پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم ئاشکرا دەکرێن کوردستان- عێراق

نوچەنێت

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار: لەم کابینەیەدا زیاتر لە 500 پڕۆژە به‌ گوژمه‌ی 3 ترلیۆن و 340 ملیار دینار جێبەجێ دەکەین

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی تایبەت بە پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم  و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە رێکەوتی 1/8/2021 بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە شێواز و پۆڵێنی کارکردنی کارو پرۆژەکانی وەزارەتی شاررەوانی و گەشت و گوزار دراوە، هاوکات بڕی پارەی خەرجکراوی هەر جۆرە پرۆژەیەکی کابینەی نۆیەم باسکراوە، هەروەها ئاماژە بە پرۆژە ستراتیژیەکانی ئەو کابینیە و پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆژەکانی داهاتوو خراوەتە ڕوو.

لەو بارەیەوە ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، دەڵێت"وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ ڕووی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیان، یه‌كێكه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ گرنگ و فرا‌وانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و‌ ڕۆژانه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان هه‌یه‌. له‌ زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ژیانی هاووڵاتییان  و خزمه‌تگوزاری گشتی، كاری گه‌وره‌ی كردووه‌."

هەروەها له‌باره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌ت، عەونی دەڵێت"خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌سه‌ر چوار سێكته‌ردا دابه‌ش بوون، سێكته‌ری شاره‌وانی، سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ، سێكته‌ری گه‌شتوگوزار، سێكته‌ری شوێنه‌وار".

کارو پلانی وەزارەتی  شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەم، ئەنجامدانی کارو پرۆژەکان بووە لە هەردوو جۆری پڕۆژەی خزمه‌تگوزاری ڕۆژانه‌ و به‌رده‌وامه‌كان، هەروەها پڕۆژە‌ ستراتیژی و گه‌وره‌كانن.

بە گوێرەی قسەکانی وەزیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار،  پرۆژە خزمه‌تگوزارییه‌ ڕۆژانەییە‌كان پێک دێن لە دابینكردنی ئاوی خاوێن، هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خاشاك و پاكوخاوێنڕاگرتنی شار و شارۆچكه‌ و شاره‌دێكان، نۆژە‌نكردنه‌وه‌ و دروستكردنی شه‌قام و شۆسته‌كان، هەروەها پاكڕاگرتنی سه‌وازیی و پارك و باخچه‌كان و ئاوه‌ڕۆیە.

لەبارەی ئامارەکانی تایبەت بەو جۆرە پرۆژانە، ساسان عەونی دەڵێت" له‌ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا، 265 ملیار دینار له‌ كۆكردنه‌وه‌ی خاشاك خه‌رج كراوه‌. واته‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ 11ملیار دینار بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌كان خه‌رج ده‌كرێت".

هەروەها دووپاتیکردەوە، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ زیاتر له‌ 311 ملیار دینار بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن خه‌رج ده‌كات. كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ 70 ملیۆن سێجا ئاو دابین ده‌كرێت، كه‌ ئه‌م ڕێژە‌یه‌یش زۆر زیاتره‌ له‌ ئاستی ستانداردی جیهانی.

وەزیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئاماری پارکەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵیت" له‌ ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان زیاتر له‌ 1200 پاركی گه‌وره‌ و بچووك هه‌ن‌ كه‌ به‌رده‌وام پێویستیان به‌ دابینكردنی ئاو و پاكڕاگرتن و پاراستن هه‌یه‌.

 له‌ ڕۆژێكدا نزیكه‌ی 240 ملیۆن دینار به ‌هۆی به‌فیڕۆدانی ئاوی خاوین ده‌ڕوات كه‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی 90 ملیار دینار به‌فیڕۆ ده‌چێت.

لە کۆتای راپۆرتەکەی فەرمانگەی داتاو زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە پڕۆژە ستراتیژییه‌كانی کابینەی نۆیەم دراوە و ئامارەکانی ئەو پرۆژە خراونەتەڕوو.

لەبارەی پڕۆژە ستراتیژییه‌كانی یەکەی خزمه‌تگوزاریی، ساسان عەونی دەڵێت"سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی دوو ساڵی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڕۆنا كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ئابووری هه‌بوو، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانی به‌شێك له‌ پڕۆژە‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان جێبه‌جێ بكات."

هەروەها وتیشی"به‌شێك له‌ پڕۆژە خزمه‌تگوزارییه‌‌ گه‌وره و ستراتیژییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م، ئه‌نجامدانی 519 پڕۆژە‌ی گه‌وره‌ و مامناوه‌ند به‌ گوژمه‌ی 3 ترلیۆن و 340 ملیار دینارە كه‌ هه‌ندێكیان ته‌واو بوونه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌یشیان له‌ ژێر جێبه‌جێكردندان.

پرۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم ئەمانەن:

 ـ ته‌واوكردنی چه‌ند پڕۆژە‌یه‌كی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌

ـ دواقۆناغی پڕۆژەی شه‌قامی 120 مه‌تری له‌ هه‌ولێر

ـ به‌شی یه‌كه‌م له‌ قۆناغی شه‌قامی 150مه‌تری بازنه‌یی له‌ هه‌ولێر

ـ به‌شی یه‌كه‌م له‌ پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100مه‌تری له‌ سلێمانی

ـ جێبه‌جێكردنی پڕۆژە‌ی ستراتیژیی ئاوی ئاكرێ

ـ واژۆكردنی 32 گرێبه‌ستی تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ و خاوێنكردنه‌وه‌ی شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كان

ـ چه‌ندان پڕۆژە‌ی ئاو و كڕینی مه‌وادی پاككه‌ره‌وه‌ و بواره‌كانی دیكه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌.

ساسان عەونی لەبارەی دووبارە ڕێکخستنەوە و بە ئەلکترۆنیکردنی سیستەمی کارو پرۆژەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژە بە ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەک دەدات و پلانی وەزارەتەکەیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەخاتەڕوو و دەڵێت" وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌مه‌وه‌ كاری ڕژدی كردووه‌ و هه‌موو بواره‌كانیشی گرتووه‌ته‌وه‌. له‌وانه‌:

ـ كاركردن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسا په‌یوه‌ندییداره‌كان

ـ گۆڕانكاریی پێویست له‌ سه‌رجه‌م جومگه‌ ئیداری و ناوه‌نده باڵا‌كان

ـ پێداچوونه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ی ماسته‌رپلانی سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان

ـ پێكهێنانه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی شاره‌وانی

ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی داتا و زانیارییه‌كان

ـ ئه‌نجامدانی كۆنفڕانس بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ و زیادكردنی داهاته‌كانی وه‌زاره‌ت

ـ دانانی هێڵی گه‌رمی ڕاسته‌وخۆ بۆ هاووڵاتییان

ـ گۆڕانكاری له‌ په‌یكه‌ری کارگێڕی و ده‌یان ڕێكاری دیكه‌ی چاكسازی

 

بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بە هۆی ئەو قەیرانە سیاسیە هەرێمییەی ڕووبەرووی  هەرێمی کوردستان و دراوسێیەکانی بۆتەوە، کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان و پرۆژە خزمەتگوازری و ستراتیژیەکان دروست بووە، ئەمە جگە لەوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کاریگەریەکی دژواری بەسەر ئابووری کوردستان جێهێشتووە، بەتایبەت دوای دابەزینی نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست. بەڵام دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەهێزبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە، فاکتەرن لە دووبارە بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان  و دەستپێکردنەوەی پرۆژەکان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین