حکومەتی ئێران: قەیرانی کارەبا درێژەی دەبێت ئێران

نوچه‌نێت

هاوکات لەگەڵ بەردەوامی پچڕانی کارەبا لە ئێران کە ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە، حکومەت رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەدا، "دەسەڵاتی تایبەت" دەبەخشێتە وەزیری وزە. سەرەڕای ئەوە، حکومەت رایگەیاندووە، "قەیرانی پچڕان" بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە حه‌وت تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەراوێزی سەردانی لە یەکێک لە ناوەندەکانی دابەشکردنی کارەبا، پێشبینی کردووە "ئەوپەڕی، تا کۆتاییەکانی مانگی تەمووز" پچڕانی کارەبا بەردەوام دەبێت.

حوسێن حوسێن زادە، ئەندامی کۆمسیۆنی وزەی پەرلەمانیش بە ماڵپەڕی "تەسنیم"ی گوتووە، قەیرانی کارەبا "لە یەک مانگی داهاتوودا ئێجگار زۆر دەبێت".

گەرمای زۆری هەوا و هەروەها شەپۆلی نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و كه‌مى ئاو، بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزاییەکان لە پچڕانی کارەبا.

حکومەتی ئێران کە بە تووندی رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، هەوڵ دەدات بۆ سێکتەری پیشەسازیی هەندێ سنوور دابنێت، بۆ ئەوەی رێژەی بەکارهێنانی کارەبا لەو سێکتەرەدا کەم بکاتەوە بۆ ١٠٪. هەروەها بە گوتەی جەهانگیری، "بەپێی مادەی ١٢٧ و ١٣٨ی دەستوور"، حکومەت  بڕیاری داوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، دەسەڵاتی تەواو بە وەزارەتی وزە بدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین