لایەنەكانی سەربە ئێران فشار بۆ گۆڕینی پلاسخارت دەكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە لایەنە شیعەكانی سەربە ئێران فشار بۆ گۆڕینی جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، ئەمەیش دوای ئەوە دێت پلاسخارت هەندێك لێدوانی لەدژی بەرژوەندییەكانی لایەنە شیعەكان و میلیشیاكان داوە.

ئەمڕۆ شەممە حەوتی ئاب، رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، چەندان لایەنی شیعە، ئەوانەی سەربە ئێرانن و هاوپەیمانن لەگەڵی، هەوڵی گۆڕینی جینین پلاسخارت لە نوێنەرایەنی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەدەن. فشارەكەیش بە ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكرێت، تا ئەو داوای گۆڕینی پلاسخارت لە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات.
راپۆرتەكە سێ‌ نموونەی هێناوەتەوە، لەوانە هاوپەیمانی عەتا كە فالح فەیازی سەرۆكی حەشدی شەعبی سەرۆكایەتی دەكات، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، پلاسخارت بەوە تۆمەتبار دەكەن گوایە سنووری خۆی بەزاندووە و دەست لە كاروباری عێراق وەردەدات.


ئەمەیش دوای ئەوە دێت، پلاسخارت هەوڵ دەدات لە دۆسیەی هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیك بێت و جیا لەوەیش لە پەیامێكدا گوتوویەتی، "بارودۆخی ئەمنی لە عێاق زۆر لاوازە و ناكرێ‌ چاوەڕوانی ئەوە بكرێت هەڵبژاردن بێ ساختەكاریی بەڕێوەبچێت". جگە لەمەیش پلاسخارت رەخنەی لە میلیشیاكان گرتووە و دەڵێ‌، "ئەوەی ئەمڕۆ عێراق بەخۆیەوە دەبینی، ئەوەیە چەندان گروپی چەكدارە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەت چالاكن، باڵیان لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت هەیە".

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و خودی پلاسخارت هیچ لێدوانێكیان لەسەر ئەم تۆمەتانە نییە، حكومەتی عێراقیش بێدەنگە. بەڵام سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق بە رۆژنامەكەی گوتووە، كارەكانی پلاسخارت بۆ ئەوەی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق زیاتر بێت، بۆیە ئەوانیش هێرشی دەكەنەسەر.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین