ئەنکەرە چی لە هەولێر و بەغدا دەوێت؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لە چەند هەفتەی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق هەندێک گرژییان بەخۆوە بینی، هەمانکات ماوەی رابردوو هەندێک جموجووڵی بەخۆوە بینی لە لایەنی تورکییەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سیاسەتی دەرەکی تورکیا لە بەرانبەر عێراق، پشتی بە کاری هاوبەش دەبەست لەنێوان هەردوولا، بەڵام کرۆکی سیاسەتەکە بریتییە لەو هەڕەشەیەی لە خاكی عێراقەوە هەڕەشە لە تورکیا دەکات و بریتییە لە پارتی کرێکارانی کوردستان.

بۆ ئەمەش، تورکیا بەم دواییانە کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردانان بۆ ئەم هەڕەشانە و کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغداد.


كازمى ویستوویه‌تى باسى وه‌ستاندنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا باس بكات
به‌ڵام ئه‌ردۆغان خۆى له‌ بابه‌ته‌كه‌ گرتووه‌

سەردانێک کە دەمێک بوو چاوەڕوانی لێدەکرا... کازمی لە ئەنکەرە

لە ١٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٠ سەرۆکوەزایرانی عێراق مستەفا کازمی بە سەردانێک گەیشتە ئەنکەرە، سەردانێک کە زۆر جار دواخرا، چوار جار ئەردۆغان داوای ئەو سەردانەی کردبوو، دواجار کازمی ڕۆیشت بۆ ئەنکەرە، کە یەکەم سەردانی فەرمیی ئەو بوو بۆ تورکیا لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لە تەمموزی ٢٠٢٠.

سەرۆکی تورکیا لەو سەردانەی کازمیدا هەوڵیدا هێڵەکانی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات دابنێ بۆ داهاتوو، وەکوو هەندێک ڕێککەوتنامەی بازرگانی، بەشداریی تورکیا لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق، بەڵام بابەتی هەرە دیار بریتی بوو لە بابەتی هاریکاریی نێوان ئەنکەرە و بەغدا و هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٨٤ وە لە دژی تورکیا دەجەنگێت.

لە ئابی ٢٠٢٠ گرژییەکانی نێوان بەغدا و ئەنکەرە ڕوویان لە زیادی کرد، کاتێک فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا دوو فەرماندەی عێراقیی کوشت لەسەر سنووری عێراق تورکیا، کە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیادا بوو بۆ کردنە ئامانجی پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو خاکی عێراقدا، ئەوکاتە بڕیار بوو وەزیری بەرگریی تورکیا خلوسی ئاکار سەردانی بەغدا بکات، بەڵام بەهۆی ئەو ڕووداوە عێراق داوای دواخستنی سەردانەکەی کرد.

ئەردۆغان ویستی لە سەردانەکەی کازمیدا بۆ ئەنکەرە کەشی پەیوەندییەکان ئارام بکاتەوە، لە ڕێگای خستنە بەر باسی ژماریەک دۆسیە کە دەکرێ هەردوو وڵات بەشدارییان تێدا بکەن لە ئاییندەیەکی نزیکدا، بەڵام زیاتر لەوەدا چڕی دەکردەوە کە پێویستە تورکیا و عێراق هاریکاریی یەکتر بکەن بۆ جەنگان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەشدا ئەردۆغان وتی "بێ ڕەچاوکردنی نەژادیان، یان ئایینیان، جا تورکمان بن یان عەرەب، شیعە بن یان سوننە، ئێمە هەموو گەلی عێراق وەکو برای خۆمان دەبینین، لە ئایندەی تورکیا و عێراقیشدا جێگەیەک نییە بۆ تیرۆریزم".

لە بەرانبەردا، سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی، بێئەوەی راستەوخۆ ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان بهێنێت، وتی "هەڵوێستی عێراق ڕوون و ئاشکرایە، بواری لێبوردەییمان نییە بۆ هەر ڕێکخراوێک لەسەر خاکی ئێمەوە هەڕەشە لە ئاساییشی نەتەوەیی تورکیا بکات".

هەرچەندە کازمی و ئەردۆغان ڕێککەوتنیان کردبوو لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان لە چوارچێوەی پلانی تورکیا لە ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا و کارکردن بۆ زیادکردنی بازرگانیی لەنێوان هەردوو وڵات، کەچی هەندێک لە بەغداوە وایدەبینن کە سەردانەکە شتێکی ئەوتۆی پێ نەبووە بۆ لایەنی عێراقی و گفتوگۆ نەکراوە لەبارەی پرسە هەستیارەکانی نێوان هەردوولا.

یەكێك لە راوێژکارانی کازمی، کە پێی باشبوو ناوی نەهێنرێ، لە لێدوانیدا بۆ (ساسە پۆست) دەڵێت "سەردانی کازمی بۆ ئەنکەرە، خۆی نەدا لە گرنگترین کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەوەتا ئێمە ناکۆکیمان هەیە لەسەر ئاوی ڕووباری دیجلە، ناڕه‌زاییمان هەیە لەبارەی پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن ئەنکەرەوە، بە بڕوای من ئەم سەردانە زیاتر بۆ هێمنکردنەوەی دۆخەکە بوو، زیاتر نەبوو".

شیاوی باسە عێراق خوازیارە تورکیا ئاوی زیاتری ڕووباری دیجلەی بۆ بەڕێبکات بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیی لە عێراق، هەروەها داوا لە تورکیا دەکات ڕابوەستێت لە ئاسانکاری کردن بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردی لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە. بەڵام سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان هیچکام لەم بابەتانەی لەگەڵ کازمی گفتوگۆ نەکرد و تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا نیازی هەیە شارەزایانی وڵاتەکەی ڕابسپێرێت بۆ یارمەتیدانی عێراق لە باشکردنی ڕێوشوێنەکانی ئاودێری.

 

بەڵام عێراق پڕۆژەکانی تورکیای بۆ گرنگ نییە!

كازمى و ئه‌ردۆغان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌ توركیا

 

لەماوەی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان باسوخواسی ئەو پڕۆژانەی لەگەڵدا کرد کە تورکیا دەیەوێت لە عێراقدا ئەنجامیان بدات، لەوانە: خاڵێکی سنووری لەنێوان هەردوو وڵات، دووبارە دروستکردنەوەی هێڵی نەوتیی کەرکووک (ناوچەی کێشەلەسەر لەنێوان بەغدا و هەولێر)، هێڵێکی ئاسنین لەنێوان هەردوو وڵات، هەروەها پڕۆژەگەلی دیکەی ستراتیجی بە ئامانجی بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق.

وا دیاربوو کازمی گرنگی بە بابەتی ئەم پڕۆژانە نەدا، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە هاوبەشەکەشدا ئاماژەی پێنەکردن، لە ترسی ڕەخنە سیاسییە ناوخۆییەکان کە بەرانبەر ئەم جۆرە هاریکارییە دروستدەبن.

عودەی عەواد، پەڕلەمانتار لەسەر لیستی (سادقون)، باڵی سیاسی عەسایبی ئەهلی حەق، یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین گرووپە شیعە چەکدارەکان کە ئێران پشتیوانییان دەکات، بە (ساسە پۆست)ی وت "نیازەکانی تورکیا بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا زانراون، ئەم جۆرە هاوکارییە دەبێت پەردەپۆشکەری دەستێوەردانی زیاتری تورکیا لە کاروباری ناوخۆیی عێراق، بە تایبەت کە تورکیا دەیەوێت ئاوەدانکردنەوەی هەموو ناوچە زۆرینە سوننییەکان بگرێتە دەست".

بەڵام پڕۆژەیەکی گەورە هەبوو، کە بونیاتنانی فڕۆکەخانەی موسڵ بوو، تورکیا زۆر بۆی گرنگ بوو خۆی بیکات و لەکاتی سەردانەکەدا لایەنی تورکی ئەم بابەتەیان لەگەڵ کازمی باسکردبوو، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکەش بە (ساسە پۆست) یان وت کە کازمی بەڵێنی بە ئەردۆغان داوە کە ئەو پڕۆژەیە بدرێتە تورکیا، بەڵام کارەکان بەو ئاراستەیە نەڕۆیشتن!

ئەوەبوو چەند هەفتەیەک دوای گەڕانەوەی کازمی و بە دیاریکراوی لە سەرەتای مانگی یەکدا، پڕۆژەی بونیاتنانەوە و تازەکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ بەر فەرەنسا کەوت لەسەر حسابی تورکیا، لەکاتێکدا تورکیا لە ٢٠١٩ وە چاوەڕوانی وەرگرتنی ئەم پڕۆژەیە بوو!

گرتنەدەستی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیا فەرەنسییەکان، دوا ئەڵقەی ململانێی هەژموون بوو لەنێوان تورکیا و فەرەنسا لە ناوچەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا.

فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر لەبارەی ئەم بابەتەوە وتی "بەڵیندەرە تورکەکان ئۆفەری سەرنجڕاکێشیان پێشکەش کردبوو بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆوە، بەڵام وادیارە کەسێکی دیکە ئە پڕۆژەیە دەکات".

لەم میانەیەدا، بەرپرسیکی عێراقی کە پێی باش نییە ناوی بهێنین چونکە ڕێگەپێدراو نییە قسە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بکات لەمبارەیەوە، بە (ساسەپۆست)ی وت "بە ڕاشکاوی، ئۆفەرەکەی تورکیا بۆ نوێکردنه‌وەی فڕۆکەخانەی موسڵ و بەگەڕخستنەوەی، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری فراۆکسیۆنە سیاسییە شیعەکان بووەوە، هەروەها ئۆفەرە فەرەنسییەکە باشتریش بوو لە تورکییەکە، چونکە ئۆفەری فەرەنسییەکان تەنیا بەشداری بوو لە بونیاتناندا، کەچی تورکەکان پلانیان وەهابوو بونیاتنانەوە و خستنەگەڕ و بەشداری لە بەڕێوەبردنیدا وەربگرن!".

راوێژكارى كازمى:  له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئه‌نكه‌ره‌ كازمى خۆى له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كان به‌دوور گرت
 

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک ئەم کارە وا دەبینن کە رەتکردنەوەیەکی شاراوەی لایەنی عێراقییە بۆ وەبەرهێنانی تورکی، ئەویش لە ترسی فراوانبوونی هەژموونی تورکیا لە عێراقدا، کە دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر هەژموونی ئێرانی لە عێراق، بەڵام هەندێکی دیکە وایدەبینن کە پێویستە دەرگای هاوکاری لەگەڵ تورکیا ئاوەڵا بکرێ، وەکوو هەوڵێک بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەک لە بەرامبەر هەژموونی ئێرانی.

پەڕلەمانتار عودەی عەواد دەڵێت "دوای ئەوەی فەرەنسییەکان مافی بونیاتنانی فڕۆکەخانەی موسڵیان بەدەستهێنا، تورکیا پەیامگەلێکی تووڕەئامێزی بۆ حکومەتی عێراق نارد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ناکۆکییەی هەیانە لەگەڵ فەرەنسا".

تورکیا دەیویست موسڵ و نەینەوا بکاتە ناوەندێکی هەرێمی بۆ پێکەوە بەستنەوەی عێراق و تورکیا، هەروەک نیازی خۆی پیشانداوە بۆ دووبارە دروستکردنەوەی هێڵی بۆرییە نەوتییەکانی کەرکووک، هەروەها بونیاتنانی خاڵێکی سنووریی دووەم لە ڕێگای نەینەواوە بۆ ئاسانکردنی بازرگانیی نێوان تورکیا و بەغدا بێ پێویستبوون بە حکومەتی کوردستان، جێبەجیکردنی ئەمەش سەختە، چونکە عێراق دەخاتە ململانێ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداش ئەمەی ناوێ لانیکەم ئێستا.

عەواد دەڵێت "نیازی تورکیا لەم پڕۆژانە ئەوەیە هەموو ئەو ڕێگایانە بگرێ کە دەکەونە نێوان ئەو ناوچانەی سوریا کە گرووپە کوردییەکان کۆنترۆڵیان کردوون و پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری عێراق، ئێمە کارمان بەوە نییە دەستێوەردان لەم ململانێیەدا بکەین، ئێمە چەندین ئاڵنگاریی ئەمنیی لەوە گرنگترمان هەیە".

ئایا سەردانی وەزیری بەرگریی تورکیا ئاراستەکە دەگێڕیتەوە بۆ ڕووگەی خۆی؟

لە پاشهاتی سەردانەکەی کازمی بۆ تورکیا، ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی مانگی یەکی ئەمساڵ وەزیری بەرگریی تورکیا خولوسی ئاکار سەردانی بەغدا و هەولێری کرد بە یاوەریی شاندێکی باڵا کە لە ناویاندا سوپاسالاری تورکیا یەشار گیولەر هەبوو.

خولوسی ئاکار بۆ ئەوە هاتبوو باسوخواس لەبارەی کێشە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات بکات، ئەوە بوو لەگەڵ هەریەکە لە وەزیری ناوخۆی عێراق و سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح کۆبووەوە، هەروەک لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

هەروەک لە سەردانەکەشیدا بۆ هەرێمی کوردستان چاوی کەوت بە هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسعود بارزانی رابەری پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێم کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەنکەرە هەیە.

لەماوەی سەردانەکەی کازمی بۆ ئەنکەرە، زۆر کێشەی هاوبەشیی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات گەنگەشە کران، وەکوو کارکردن لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سنجار، دەرکردنی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شارۆچکەی مەخموور، سەردانەکەی خولوسی ئاکاریش بۆ جەختکردنەوە هات لە کارکردن و هاوکاریکردن لەگەڵ هەردوو حکومەتی بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەری ئەم پرسانە.

ئاکار لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر وتی "لەسەر زۆر بابەت ڕێکەوتین، لە گفتوگۆکردنیش بەردەوامدەبین، بڕوایشم وایە بەمزووانە ئەمە لەسەر ئەرزی واقیع ئەنجامی ئەرێنی لێدەکەوێتەوە"، ئاکار ڕایگەیاند کە نیازێکی ئاشکرا هەیە لە هەردو لایەنی کوردی و عێراقییەوە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ تورکیا لە جەنگان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.

بەڵام ئایا ئەم ئارەزووەی تورکیا دێتەدی و ئەوەی دەیخوازێت لە حکومەتی ناوەندی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دێتەدی؟ هەوڵدەدەین گرنگترین کێشە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات باسبکەین، کە خۆی دەبینێتەوە لە دەرکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر خاکی عێراق، ئایا ئەم کارە لەسەر ئەرزی واقیع بە ئاسانی بەرجەستە دەبێت؟ وەکو ئەوەی وەزیری بەرگریی تورکیا خولوسی ئاکار وتی؟

ڕێککەوتنامەی سنجار...بەرژەوەندیی تورکیا لەگەڵ بەرژەوەندیی عێراق دژیەک دەبنەوە

لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ حکومەتی ناوەندیی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی هاوبەشیان واژووکرد لەبارەی ناوچەی سنجار، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و باکووری عێراق. سنجار زۆرینەیەکی ئێزدی هەیە، سنجار ساڵی ٢٠١٤ لەسەر دەستی داعش رووبەڕووی چەپەڵترین جۆری تاوان بووەوە دوای ئەوەی ڕێکخرای دەوڵەتی ئیسلامیی داعش دەستی بەسەرداگرت.

بەپێێ ڕێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێر، هێزەکانی حکومەتی ناوەندیی لە ناوچەکە بڵاودەکرێنەوە، هێزێکی پۆلیسیش لە ٢٥٠٠ کەس پێکدەهێنرێت، چاکسازی لە کارگێڕیی ناوچەکە دەکرێت، قایمقامی سنجار هەڵدەبژێردرێت، کە لەنێوان حکومەتی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی بەغدا جێبەجێدەکرێت، کاریش دەکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە کە لەپاش جەنگی داعش پێویستی پێیەتی.

ڕێککەوتنەکە کەوتەبەر ڕەخنەی بەشێک لە دەستەبژێری سیاسی لە بەغدا، بەو بیانووەی ئەم ڕێککەوتننامەیە سازشی زۆری تێدایە لەلایەن حکومەتی کازمییەوە لە بەرژەوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەڵام ئەمە تاکە ڕەخنە نییە لەسەر ڕێککەوتننامەکە؛ چونکە ئێزدییەکانیش بە دڵیان نییە، کە ئیدارەیەکی خۆجێییان دروستکردووە و هێزی سەربازیشیان هەیە بەناوی یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال، بۆ پاراستنی خەڵکەکە لە هێرشی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەغدا و هەولێر، دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە سنجار بکشێنرێنەوە، کە چەند یەکەیەکی حەشدی شەعبی تێدایە بە تایبەت ئەوانەی سەر بە ئێرانن، هەروەها هێزەکانی بەرخودانی شەنگال، کە بەشێکیان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستا ڕاهێنانیان پێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، تورکیا دەیەوێت هەرچۆن بووە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بۆ مسۆگەرکردنی زاڵبوون بەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا، بەڵام هێزە جیاجیاکانی ناو سنجار ڕەتیانکردەوە واز لە پێگەکانیان بهێنن بۆ هێزەکانی حکومەتی ناوەند.

هاوپەیوەند بەمە، شاندێکی نوێنەرانی ئەنجوومەن و یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ سەردانی بەغدایان کرد و ڕایان گەیاند ڕێککەوتننامەکە ڕەتدەکەنەوە و داوای ئۆتۆنۆمیشیان کرد بۆ ناوچەکە، بەڵام حکومەتی بەغدا هیچ ڕەزامەندییەکی پیشاننەدا بۆ داخوازییەکانی شاندە ئێزدییەکە، دوای ئەم سەردانەش هێزەکانی عێراق نزیکەی حەوت هەزار سەربازی عێراقییان لەسەر سنووری سوریا لە سنجار بڵاوکردەوە.

ئەم کارە گرژییەکانی سنجاری زیاتر کرد، خۆپیشاندان ڕێکخرا بۆ ناڕەزایی دەربڕی لە بەرانبەر هەوڵەکانی ئەو هێزە پۆلیسە ناوخۆییەی ئێستا لە سنجارن.

سەرچاوەیەکی کوردی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە بە (ساسەپۆست)ی وت "تورکیا دەیەوێت ڕێککەوتنامەی سنجار جێبەجێبکرێ، بۆ ڕێگریی لە پارتی کرێکارانی کوردستان لەوەی کە چەک و چەکدار لە سنجارەوە بگوێزێتەوە بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر دەستی کورداندایە، بەڵام نە بەغدا و نە هەولێر تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکەن، ئەم ناوچەیە دەکەوێتە ژێر سایەی گەلێک بەرژەوەندییەوە".

ناوچەی سنجار بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان، کە کردوویەتیە دەروازەیەکی ئاسان بۆ گەیشتن بە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کوردانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بەسەریاندا زاڵن.

هەروەک یەکەکانی حەشدی شەعبیی سەر بە ئێران ڕەتیدەکەنەوە ناوچەکە بەجێبهێڵن، لە هەمان کاتدا حکومەتی بەغدا وایدەبینێت هەبوونی حەشدی شەعبی و یەکینەکانی بەرخودانی شەنگالی تاڕادەیەک گرێدراو بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا وەکو بەربەستێک وایە لەدژی هەر هێرشێکی گریمانەیی لەلایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی.

لەم میانەیەدا، وا دیارە تورکیا سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە لە چوارچێوەی پلانەکانیدا بۆ جەنگان لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان وەزیری بەرگری تورکیا خولوسی ئاکار و حکومەتی بەغداد، بە (ساسەپۆست)ی وت "دەتوانین سەردانەکەی ئاکار کورتبکەینەوە لە خواستی تورکیادا بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سنجار، ئەوەبوو وەزیری بەرگریی تورکیا پێشنیازی کرد لە ڕۆژئاوای موسڵ خاڵی پشکنینی تورکی دابنرێن بۆئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ناچاربکرێ ناوچەکە بەجێبهێڵێت".

بەپێی سەرچاوەیەکی عێراقیش، پێشنیازەکەی ئەم دواییە بە دانانی خاڵی پشکنینی تورکی، لەلایەن بەغداوە ڕەتکراوەتەوە، کە خۆی لە خۆیدا بوونی سەربازیی تورکیا لە شاری بەعشیقە ڕەتدەکاتەوە، داوا دەکات تورکیا هێزەکانی لەو شارۆچکەیە بکشێنێتەوە، چونکە ئەوە پێشێلکاریی سەروەریی عێراقە.

بۆیە خواستی تورکیا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سنجار ناتوانرێ لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ بکرێ؛ چونکە بەرژەوەندیی تورکیا بە دەرکردنی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە دژبەر دەبێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندی زۆرێک لە لایەنە کاراکان، لە ناویشیاندا حکومەتی بەغدا.


عوده‌ى عه‌واد: توركیا له‌ رێى پرۆژه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ده‌یه‌وێ خۆى له‌ ناوچه‌ى سوننه‌كان نزیك بكاته‌وه‌

شارۆچکەی مەخموور...بەرژەوەندی تورکیا دژبەرە لەگەڵ بەرژوەندیی هەولێر و بەغدا

لە خواستەکانی تورکیادا، کە وەزیری بەرگریی تورکیا خولوسی ئاکار گەنگەشەی کردن لەگەڵ هەریەکە لە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر، ئەوەش هەبوو کە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شارۆچکەی مەخموور دەربکرێن.

شاری مەخموور دەکەوێتە پاریزگای نەینەوا لە باکووری عێراق، لە هەولێرەوە ٦٠ کیلۆمەتر دوورە، ١٣ هەزار کوردی تێدا دەژین کە لە نەوەدەکانەوە لە تورکیا هەڵاتوون، دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا دژایەتیکردن لەسەر بنەمای پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.

پێشووتر شارۆچکەی مەخموور دوور بووە لە هەموو ململانێیەکی سیاسی، بۆیە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستیان بەسەر خێوەتگەی مەخمووردا گرتووە و بەشێوەیەکی نیمچە سەربەخۆ لە حکومەتی بەغداد بەڕێوەی دەبەن، بەڵام شارۆچکەکە پارێزراو نەبوو لە هێرشەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا کردیە سەر خاکی عێراق، ئەوەش وای لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد بەرگری لە شارۆچکەکە بکەن و مەشق بە خەڵکەکەی بکەن و چەکداریان بکەن لەدژی ڕێکخراوی داعش.

تورکیا جەنگی دەوێ لەدژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە مەخموور و بێگومان ئەم بابەتەی لەگەڵ بەغداد و هەولێر باسکردووە و ترسی خۆی نەشاردووەتەوە لە دەستبەسەرداگرتنی خێوەتگەی شارۆچکەی مەخموور لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.

بەرپرسە ئەمنیە کوردەکە بە (ساسەپۆست)ی وت "هەولێر نایەوێت تێوەبگلێ لە بابەتی ڕاوەدوونانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شارۆچکەی مەخموور، چونکە پێشووتر حیزبەکە پێکهەڵداپژانی خوێناوی هەبووە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا و ئەگەر دان بە خۆدا گرتن لەگۆڕێ نەبووایە، لەوانەبوو بە کوشتاری گەورە کۆتاییبێت".

وادیارە عێراقیش نایەوێ تێوەبگلێت، هەروەک عێراق وایدەبینێ پارتی کرێکارانی کوردستان و دانیشتوانی مەخموور خاڵی بەهێزن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەو ناوچە چیاییە سەختەدا، پارتی کرێکارانی کوردستان و دانیشتوانی مەخموور سەرکەوتووبوون لەوەی بەرپەرچی چەندین هێرشی تیرۆریستی بدەنەوە لە ناوچەکەدا، کە تێدا هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و تەنانەت حەشدی شەعبیش نەیانتوانیوە تێیدا بجەنگن بەهۆی جوگرافیای سەختی شوێنەکە.

ڕوون و ئاشکرایە کە لەمپەری زۆر هەن کە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی تورکیا دەبنەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، ڕەتدانەوەیەکی گەورەش هەیە لەلایەن دەستەبژێری سیاسی شیعەوە بۆ ئەم بابەتە؛ چونکە وایدەبینن هەوڵێکە بۆ زیادکردنی هەژموونی تورکیا بە تایبەت لە پارێزگا سوننییەکانی عێراق، لەلایەکی دیکەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێتە لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم ئەم هاریکارییە هاوبەشەی عێراق و تورکیا.

 

سه‌رچاوه:‌ ساسه‌ پۆست

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین