عێراق تووڕه‌ییه‌..سێ ئه‌فسه‌رى توركمان له‌ كه‌ركووك سڵاوى سه‌ربازى بۆ سروودى توركى ده‌كه‌ن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سێ ئه‌فسه‌رى توركمان له‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى مه‌راسیمێك له‌ كه‌ركووك به‌ ئاماده‌بوونى باڵیۆزى توركیا، سڵاو بۆ سروودى نیشتمانى توركیا ده‌كه‌ن و وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 22ى ته‌مووز ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى ئاشكراى كردووه‌، عوسمان غانمى وه‌زیرى ناوخۆى عێراق داواى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ ئه‌فسه‌ره‌ كردووه‌، كه‌ له‌ كاتى مه‌راسیمێك سڵاوى سه‌ربازییان بۆ سروودى نیشتمانى توركیا كردووه‌.

له‌ 14ى ته‌مووزى رابردوو له‌ مه‌راسمێكدا بۆ ساڵیادى كوشتارگه‌ى كه‌ركووك كه‌ له‌ ساڵى 1959 له‌سه‌ر ده‌ستى لایه‌نگرانى حزبى شیوعى دژ به‌ كه‌ركووكییه‌كان ئه‌نجام دراوه‌، باڵیۆزى توركیا ئاماده‌ بوو، له‌ كاتى سروودى نیشتمانى توركیا سێ ئه‌فسه‌ر سڵاوى سه‌ربازییان كردووه‌.

سێ ئه‌فسه‌ره‌كانیش له‌ پێكهاته‌ى توركمانن و یه‌كێكیان ته‌ها سه‌لاحه‌دینه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى هۆبه‌ى بازگه‌كانه‌، مسته‌فا نه‌وزاد ئه‌فسه‌رێكى تره‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى بنكه‌یه‌كى پۆلیسه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكى ئافره‌ت ناوى فاتیمه‌ وه‌حیده‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ سكاى نیوز باسى له‌وه‌ كردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام وه‌زاره‌تى ناوخۆ پێداگریى له‌سه‌ر لێپرسینه‌وه‌یان ده‌كات، چونكه‌ پێشێلى چه‌ندان یاسایان كردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى سكاى نیوز ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، توركیا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ هه‌وڵ ده‌دات توركمانه‌كان له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان به‌كاربهێنێ و ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌سه‌ر كه‌ركووك بسه‌پێنێ.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین