رێزان شێخ دلێر: زۆر قووڕسه‌ ژن بیت له‌ عێراق بژیت هەواڵ

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

هه‌وڵى هەموارکردنەوەى مادده‌ى 57 ى یاسای باری کەسی عێراق ده‌كرێت، كه‌ له‌كاتى جیابوونه‌وه‌ دایك له‌ به‌خێوكردنى منداڵه‌كه‌ى بێبه‌ش ده‌كات، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زاییه‌كى زۆرى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، رێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتارى عێراق وێراى ره‌خنه‌گرتن له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌، دووپاتی دەکاتەوە ئەو كاره‌ مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت و ده‌شڵێ، "به‌ڵام زۆر قووڕسه‌ له‌ عێراق بیت و ژن بیت، بشبینى ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییه‌ به‌رانبه‌ر ژنان ده‌كرێت".

هه‌مواركردنه‌وه‌ى مادده‌ى 57 له‌ یاساى بارى كه‌سى مشتومڕێكى له‌ عێراق دروست كردووه‌ و زۆربه‌ى رێكخراوه‌كانى بوارى ئافره‌تان و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و رێكخراوه‌كانى بوارى مافى مرۆڤ هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ به‌ پێشێلكاریى به‌رانبه‌ر ئافره‌تان ده‌زانن. وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و مادده‌یه‌ى كه‌ ئێستا جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌ كاتى جیابوونه‌وه‌ى ژن و مێرد مافی له‌‌خۆگرتنى منداڵه‌كه‌ به‌ دایكه‌كه‌ ده‌كات، له‌وانه‌ تا 10 ساڵى مافى له‌خۆگرتن بێ هیچ مشتومڕێك به‌ دایك ده‌دات، دواتر دادوه‌ر ده‌توانێ ئه‌م مافه‌ تا ته‌مه‌نى 15 ساڵى منداڵه‌ له‌ئه‌ستۆگیراوه‌كه‌ ماوه‌ى له‌خۆگرتنه‌كه‌ بۆ دایكه‌كه‌ درێژ بكاته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ منداڵه‌كه‌ سه‌رپشك ده‌كرێ له‌ هه‌ڵبژاردنى دایكى یان باوك، به‌ڵام ئێستا ماده‌ پێشنیاركراوه‌كه‌ ته‌نیا حه‌وت ساڵ ماف به‌ ژنه‌كه‌ ده‌دات، دواتر منداڵه‌كه‌ بۆ باوكى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باوكیشى نه‌ما، ئه‌وا به‌ باپیره‌ى ده‌درێته‌وه‌ و دایكه‌كه‌ هیچ مافێكى نابێت.

رێزان شێخ دلێر:
هه‌مواركردنه‌وه‌ى ماده‌ى 57 مه‌ترسى له‌سه‌ر كوردستان نییه‌

 


رێزان شێخ دلێر ئەندام پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێکی بۆ "نوچەنێت" باس لە خراپی هەموارکردنەوەی ئەو مادده‌ یاساییە دەکات و دەڵێت، " لە پەرلەمانی عێراق پێشنیارى ئەوە کراوە، پێشنیاره‌کەش زۆر خراپە چونکە دایکەکە ناچار دەکات لە لای منداڵەکە بمێنێتەوە، ناشبێ شوو بکاتەوە. ئەگەرهاتوو ئەو دایکە شووی کردەوە ئەوە مافی لە خۆگرتنی منداڵاکەی لەدەست دەدات. هەروەها دوای حەوت ساڵ منداڵەکە  دەدرێتەوە بە باوک، ئەگەرهاتوو باوک لە ژیاندا نەما یان هەر شتێکی بەسەر بێت، منداڵەکە نادرێتەوە بە دایک، دیسانەوە دەدرێتەوە بە ماڵە باپیران. کە ئەمەش بەڕاستی زۆر قووڕسە، بۆیە وا لە ژنەکە دەکات کە گرنگی بە هەبوونی نه‌درێت، تەنیا وەکو ئالەتێک ئەو منداڵە بەخێو بکات و گەورەی بکات دوای حەوت ساڵ بیداتەوە دەست باوکی بەبێ ئەوەی هیچ مافێکی بمێنێت بەسەر ئەو منداڵە. تۆ وەکو ژنێک پێت قووڕسە لە ناو عێراقدا بژی و ئەو جۆرە پێشێلکاریە بەرانبەر بە ژن ببینی، هەست بەوە بکەی مافەکانی ژنان بەرەو دواوە بڕوات".

سەبارەت بە کاریگەری ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان رێزان شێخ دلێر دووپاتی کردەوە، هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە مەترسی لەسەر هەرێـمی کوردستان نابێت چونکە  کوردستان یاسای تایبەت بە خێزانی هەیە، بەڵام مەترسی لەسەر ناوچەکانی دەرەوی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەو ئەندام پەرلەمانتارە گوتی، "بە دڵنیایەوە بۆ هەرێمی کوردستان مەترسی نابێت، لەبەرئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان یاسای تایبەت بەخۆمان هەیە، ئێمە ئەو یاسایەمان رێکخستووە، هەتا بابەتی لەخۆگرتن و سەردانیكردنیش واتا بینینی منداڵ چ بۆ دایک چ بۆ باوک. بابەتی لەخۆگرتنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان منداڵ تا تەمەنی ١٥ ساڵ تەواو دەکات لە لایان دادگاوە پرسیاری لێ دەکرێ کە ئایا دەمێنێتەوە  لای دایکی یان دەچێتە لای باوکی. هەروەها بینینی منداڵیش لە هەرێمی کوردستان چارەسەر کراوە، کە هەفتەی رۆژێک منداڵەکە بۆ ماوەی شەو رۆژ دەتوانێ لای باوکی بمێنێتەوە واتا بیست و چوار کاتژمێر، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەو کێشانەمان نییە"

وەک رێزان شێخ دلێر ئاماژەی بۆ دەکات مەترسی سەرەکی بۆ ئەو ناوچە کوردستانیانەیە کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، ئه‌و دەڵێت، "بەڵام ئێمە نابێ بڵێین مەترسی لەسەر ئێمە نییە ئەگەر لە هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیەمان نییە، چونکە کەرکووک، خانەقین، مووسڵ ، دیالە، ئەوانە هەموو ناوچەی کوردستانین لە دەره‌وەی هەرێمی کوردستانن کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو ناوچانە".
بەڵام ئایا ناکرێت وەک چەندان یاسای تر لە هەرێمی کوردستان خراپ بەکار بێت، لە نموونەی یاسای  قەدەغکردنی فرەژنی هەرچەندە لە کوردستان قەدەغە کراوە، بەڵام هەندێک لە پیاوان پەنا دەبەنە بەر دادگاکانی دەرەوی هەرێم بۆ هێنانی ژنی دووەم و سێیەم، رێزان شێخ دلێر لەسە ئەم خاڵە دەڵێت، "بەڵی وایە، بابەتی هاوسەرگیری جیاوازە لەبەر ئەوەی زۆری پیاوان دەچنە دادگاکانی دەرەوەی هەرێم ئەو پرۆسەیە دەکەن، بەڵام ئەو بابەتە پەیوەندی هەیە بە دانیشتنی دایکەکەوە، دایک لە هەرێمی کوردستان دادەنیشێ و منداڵەکەی لە هەرێمە، بۆیە باوکەکە ناتوانێ بچێتە کەرکووک و یاخود هەر شوێنێکی تر، مەگەر باوکەکە خۆی بچێتە کەرکووک یاخود خانەقین نیشتەجێ ببێت، ئەوەیان جیایە بێگومان ئەگەر باوکەکە لە کەرکووک بێت یاخود لە هەر شوێنیکی تر بێت، سکاڵا لەسەر دایکەکە تۆمار بکات ئەوە دەچەسپێت لەسەریدا".  

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین