سیستەمی کۆتای ژنان و بڕیار ١٣٢٥ بیروڕا

نوچەنێت . NRT

سەرهەد شێخە

کە ئاوڕێک لە مێژووی چەند سەدەی ڕابردوو بدەیەنەوە سەرنج بدەین کە ژنان نەک ھەر دەرفەتی بەشداری سیاسی و ئیداریان نەبووە بەڵکو تەنانەت ماف دەنگدانیشیان پێ ڕەوا نەبینراوە، تاکو چارەگی یەکەمی سەدەی بیست وردە وردە وڵاتان ئەو مافەیاندا بە ژنان کە وەک پیاو کە تەمەنی یاسای تەواو کرد دەتوانێت دەنگ بدا بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەر لە ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوەکان، دواتر لەگەڵ وشیاربوونەوەی ژنان و ھەوڵ و گوشارەکانیان و فراوانبوونی مەوداکانی ئازادی و

دێموکراسی بیر لە ڕێگا و شێوازێک کرایەوە بۆ دەستەبەربوون و بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسی و ئیداریدا ھەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ھاوسەنگی ڕەگەزی.
لەم چوارچێوەدا لە کۆنگرەی چوارەمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە شاری پەکینی پایتەختی وڵاتی چین لە ساڵی ١٩٩٥ز بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا سیستەمی کۆتای ژنان وەک میکانیزمێک خرایەڕوو بۆ زیاتر بەشداریکردنی ژنان لە سیاسەت و ئیدارەدان و بوونیان لە ناوەندەکانی بڕیاردان لەگەڵ لابردنی لەمپەر و ڕێگرییەکانی بەردەمیان، کە مەبەست لەو سیستەمە واتە سیستەمی کۆتا دەستەبەرکردنی مافی کەمینەکانە لە نێو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بەدیاریکراوی میکانزمێکە بۆ ھێنانەدی ھاوسەنگی نێوان ژن و پیاودا کە مێژووی سەرھەڵدانی ئەم سیستەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦١ کە (جۆن کەنەدی) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەم جار کە کۆتای بۆ کەمینەی ڕەش پێستەکان بەکاری ھێنا، دواتر بزوتنەوەی ژنان داوایان کرد بکرێتە ڕێگایەک بۆ بەشداریان لە ئیدارەدانی وڵاتدا، ئێستا ئەم سیستەمە کۆتایە نەک ھەر بۆ ژنان بەڵکو بۆ کەمینە ئاین و مەزھەبی و نەتەوەییەکانیش بەکاردێت.

لەم چوارچێوەدا چەندین وڵات لەسەر ئاستی جیھان کار بەم سیستەمە دەکەن لەو نێوەندەشدا عێراق و ھەرێمی کوردستان کە ھەر یەکەیان ڕێژەیەکیان دیاریکردووە بۆ ئەنجومەنە ھەڵبژێراوەکان لە عێراقدا ڕێژەی ٪٢٥ و ھەرێم ٪٣٠ـی دیاریکراوە بۆ بەشداری ژنان، لەم یاسا تازەیەی ھەڵبژاردنەکان کە لە پەرلەمان دەرچووە بڕیارە ھەڵبژاردنی پێش وەختەی پێ ئەنجامبدرێت لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠٢١ سیستەمی کۆتا وەک بنەمایەک بۆ دەست نیشان کردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن پشتی پێ بەسترا.

ئەوەی ماوەتەوە بخرێتەڕوو ئەم بەشداری ژنانە نەبووەتە ھۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان بۆیە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠دا بڕیاری (١٣٢٥) دەرکرد کە تایبەتە بە پاراستن و خۆپاڕێزی کردنی ژنان و منداڵان لەکاتی جەنگ و قەیرانەکاندا و بەشداریپێکردنی ژنان لە کایەی سیاسی و ئیداریدا بۆ ناساندنی ئەم بڕیارە و ھەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار و شیارکردنەوەی چینەکانی کۆمەڵگا.

ڕێکخراوی (ئەزموون) بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و مافی مڕۆڤ و ڕێکخراوی (ئاسوودە) بەسپۆنسەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری خانمان و (ێندوق  المرآە الآمن والسلام) چەندین چالاکی ڕێکخستووە بۆ پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا خستنەڕووی چەندین شێواز و ڕێگای جۆرا و جۆر بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم بەشداری ژنان و پاراستنیان لەکاتی جەنگ و قەیرانەکاندا کارکردن بۆ بوونیاد نانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەبێ جیاوازی ئاینی و مەزھەبی و نەتەوەی و ڕەگەزی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین