگەرانییەکان دەربارەی بارودۆخی دانیشتوانی سەرسنوورەکان و شار و گوندە پەراوێزەکانی ئەو وڵاتە، بە هۆی کەمبوونی ئاو، بەڕێوە چوو، گوتی: " ٣٠٤ شاری وڵات تووشی گرژی ئاو بوونەتەوە".

گرژی ئاو، ئاماژەیە بۆ دۆخێک کە تیایدا رێژەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئاو بەرانبەر بن، بەڵام دۆخی سوور ئاماژەیە بۆ هەلومەرجێک کە تیایدا رێژەی بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی ئاو، بەرانبەر نییە و رێژەی خواست و پێداویستی زیاترە لە توانای بەرهەمهێنان.

بە گوتەی جانباز، لە ئێستادا لەناو ئەو شارانەدا کە رووبەڕووی گرژی ئاو بوونەتەوە، ١٠١ شار لە دۆخی سووردان، سەرەڕای ئەوە، جانباز رایگەیاندووە، هێشتا " بارودۆخەکە بەو جۆرە نییە پێویست بە پسوولەی ئاو بێت".

ئەو بەرپرسە روونی نەکردووەتەوە کە ئەو شارانەی کە لە دۆخی سووردان، دەبێ بگەنە چ قۆناغێک کە دۆخی نائاسیی رابگەیێندرێت، بەڵام راپۆرتە مەیدانییەکانی میدیاکان و دانیشتوانی خۆجێیی و ڤیدیۆ و وێنەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە، دەرخەری قەیرانن، بە جۆرێک کە تەنانەت ئاوی خواردنەوەی تەندروستیان لەبەردەست نییە.

لە رۆژانی رابردوودا، رێکخراوە مەدەنییەکان، و لەوانە "کۆمەڵەی دەرکەوتنی بێ ناونیشانەکان" و "کۆمەڵەی خوێندکارانی ئیمام عەلی" هەڵمەتێکیان دەست پێکردووە و داوایان لە خەڵک کردووە ئاو بگەیێننە ئەو ناوچانەی تووشی بێئاوی بوونەتەوە.

قەیرانی ئاو لە چەند پارێزگا، و لەوانە سیستان و بەلووچستان، ئەویش لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنای دەلتا، هەموو ئەو پارێزگایە تینەوەتەوە و نەخۆشخانەکان پڕ بوون لە تووشبووان، دۆخێکی قووڵتر لە قەیرانی درووست کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە شێوازی کارکردنی سیستەمی گەڕۆکی گەیاندنی ئاو، رەخنەی زۆری لێکەوتووەتەوە.

پێشتر، رەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ئێران، رایگەیاندبوو لە سەردەمی کابینەی حەسەن رۆحانیدا، ١٠ ملیۆن دانیشووی گوندەکانی ئێران دەستیان بە ئاوی خواردنەوە گەیشتووە. ئەردەکانیان، لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئەو هەواڵەی راگەیاند کە ژمارەی دانیشتوانی گوندەکان لە ئێران، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەسە، تەنانەت ئەگەر ئەو ئامارەی کە وەزیری وزە رایگەیاندووە، دروست بێت، نزیکەی ١٠ ملیۆن کەسی تر لە دانیشتوانی گوندەکانی ئێران ئاوی خواردنەوەی تەندروستیان لەبەردەست نییە.

قەیرانی ئاو بە هۆی بارینی کەمەوە، دیاردەیەکی نوێ نییە کە بەرپرسانی ئێران چاوەڕوانیان نەکردبێ، ئەوەی بووەتە هۆی پەرەسەندنی رەخنەکان سەبارەت بەو پرسە، کەڵکوەرگرتنی نابەجێ لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەویی، کارگێڕیی ناکارامەی سەرچاوەکان و نەبوونی توانای گەیاندنی ئاو بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەیە کە لە گەرمای سووتێنەری هاویندا هەم تووشی پچڕانی کارەبا، هەم بێئاوی و هەم ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین