بێرنز دەبێتە بەڕێوەبەری CIA... تێکەڵکردنی دیپلۆماسیەت و دنياى نهێنییەکان وەرگێڕان

ئاماده‌كردنى: نوچه‌نێت

یەکەم دیپلۆماتکاری ئەمریکی دەبێتە بەڕێوەبەری گەورەترین ئاژانسی هەواڵگری لە جیهاندا

ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن دیپلۆماتکاری دێرینی ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا ویلیام بێرنزی کاندیدکرد بۆ سەرۆکایەتیی بەهێزترین ئاژانسی هەواڵگری جیهان، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە دەستنیشانکردنی کەسانی بەڕێوەبەری پۆست و پلە باڵاکان لە ئەمریکا.

بایدین ماوەی سەرۆکایەتیی خۆی بە زنجیرەیەکی فراوانی گۆڕانکاری دەستپێکرد لە فەرماندەییە سیاسی و ئەمنییەکان، وادیارە بایدن دەیەوێ ئەو سیاسەتە لەگۆڕبنێت کە لە سەردەمی ترەمپ هەبوو، سەردەمێک کە وا لێی دەڕوانرێت کاری لەسەر پەکخستنی دام و دەزگاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێز و توانای ئەو دەزگایانە دەکرد لە چوار ساڵی ڕابردوو.

دیاریکردنی بێرنز وەکوو بەڕێوەبەری (سی ئای ئەی) (کە پێشووتر جێگری وەزیری دەرەوە و باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە هەریەکە لە ڕووسیا و ئوردن)، سروشتی سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا دەردەخات بەو جۆرەی بایدن خوازیاریەتی لەماوەی سەرۆکایەتیی خۆیدا، هەروەک ئاماژەیەکی سیاسییە کە لە ڕێگەیەوە دەکرێت خوێندنەوە بکرێت بۆ سروشتی سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە گەرموگوڕەکان و پڕ ناکۆکییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان.

جۆ بایدن (کە هەڵبژاردنی تیمی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتیمانی تەواوکردووە) وەها تەماشای (سی ئای ئەی) دەکات کە دەبێ لە سیاسەت دابماڵرێت و کەسێکی پڕۆفێشناڵ بەڕێوەی ببات بۆئەوەی ڕۆڵی زیندووی خۆی بگێڕێتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتی پێببەستێت، بۆ وەرگرینی بڕیاری چارەنووسساز لە قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا.

وا دەڕوانرێتە هەڵبژێردرانی بێرنز لەلایەن بایدنەوە، کە خاڵێکی بنەڕەتییە لە گێرانەوەی کەسانی پرۆفێشناڵ بۆ بینینی ڕۆڵی فەرماندەیی لە دەزگای دێرینی هەواڵگری ئەمریکا، کە مێژووی دامەزراندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧٤ ساڵ لەمەوبەر.

بایدن: برێنز هاوڕامه‌ له‌وه‌ى نابێت هه‌واڵگریى به‌ سیاسه‌ت بارگاوى بكرێت

(سی ئای ئەی) (کە دێرینترین دەزگای هەواڵگریی جیهانییە) ڕۆڵی جیاجیای بینیوە لە دامەزراندنیەوە، ئەرکی بنەڕەتیشی بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاری لە ڕێگەی ئەندامەکانیەوە کە بە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکادا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها دەزگاکە ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی جیاجیا ئەنجامدەدات (کلاسیکی و ناکلاسیکی) دژی دوژمنانی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

هەردوو دیپلۆماتکار ئارۆن دەیڤد میلەر و دانیاڵ کیرترز، کە چەندین دەیە لەگەڵ بێرنز کاریان کردووە، دەڵێن کە هەڵبژاردنی ئەو بۆ سەرۆکایەتی (سی ئای ئەی) دەریدەخات کە بایدن پابەندە بە دیپلۆماسییەتێکی جدییەوە، هەروەها ئەو بڕیارە ورەی ئەو دیپلۆماتکارانە بەرزدەکاتەوە کە لە ماوەی ئیدارەی ترەمپدا تووشی مامەڵەی نەشیاو و خراپ بوون.

ئەو دوو دیپلۆماتکارە لە ڕاپۆرتێکیاندا لە گۆڤاری فۆڕین پۆڵیسی هەروەها دەڵێن کە ئەم بڕیارەی بایدن وا لەوانە بکات کە لە بواری هەواڵگری کاردەکەن کە گرنگیی زیاتر بە کارەکانیان بدەن، بەمەش هەواڵگری بخرێتە خزمەتی دیپلۆماسیەتەوە، کە یاریدەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا دەدات مامەڵەی دروست لەگەڵ کێشەکان بکەن بەرلەوەی ببنە قەیران.

بەشێکی زۆر لە کۆمارییەکان و ڕەخنەگران لە بڕیارەکانی دامەزراندنی بەرپرسان لەلایەن بایدنەوە، ڕەخنەی ئەوەیان هەیە کە ئەو بەرپرسانە دەگێڕێتەوە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کە لە ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کاریان کردووە.

ئەو ڕەخنەگرانە دەڵێن سیسەتەکانی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهان جیاواز نابێت لە سیاسەتەکانی باراک ئۆباما. بێرنز-یش پۆستی جیاجیای وەرگرتووە لە ئیدارەکانی پێشووتری ئەمریکادا لەگەڵ کۆماری و دیموکراتەکانیش، ئەوەتا هەر لە وەزارەتی دەرەوە کاری لەگەڵ هەریەک لە مادلین ئۆڵبرایت، کۆڵن پاوڵ، کۆندۆلیزا ڕایس، هیلاری کلینتۆن و جۆن کێری  کردووە.

ئەرکێکی دیپلۆماسی یان هەواڵگری؟

بێرنز بە یەکێک لەوانە دادەنرێت کە داوای نوێکردنەوەی دیپلۆماسیەتی ئەمریکا دەکەن، خۆیشی ٣٣ ساڵ لە دیپلۆماسیەتی ئەمریکادا کاری کردووە تاوەکوو ساڵی ٢٠١٤ کە خۆی خانەنشین کردووە، ئەو بابەتەشی لە کتێبیكدا پێشنیازکردووە کە ساڵی ٢٠١٩ نووسیویەتی بە ناونیشانی "کەناڵی دواوە- باک چانێڵ". بێرنز وایدەبینێت کە چارەسەری کێشەکان لە بنەڕەتدا پستدەبەستێت بە باشکردنی ڕێگاکانی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و داتابەیس.

کۆمەڵێک ئاڵنگاریی دەرەکی و بیانی لەبەردەم (سی ئای ئەی) دان لەژێر ڕۆشنایی کاتیكکەرەکانی ئێستادا، وەکوو؛ هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، گرووپە توندڕەوەکان، ئەو میلیشیایانەی چالاکن لە عێراق و یەمەن و سوریا و لیبیا و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن، بەڵام تاوەکوو ئیستا نازانرێ سروشتی ئەو گۆڕانکارییانە چین کە دەکرێ لەمەودوا لە کاری هەواڵگریی ئەمریکیدا ڕووبدەن لەو ناوچە ئاگراوییانەی جیهان.


ئیدارەکانی ئەمریکا پشت بەو ڕاپۆرتە هەواڵگرییانە دەبەستن کە لەبارەی سرووشتی چالاکییەکانی گرووپە توندڕەوەکان و دژە ئەمریکییەکان ئەنجامیان دەدەن و بڕیارە سیاسییەکانیش لەژێر ڕۆشنایی سروشتی ئەو ڕاپۆرتانە و ڕادەی جددیەتی هەڕەشەکان بۆ سەر ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکا دەدرێن.

هەردوو دیپلۆماتکار ئارۆن دەیڤد میلەر (شرۆڤەوانی پێشوو لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەزارەتی دەرەوە) و دانیاڵ کیرترز (باڵیۆزی پێشتری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە میسر و ئیسرائیل) وایدەبینن کە هەڵبژاردنی بێرنز بۆ سەرۆکایەتیی (سی ئای ئەی) "تەواوکەرێکی سوودبەخشە بۆ ئەو کەسانەی بایدن هەڵیبژاردوون بۆ وەزارەتی دەرەوە و ئاساییشی نیشتیمانی و ئەوانەی چالاککردنی بواری دیپلۆماسی دەگێڕنەوە وەکوو ئامرازێکی یەکلاکەرەوە بۆ دەسەڵاتی نیشتیمانی".

بایدن ئەنتۆنی بلینکن-ی هەڵبژاردووە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، جاک سولیڤان وەکوو ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانی، جەنەراڵ لوید ئۆستن بۆ وەزارەتی بەرگری، بەم هەڵبژرادنەش دەیەوێ دابڕانێک لە خولی پێشووی ئیدارەی ئەمریکا دروستبکات. ئەوانە دەبنە پێکهێنەری ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتیمانی کە لەسەریانە ڕاوێژ و ئامۆژگاری پێشکەشی سەرۆک بکەن لە دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

دیاركردنى بێرنز سروشتى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى
بایدن ده‌رده‌خات

ئەو دوو دیپلۆماتکارەی ئاماژەمان پێکردن لە ڕاپۆرتەکەیاندا دەڵێن "لە ژیانی پیشەییماندا، شاهیدی ڕاددەی گرنگیی هەواڵگری بووین لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە دیپلۆماسییەکان" لە هەمانکاتدا ئاماژە دەکەن بەوەی هەڵبژاردنی بێرنز و تیمی ئاساییشی نیشتیمانی ئەو بەهایە دەردەخات کە بایدن داویەتە بابەتەکانی ئەزموون و خزمەتگوزاری گشتی.

میلەر و کیرترز وایدەبینن کە ئەم هەڵبژاردنانە "ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی گرووپێک لە فەرمانبەرانی بەهرەمەند و پابەند و خۆنەویست کە بڕوایان بە بەرژەوەندیی نیشتیمانی هەیە، بێ گوێدانە سیاسەتی ناوخۆیی یان لەخۆباییبوونی کەسی یان بەرژەوەندی تاکەکەسی یان بۆچوونی حیزب".

ئەوان هەروەها دەڵێن "بێرنز یەکەم فەرمانبەرە لە وەزارەتی دەرەوەدا کە ئیدارەی ئەمریکا هەڵیدەبژێرێت بۆ بەڕێوەبردنی (سی ئای ئەی) لە مێژووی ٧٤ ساڵەی ئەو دەزگایەدا، بەڕێوەبەرانی پێشووی (سی ئای ئەی) لە سوپا و کۆنگرێس و سیاسەتوانان و کەسانی خاوەن پلەی هەواڵگری بوون".

ئەوان ڕوونیشیدەکەنەوە کە جاران کەسانی دیپلۆماتکار دووردەخرانەوە لە پلە و پایەی هەستیاری ئاژانسی (سی ئای ئەی) "بەهۆی ئەوەی (سی ئای ئەی) چاوی لەسەر پرۆسە نهێنییەکانە، بەپێچەوانەی سروشتی کارە دیپلۆماسییەکانەوە، ئەوە جگە لە سرووشتی تەسک و گۆشەگیرانەی کاری هەواڵگری".

پاشخانێکی بەهێز


بێرنز بە یەکێک لە ئەندازیارانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دادەنرێت و یەکێکە لەوانەی ڕێگایان خۆشکرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆباما و گەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەکی مشتومڕاویی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ دا، کە سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨ دا لێی کشایەوە.

ئەرکە چاوەڕوانکراوەکانی بێرنز ئاڵۆز و پڕ لە ئاڵنگارین لەڕووی سیاسەتی دەرەوە و شێوازی کارکردنی گەورەترین ئاژانسی هەواڵگری لە جیهان. پێشبینیدەکرێت هاوشانی ئاڤریل هێنز بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانی، ئەرکەکەی ئێجگار گەورەبێت، لەوەی هاوپەیوەندە لەگەڵ کەلەپووری سەرۆکی پێشوو کە پڕە لە كێشە و ئاڵنگاری.

میلەر و کیرترز دەڵێن دانانی بێرنز و هینز ڕەنگدەرەوەی سووربوونی بایدن-ن لەسەر لەناوبردنی ئەو ژەهرەی لە جەستەی کەرتی هەواڵگریدایە کە لەماوەی ئیدارەی ترەمپدا تووشی زیانێکی زۆر هاتبوو، هەروەها دڵنیابوونەوەیە لەوەی کەسانی پڕۆفێشناڵ هەژموونیان دەبێت. بایدن وتبووی کە بێرنز "لەوەدا هاوڕامە کە بڕوایەکی قووڵی هەیە کە هەواڵگری نابێت بارگاوی بێت بە سیاسەت".

ئەو دوو دیپلۆماتکارە وایدادەنێن کە "تیمی بایدن تایبەت بە ئاساییشی نیشتیمانی هەموو ئەو یاریکەرە سیاسییانەی تێدایە کە پێویستی پێیانە، چونکە ئەوان هاوشێوەی بێرنز، کەسانی پڕۆفێشناڵی خاوەن ئەزموون و هاوسەنگ و میانڕەو و عەقڵانین لە دیپلۆماسییەتدا، توانایان هەیە زانیاریی هەواڵگریی ڕاستگۆیانە بخەنە بەردەم سەرۆکی هەڵبژێردراو".

لە واشنتن بەشێوەیەک لە شێوەکان باس لە ئەگەری گەڕانەوە دەکرێت بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ئەنجامدانی هەندێک چاکسازی تێیدا کە ڕەچاوی بەرژەوەندیی هاوپەیمانە کلاسیکییەکانی ئەمریکا بکات. هەروەک ئیدارەی بایدن دڵەڕاوکێی خۆی نەشاردووەتەوە لە پڕۆگرامی مووشەکی بالیستیی ئێران کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هێشتا نازانرێ سروشتی ئەو ڕێگە دیپلۆماسییە نازانرێ کە ئیدارەی نوێ دەیگرێتەبەر لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بەڵام بێرنز (کە سەرۆکی دامەزراوەی کارنیجی تایبەت بە ئاشتیی نێودەوڵەتی بووە) وایدەبینێت کە "ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ڕێگە دەدات بە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێوشوێن لە دژی ئێران بگرێتەبەر بۆ پێشێلکارییەکانی دەرەوەی بابەتی ئەتۆمی"  ئەو ڕێککەوتننامەیە "دژیەکی نادات بەدەستەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی لەلایەک و وەرگرتنی ڕێوشوێنی ئابووری لەلایاکی دی  کە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەکاتە ئامانج".

بێرنز جگه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌واڵگرییه‌كه‌ى 
خوازیارى زیندووكردنه‌وه‌ى دیپلۆماسیه‌تى ئه‌مریكایه

بێرنز وایدادەنێت کە ڕێککەوتننامەکە لەگەڵ ئێران "نەبووەتە هۆی ئەوەی ئابووری ئێران ببێتە هێزێکی بە زەبر، نەشبووەتە هۆی بەهێزبوونی سەقامگیریی ڕژێمی ئێران، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەو بەهانەیەشی بەدەستی ڕژێمی ئێرانەوە نەهێشتووە کە دەیوت فشاری دەرەکی نەوەک خراپ ئیدارەدان و گەندەڵی هۆکاری ئەو دۆخە خراپە ئابوورییەن کە زۆرینەی ئێرانییەکان تێیدا دەژین".

زۆر پرسیار قوت دەبنەوە لە ئەمریکا و جیهان لەبارەی گەڕانەوەی بایدن بۆ ئەو شێوازانەی ئۆباما دەیگرتنە بەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە هەستیار و بەپەلەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود ڕێوشوێنی جیادەگرێتەبەر کە جیاواز دەبێت لە ڕابردووی دوور و نزیک، بە تایبەت لە ڕووداوەکانی قەیرانی سووریا و لیبیا و ئاستی بەرزەوەبووی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئاساییشی هەمووان لە کەنداو و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەو دوو دیپلۆماتکارەی پێشوو لەبارەی کارە دیپلۆماسییەکان بۆ پشتیوانیی کاری هەواڵگری وایدەبینین کە "بێرنز بەهۆی ئەو ئەزموونە فراوانەی هەیەتی، دەزانێت سیاسەت داڕێژەران چییان پێویستە  کە بیزانن بۆ ئەوەی یارمەتیدەریان بێت بۆ گرتنەبەری بڕیاری زیرەکانە لە سیاسەتی دەرەوە".

ئەوان دەڵێن دەتوانن جەخت بکەنەوە کە "بێرنز ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە هەڵنابژێرێت کە پێیخۆشە ببنە پاڵپشتی سیاسەتێکی دڵخوازی خۆی، هەروەها ئەو زانیارییانەش پشتگوێ ناخات کە کە دژی سیاسەتی دڵخوازی خۆی بن، خەمڵاندنەکانی (سی ئای ئەی) بەم پێودانگە نابن".

سه‌رچاوه‌:alarab 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین