ئاڵۆگۆڕكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی لە عێراق قەیرانێكی نوێ دروست دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، ئاڵۆگۆڕكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی "كۆمار، حكومەت، پەرلەمان" لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق قەیرانێكی نوێ لە عێراق دروست دەكەن، چونكە سوننە داوا دەكات رۆِڵی خۆی لەگەڵ كورد بگۆڕێتەوە و سەرۆكایەتی پەرلەمان بە كورد بدات و سەرۆكایەتی كۆمار بۆ خۆی ببات.

 ئەمڕۆ شەممە حەوتی ئاب، رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە راپۆرتێكدا باس لەو لێدوانەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان دەكات كە دەڵێ‌، "عێراق وڵاتێكی عەرەبییە و دەبێت عەرەبێك سەرۆك كۆمار بێت". رۆژنامەكە پێیوایە ئەمە سەرەتای قەیرانێكی سیاسی نوێیە كە چاوەڕوان دەكرێت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەربكەوێت.

 بە بڕوای رۆژنامەكە تەنیا كێشەكە لەوەدا نییە، پێكهاتەی سوننە بە نیازە سەرۆكایەتی كۆمار بۆ خۆی ببات و سەرۆكایەتی پەرلەمان بە كورد بدات، بەڵكو هیچ یەكێك لە سەرۆكایەتییەكان یەكلایی نەكراونەتەوە، دوای چوار خولی هەڵبژاردن  لەوانەیە بیر لە گۆڕانكاریی بكرێتەوە، بە تایبەتی كە دەزانرێت ئەم دابەشكردنەی پۆست "كۆمار بۆ كورد، حكومەت بۆ شیعە، پەرلەمان بۆ سوننە" لە دەستووردا نییە.

ئەمەیش وا دەكات رۆژنامەكە بڵێ‌، تەنانەت شیعەكانیش لەوە دەترسن پیلانگێڕییەك بكرێت و سەرۆكایەتی حكومەتیان پێ نەدرێت. سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار، رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، هەرچەندە هاوسەرۆكێكی یەكێتی گوتوویەتی بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتییە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، بەڵام ئەو بابەتە تەنانەت لەناو یەكێتی و لەلایەن پارتیشەوە یەكلایی نەكراوەتەوە و چونكە تا ئێستا پارتیش لەسەر ئەو بابەتە بێدەنگە. 

لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین