سەرۆكی ئۆكێسترای كوردستان : ئۆکێسترا پەراوێز خراوە کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

هەڤاڵ حەمەد سەرۆکی تیپی ئۆکێسترای کوردستان كە ناسراوە بە هەڤاڵ فلووت لە دیمانەیەكی تایبەتی نوچەنێت باس لەو كێشەو ئاستەنگانە دەكات كە رووبەڕووی ئۆكێسترای كوردستان دەبنەوە و دووپاتی دەكاتەوە ئۆكێسترا تیپێكیی نشتیمانییە و نابێت پەراوێز بخرێت.

ئۆکێسترای کوردستان لە ساڵی چەند دامەزرا؟
ئۆکێسترای کوردستان لە ساڵی ١٩٩٧ وەک یەکەم ئۆکێسترا لە باشووری کوردستان و لە هەولێری پایتەخت دامەزراوە. وەکو تیپێکی  نەتەوەیی و نیشتمانی ئامانجی ئەوە بووە کەوا بتوانێت میوزیکی جیهان لە کوردستان بناسێت و میوزیکی کوردی بە شێوازێکی زانستی بگەێنێتە جیهان. یەکەم وەکو قوتابخانەیەکی گرنگی هونەری بووە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو قوتابیانەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لەو سەردەمەدا دەردەچوون، بتوانن لە تیپێکی نشتیمانی و هونەری بەشێوەیەكی ئەکادیمی دابمەزرێن. لەسەرەتا لەم ئۆکێسترایە دەستیان بەکار کرد، چەندین چالاکیان ئەنجامداوە.
چەند ژەنیار لەو تیپە ئەندامە؟

هەڤاڵ حەمەد: دوو ساڵە كاروچالاكی ئۆكێسترا وەستاوە


تا ئێستا زیاتر لە 100 ژەنیار وەکو ئەندام لەم ئۆکێسترایە کاریان کردووە، بەپێی تەمەن و کاتەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەپێی پێداویستی رۆژانە و ساڵانە ژەنیاری بەتواناتر دێنە پێشەوە. لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠ ئەندام لەم ئۆکێسترایەدا کار دەکەن.
لەبەر ئەوەی لە پەیمانگا و زانکۆی هونەرە جوانەکان پسپۆری ئامێرە فوودارەکان نییە، ئێمە زیاتر ئۆکێستراکەمان زیاتر بە شێوازی سپرینگە واتە بەشێوازی ژێدار کە ئەویش پێکدێت لە ئامێرەکانی کەمانی یەک و کەمانی دوو و ڤیۆلا و چەڵۆ و کۆنتڕاباس، هەروەها لە ئامێرە فوودارەکان تەنیا ئامێری فلووت و کلارنێتمان هەیە.
زیاتر گرنگیمان داوە بەو نۆتانەی کەوا  بۆ سترینگ نوسراون یاخود بۆ سۆڵۆی ئامێر نوسراون. زۆر جاریش هەبووە ئامێری کوردی لەگەڵ ئۆکێسترا میوزیکیان ژەنیوە بە تایبەت ئەو ئامێرانەی وەکو ساز، دەف و باڵەبان توانیویانە لەگەڵ تیپ كار بکەن جا لە ناوەوە و یاخود دەرەوەی کوردستان بێت.
کارو چالاکییەکانی ئۆکێسترا چۆنە؟
تا ئێستا ئۆکێسترای کوردستان بەشداری کردووە لە چەند بۆنەیەک. چونکە ئێمە ناتوانین هەمیشە کارەکانمان بکەین، بەڵام هەمیشە وەرزی چوار مانگ پێنج مانگ ئامادەکاریی دەکەین بۆ ئەوەی نمایشێک ئەنجام بدەین و بۆ هەر نمایشێک نزیکە دوو مانگمان پێویستە تا بتوانین ئامادە بین و پڕۆڤە بکەین. تا وەکو ئێستا لەگەڵ چەندین مایسترۆی جیهانی لە ناوەوە و لە دەرەوە کارمان کردووە. لەوانە هانس کریستاین، هانگ جونگ ینوگ کۆری، مەموکالا ئیشبیلی، هەروەها مایسترۆ چەتۆ نەورۆز ، پێشتر چەندین مایسترۆ لەم ئۆکێسترایە کاریان کردووە.
هۆکاری بێدەنگی ئۆکێسترا چییە؟ ئایا بە تەواوی کارو چالاکی وەستاوە؟
لەئێستادا چالاکیەکانمان بەهۆی ئەو بارودۆخەی کوردستان و قەیرانی ئابووری و نەخۆشی کۆرۆنا نزیكەی دوو ساڵە نەمانتوانیوە چالاکیەکانمان ئەنجام بدەین. هیچ بودجەیەکمان نییە بۆئەوەی بتوانین ژەنیارەکانمان کۆبکەینەوە، ئەگەر بێت و بەپێی داهات یارمەتی بدرێین دەتوانین کارەکانمان بکەین لەئێستادا کارەکانمان وەستاوە، بەڵام وەکو ئۆکێسترا وەکو ئەندامان دەستەی کارگێری ئێمە بەردەوام دەبین لە کارو چالاکیەکانمان و هیوادارین حکومەت گرنگی بەم ئۆکێسترایە بدات.
لە چەند وڵات کار وچالاکیتان هەبووە؟
لە هەموو وڵاتانی جیهان ئۆکێسترا تاکە تیپە کە بتوانێ‌ کەوا  کاروچالاکییەکانی خۆی نمایش بکات بۆیە پێویستە و داواکاریین حکومەت ئاوڕ لەم ئۆکێسترایە بداتەوە، لەبەر ئەوەی یەکەم ئۆکێسترایە کەوا دامەزراوە و بەردەوام بووە لە کارو چالاکییەکانی.
لە دەرەوەی  کوردستان بەشداریمان کردووە لە چەندین فیستیڤاڵ و میوزیک و نمایش لەوانە لە وڵاتانی، ڕۆمانیا، بولگاریا، جۆرجیا، رووسیا و نەمسا و چەندین شوێنی دیکە کە توانیومانە وەکو تیپێکی ئەکادیمی کوردی بە شیوازێکی زانستی میوزیکمان ژەنیوە ئێمە هەوڵماندا لە وڵاتانی دەرەوە زیاتر میوزیکە کوردیییەکان نمایش بکەین کە بۆ ئەوانیش جێی سەرنج و تایبەتی خۆی هەیە، لەناوەوەی کوردستانیش توانیومانە چەندین میوزیکی سەمفۆنی یاخود شێوازەکانی میوزیکی ئامادە بکەین و پێشکەش بە بینەر بکەین.
نائامادەیی تیپێکی وەها چ کاریگەرییەک دروست دەکات؟ بۆ هەوڵ نەدراوە دەرگای ئۆکێسترا بکرێتەوە؟
دەرگا ئۆکێسترا ی کوردستان بۆ هەموو ژەنیارێک کراوەیە ئەوەی کەوا بتوانێت بە شێوازێکی زانستی مۆدێرن میوزیک بژەنێت، بەڵام ئەو دەرگایەی کە واڵایە پێویستە لەلایەن کەرتی تایبەت و حکومەت و شوێنەکانی دی گرنگی پێبدرێ بۆیە ئۆکێسترا نابێ پەراوێز بخرێت و لەبیر بکرێت لەبەر ئەوەی تیپێکی نیشتمانی و نەتەوەییە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین