گولیزار ره‌شید: بۆ هەرزانکردنی نرخی بەنزین حکومەت چەند هەنگاوێک دەنێت کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

گولیزار ره‌شید سندى جێگری لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە نوچەنێتی راگەیاند، دوای جەژن کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی نرخی بەنزین ئەنجام دەدرێت ئەو پێشنیارانەش ئاشکرا دەکات کە بۆ ئەو ئامانجە کراوە.

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ى ته‌مووز گولیزار ره‌شید جێگری لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە دیمانەیەکی کورتی نوچەنێت باسى لە کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کرد و گوتی، "هەوڵ دەدەین کێشەی بەنزین بە یەکجاریی چارەسەر بکەین"  ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند مانگێکە بەردەوام نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە لە چەند شوێنێک نرخی یەک لیتر بەنزین بە ٨٠٠ دینار دەفرۆشرێت.

لەو بارەیەوە گولیزار ره‌شید دەڵێت، "بەپێی ئەوەی ئێمە پێمان گەیشتوە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان نرخی یەک لیتری  بەنزینی( محسن )ی لە سنووری ٧٥٠ دینار داناوە و بەنزینی كۆمپانیاى (کار) یش لە سنووری ٦٦٠ دینارە، ئێمە وەکو لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمان جەختمان لەسەر ئەوە کرد بووه‌وه‌، کە دەبێت لە هەموو  بەنزینخانەکان نرخی بەنزین وەکو یەک بێت، بۆ نموونە ئەو نرخەی کە دانراوە لە هەندێك بەنزینخانەکان هەمان نرخ نییە. واتا هەندێ بەنزینخانە نرخی یەک لیتری بەنزین بە ٨٠٠ دینار دەفرۆشێت".

نایەکسانی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان کێشەی بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە بۆ ئەمەشیان ئەو ئەندام پەرلەمانە باس له‌وه‌ ده‌كات به‌هۆى زۆری به‌نزینخانه‌كان ناتوانن كۆنتڕۆڵ بكرێت، گولیزار سندى گوتى، "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت لەبەر ئەوەی ژمارەی بەنزینخانەکان زۆرن بۆیە ناتوانین کۆنترۆڵی هەموو بەنزینخانەکان بکەین. بەڵام ئەوە ئیشی قایمقامیەتە کە دەبێت بەدواداچوون لەسەر ئەو بەنزینخانانە بکات. کە ئەوانەی بە پێچەوانەی رێنمایەکانی وەزارەت مامەڵە دەکەن، نرخەکانیان دەستکاری کردووە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخەکانی جێگیر کردووە، هەندێ بەنزینخانە رێنمایەکانیانی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەندێکیان هەر وەك پێشتر بەنزین دەفرۆشن بە نرخی گران، وەکو بەنزینخانەکانی تر رێنمایەکانیان جێبەجێ نەکردووە، دیسان دەیڵێمەوە ئەوە ئیشی قایمقامیەتە کە بەدواداچوون لەگەڵ ئەو بەنزینخانانە بکات ،لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ هاووڵاتی ئاگادار بێت کە نەچێتە ئەو بەنزینخانانەی کە نرخەکانیان گران کردووە، دەبێ بایکۆتی ئەو بەنزینخانانە بکەن".

بڕیاره‌ لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دوای جەژن لەگەڵ هەر یەک لە نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نوێنەری وەزارەت ناوخۆ و نوێنەری هەر چوار پارێزگاکانی هەرێم کۆببێنه‌وه‌، گولیزار ره‌شید ئامانجى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ ، " لیژنەیەک پێک ده‌هێنین بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم کێشەیەو دۆزینەوەی چارەسەر و بنبڕکردنی کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان".

سه‌باره‌ت به‌ پێشنیاره‌كانیش ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى، "پێشنیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایانەی کە هاوردەی بەنزین دەکەن بەپێی تەندەرەکان کە کاری لەسەر دەکەن، دەبێ ئێمە بزانین بۆ نموونە ئەگەر لە ئێران بەنزین هاوردە دەکەن دەبێ بزانین لەوێ بە چ نرخێک دەیکرێ و هەروەها قازانجیشی چەندە، هەتا دەیگەینێتە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئێمە جه‌خت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە دەبێت بەنزین بە کواڵێتیەکی باش و بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە سنوورەکان دەرباز ببێت بە کواڵێتیەکی باش بگاتە هەرێمی کوردستان" .

جگێرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى سامانه‌ سروشتییه‌كانى په‌رله‌مان باسی لەوەش کرد، "پشتگیری وەزارەتی سامانە سروشتیيەکان ئەوەیە کە پێشتر کۆمەڵێک رسوماتی خستبووە سەر کۆمپانیاکان وەکو باجێک، رەنگە نرخی ئەو باجە کەم بکرێتەوە. ئەمە وەکو پاڵپشتییەکە بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان کە بەنزین دابەش دەکەنە سەر بەنزینخانەکان بە نرخێکی گونجاو پێیان بفرۆشن و بیانووی ئەوەیان نەمێنێت کە بڵێن باجمان زۆر لەسەرە، لەلایەکی تر ئێمە وەکو لیژنەی سامانە سروشتییەکان  لە پەرلەمانی  کوردستان زۆر جه‌ختمان کردووته‌وە لەسەر ئەو یاسایەی کە پێش چەند مانگێک دەرمانكردبوو لە پەرلەمانی کوردستان کە ٩٨ ئەندام پەرلەمان پەسەندی کرد بوو، کە نابێت جیاوازی بکرێت لەنێوان کۆمپانیاکان، بەڵکو دەرفەت بدرێتە هەموو کۆمپانیاکان ئەوانەی هاوردەی بەنزین دەکەن، بەڵام بە پێی رێنمایی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، هەروەها نابێت پارێزگاکان خۆیان مۆڵەت بدەنە کۆمپانیاکان بەبێ رەزامەندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان" .
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین