فیمینزمی ئیسلامی
نوچەنێت. لە چاودێرەوە
شاناز هیرانی
بۆ ئەم توێژینەوە سود وەرگیراوە لەو سەرچاوانە:
1-امال قرامى: اختراق النساء اسوار المعرفة الدینیة. (المسبار) ژمارە 47، (النسویة الاسلامیة) 2012 لاپەڕەى 9 ــ 44.
2-کاترین یۆنگ: (لێکۆلینەوەى ئاینى) وەرگێرانى ئومەیمە ئەبو بەکر. ل 562 ــ 567.
3-عایشە تەیمور: مرآة التأمل فی الامور: (ساڵى 2002 لە قاهیرە دەرچووە.
4-نەزیرە زێنەدین: السفور والحجاب، م. س.
5-امال قرامى: الاختلاف فی الثقافة العربیة الاسلامیة، دراسة جندریة، دار المدار الاسلامى, ساڵى 2007.
6-فریدە بنانى و زینب معادى: دلیل تکریم النساء فی النصوص المقدسة، اصدارات برنامج الامم المتحدة الانمائی و مشروع إدارة الحکم فی الدول العربیة.
7-فاليري ساندرز، الموجة النسوية الأولى، في: سارة جامبل، النسوية وما بعد النسوية، ترجمة أحمد الشامي، مراجعة د. هدى الصدة، المشروع القومي للترجمة، المجلس الأعلى للثقافة، القاهرة، ٢٠٠٢، ص.ص٣٩–٥٥، ص٤٢-٤
8-سارة جامبل، النسوية وما بعد النسوية )دراسات ومعجم نقدي(، ترجمة أحمد الشامي، المجلس الأعلى للثقافة، مصر، الطبعة الأولى، 2002م.
9-النسویة من الرادیکالیة حتى الاسلامیة، قراءە فی المنطلقات الفکریة، احمد عمرو، مدیر وحدة الحرکات الاسلامیة بالمرکز العربی للدراسات الانسانیة.
10-موسوعة المرأة والثقافات الإسلامية، ج1، مؤسسة المرأة والذاكرة، القاهرة، 2006.
فیمینزمی ئیسلامی: وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی فیمنیزمی نوێ، یان ستراتیژیه‌تێكی ژنانه
پێشەکی
بزوتنەوە ئیسلامییەکان و بانگەخوازانی ئیسلامی بەگشتی، بە چاوی ڕەتکەرەوە ونامۆ سەیری چەمکی فێمینیزم دەکەن، چونکە پێیان وایە فیمینزمەکان سه‌رجه‌میان عەلمانین و سەرچاوەی وروژاندنی ئەو بابەتەش هەر عەلمانیەکانن. کەچی لەبەرامبەر ئەوەشدا دەیانەوێت بەدواداچون و هەندێک کاری سەرەتایی بکرێت بۆ پرسی مافەکانی ژنان، بەڵام بێ دەرچوون لە شەرعیەت و چوارچێوه‌ی ئیسلام.
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی له‌سەر ژنانی ناو بزوتنەوە ئیسلامییەکان كراوه، دەرکەوتووە، ئەوانیش جەخت دەکەنەوە لەسەر تەکامولی رۆڵەکان لە نێوان ژن و پیاو (گەر تەنیا بە ڕواڵەتیش بێت) بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر بەتوندی رەتی دەکەنەوە هەر ڕەوتێکی فیمینزمی بە ئیسلامی وەسف بکرێت، چونکە پێیان وایە ئەم دوو دەستەواژەیە دژی به یه‌كن.
فیمینزم واتە: وەدەستهێنانی دادپەروەری لە نێوان رەگەزەکان وبه‌كارهێنانی وه‌ك كه‌رسته‌یه‌ك بۆ بۆ تێگەیشتن لە ئامانجێک، کە مەبەست لێی راڤەکردن و گونجاندنی رەگەزایەتی و ستەمکارییە دژی ژنان. هەروەها پەیوەست بون و کاری سیاسیشە. بۆیە زۆربەی جار ئیسلامیەکان بە مەترسیداری هەژماری دەکەن. چونکە پێیان وایە، ئەوە تەنیا بیرۆکەیەک نییە سه‌باره‌ت به مافە کۆمەڵایەتیەکانی ژنان، بەڕادەی ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌یه بۆ دروستكردنی ناسنامەیەك بۆ ژنان. واتە: لای ئەوان ناسنامەی ئیسلامییەت لەژێر هەڕەشەدایە. لە بەرامبەر ئەوەشدا، فیمینزمەکانیش نیگەرانن سەبارەت بەو تێڕوانین و دیدگایانەی ئیسلامییەکان و بە مەترسی دایدەنێن بۆ سەر عەلمانیەت، لیبرالیەت، چەپڕەوی. چونکە بە بۆچونی ئەوانیش ئیسلام بۆتە گوتارێکی هەژموندار بەسەر چینەکەی تر، واتە ژنان.
بە پێی بۆچونەکانی فیمینزمی ئیسلامی: پەیامی رۆحی بۆ ئیسلام لەکەدار بووە، چونکە لەبری ئەو دادپەروەریەی ئایین بانگەشەی بۆ دەکرد سەبارەت بە سیستەمی نێرسالاری ــ باوک سالاری، کەچی بۆتە کەرستەیەک بۆ چەوساندنەوەی ژنان، ئەمە لە کاتێکدا ئیسلام باس لە ئازادی ژن و مافەکانیان دەکات، بەڵام داب و نەریتەکانی باوک سالاری دەستی بەسەریاندا گرتووە و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كاری ده‌هێنێت.
دواجار فیمینزم، ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدات رێگە و میکانیزمی نوێتر بدۆزێتەوە بۆ گۆڕینی بیرۆکە سەپێنراوەکان و دێڕ و دەقەکانی وا دەکات مرۆڤ هەست بە گرنگی بونی خۆی بکات. رەنگە ئەو ئاڕاستە و هەوڵانە تا رادەیەک سەرکوتووبوبن لە گۆڕینی هەندێک بیری تەقلیدی وباو، بەڵام تا ئێستاش فیمینزمەکان بە گومانن لە توانای ئەو گۆڕانکاریانە. بۆیە بەردەوام بەدوای دۆزینەوەی رێگەی تازەن بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ لایەنە روحیەکانی ژنان و سنورێکیش دابنێت بۆ توندوتیژی و جیاکاریەکانی دژیان دەکرێت، بەتایبەتی لەناو ئیسلامدا.
فیمینزم چییه؟
یه‌كه‌مجار ده‌سته‌واژه‌ی فیمینزم له ساڵی 1860 هاته ئاراوه، له سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زۆر به‌هێزانه له ئه‌مه‌ریكا په‌یدابوو، به‌ڵام له ئه‌ورووپا پاش جه‌نگی دوه‌می جیهانی كاری پێكرا. له شه‌ست و حه‌فتاكانیش له فه‌ڕه‌نسا. ده‌توانین بڵێین ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ییه زیاتر پاش به‌دیاركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی فیمینیزم له كۆمه‌ڵگه سه‌رمایه‌داریه‌كانه‌وه هاته ئاراوه.
چه‌ندین پێناسه هه‌ن بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بۆ نمونه له ئینسكلۆپیدیای (Hachette) فیمینزم به (سیسته‌مێكی فیكری، یان میتۆدی و به‌رگریكار له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ژنان ده‌كات و داوای به‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانیان ده‌كات).
ئینسكلوپیدیای ویبستر ــ یش به : ئه‌و تیۆره‌یه كه بانگه‌شه بۆ یه‌كسانی جێنده‌ری ده‌كات له ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، وه‌ك بزوتنه‌وه‌ش هه‌وڵ ده‌دات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی ژنان و خۆ ئازاد كردن و لادانی جیاكاری ڕه‌گه‌زی، كه ژنان ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه....
مێژووی فیمینزم:
ده‌توانین مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی فیمینزم دابه‌ش بكه‌ین به‌سه‌ر سێ شه‌پۆل:
شه‌پۆلی یه‌كه‌م: مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌دیاركه‌وتنی ماری ولستون كرۆفت وه‌ك به‌رگریكارێك له مافی ژنان ساڵی 1792، كه تێیدا باسی له‌وه كرد ژنان پێویستیان به عه‌قڵانیه‌ت هه‌یه، چونكه ته‌نیا به ڕێگه‌ی فێربونه‌وه پێیده‌گه‌ن، هه‌روه‌ها مشتومڕی له‌سه‌ر دیدگای كۆمه‌ڵگه كرد بۆ پرسی ژنان.
بۆیه به شه‌پۆلی داواكردنی مافی فێربون و كاركردن و مافه‌كانی ژنانی هاوسه‌ردار به مافی خاوه‌نداریه‌تی و به‌خێوكه‌ری منداڵ و مافی ده‌نگدان ده‌ناسرێت.
پاشان بیرمه‌ندانی یه‌كه‌می فیمینزم (ژن و پیاو) به‌رپه‌رچی ئه‌و بیرۆكه و دیدگایانه‌یان دایه‌وه، كه له یاده‌وه‌ری كۆمه‌ڵ و تاكدا هه‌ن له‌سه‌ر بیرۆكه نه‌رێنیه‌كانی له‌سه‌ر ژن هه‌بوون به ڕێگه‌ی پێشكه‌شكردنی وێنه‌ی ژن به‌و شێوه‌یه‌ی له كه‌له‌پوری یه‌هودی ومه‌سیحی ــ ژن بنچینه‌ی هه‌ڵه‌یه ــ هه‌یه. هه‌روه‌هاڕه‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌ی ژن له چه‌ندین هه‌ڵویست و كاری بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفه رۆژئاواییه‌كان به‌رامبه‌ر به ژن وه‌ك (ئه‌فلاتۆن) ده‌خاته‌ڕوو، كاتێك ژن به پله‌ی دونیا پۆلێن ده‌كات له‌گه‌ڵ كۆیله و خراپه‌كاران و كه‌سانی نه‌خۆش، تا ده‌گاته (دیكارت) له ڕێگه‌ی فه‌لسه‌فه دوانه‌یه‌كه‌ی كه له‌سه‌ر عه‌قڵ و مادده بونیادی ناوه، كاتێك عه‌قڵ به نێر و ماده‌ش به‌ژن به‌ند ده‌كات. پاشان ده‌گاته (كانت) كاتێك ژن به لاواز له پێكهاته‌یدا وه‌سف ده‌كات به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌نی توانای عه‌قڵیه‌وه. (جان جاك رۆسۆ)ش ده‌ڵێت: ژن ته‌نیا له‌پێناو سێكس و وه‌چه خستنه‌وه خولقاوه. (فرۆید)یش، كه پێشه‌نگی قوتابخانه‌ی ده‌روناسییه، كێشه‌ی ژنان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و گرێ ده‌رونییه‌ی هه‌یانه كه خۆیان به كه‌متر ده‌زانن به‌رامبه‌ر پیاوان.
هه‌ر ئه‌و دیدگا و ڕه‌خنانه بۆ دێر و میتۆده گشتیه‌كانی بۆ فكری رۆژئاوایی وایكرد تێزه نوێیه‌كان بۆ فیمینزم گه‌ڵاڵه بێت. تا توانیان بیسه‌لمێنین كه به‌رهه‌می ئه‌و تێڕوانین و بیرۆكانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كلتوری باوه‌ی كه هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاسته‌قینه، یان سه‌رچاوه‌یه‌كی سروشتی نییه. چونكه ته‌نیا به‌رهه‌می په‌تریاكی (نێرسالاریه) و هه‌زاران ساڵه بونیاد نراوه. سیسته‌می هه‌ژمونی نێرینیه‌یه، سه‌رباری ئه‌و گۆڕانكارییه ته‌كنه‌لۆژیانه‌ی ڕوویانداوه به درێژایی ده‌یه‌كان.
شه‌پۆلی دوه‌م:
ئه‌م شه‌پۆله ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژماره‌یه‌ك چالاكی بزوه‌تنه‌وه‌ی ژنان له نێوان ساڵانی 1960 تا كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م. له‌و قۆناغه‌دا بزوتنه‌وه‌ی فیمینیزم ورده ورده سروشتێكی جیهانی وه‌رده‌گرت له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان. له‌وێدا داوای یه‌كسانی تێپه‌ڕاند و پشتی به ره‌خنه‌ی عه‌قڵانی ده‌به‌ست و چه‌ندین ڕه‌وت و مه‌زهه‌بی نوێ هاتنه ئاراوه، هه‌روه‌ها پشتی به ئازادبون له سه‌ركوتكردنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌گه‌زی ده‌به‌ست.
به‌مه‌ش ئه‌م ماوه‌یه به نووسینی (الجنس الاخر ــ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی تر)ی سیمۆن دی بۆڤوار به‌ند ده‌بێت. ئه‌و كتێبه‌ی كه به پێشه‌نگی دامه‌زرێنه‌ری تێگه‌یشتنی چه‌مكی جێنده‌ر داده‌نرێت، به جۆره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی كاتێك ده‌ڵێت: (ژن به ژنیه‌تی له دایك نابێت، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه فێری ده‌كات چۆن ببێته ژن)..
بزوتنه‌وه‌ی فیمینزم به‌سه‌ر چه‌ندین ڕه‌وت و میتۆد دابه‌ش كراون:
ــ فیمینزمی ماركسی1 MARXIST FEMINISM
ــ فیمینزمی لیبرالی2 LIBERAL FEMINISM
ــ فیمینزمی سۆسیالیستی SOCIALIST FEMINISM
ــ فیمینزمی رادیكالی3 RADICAL FEMINISM
فیمینزمی سۆسیالیستی و لیبرالی و ماركسی نوێنه‌رایه‌تی زیاتر له 80% ژنانی رۆژئاوایی ده‌كه‌ن.
شه‌پۆلی سێیه‌م:
نه‌وه‌ی سێیه‌می بزوتنه‌وه‌ی فیمنیزم كاریان كرد بۆ قوڵبوونه‌وه و تێگه‌یشتنی زیاتر له‌و جیاوازییه‌ی له نێوان نێر و مێدا هه‌یه و داوای هه‌لی یه‌كسانیان ده‌كرد بۆ ژن و پیاو. پێداگریشیان له‌سه‌ر تاكیه‌تی سروشت و جیاوازی مێینه له سروشتی نێرینه. هه‌روه‌ها كاریان كرد له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له‌و پێكدژیه دوانه‌یه (سپی ــ ره‌ش ،، شه‌و ــ رۆژ) و بونیه‌ی فیكری په‌تریاكی كه له‌سه‌ر دژایه‌تی و پله‌به‌ندی دروست بوه نه‌ك له‌سه‌ر جۆر و جیاوازی ره‌نگ. بۆیه ده‌بینین فیممینزمی هاوچه‌رخ ستراتیژیه‌تی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌كارهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری ئه‌و سیسته‌مه تێكبدات، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی خۆش بكات تا ژنان و پیاوان به‌شداربن و هاریكاری یه‌كتربن بۆ گه‌یشتن به داڕشتنێكی نوێ و سه‌رده‌میانه.
دواجاریش فیمینزمه سه‌رده‌میه‌كان (neofeministes) هه‌وڵده‌ده‌ن داواكارییه‌كانی په‌یوه‌ندیان به جۆر و ره‌خنه‌ی جیهانگیری لیبرالی هه‌یه به‌یه‌كه‌وه ببه‌ستنه‌وه، دركیش به‌وه بكرێت هه‌ر كاتێك توندوتیژی جێگه‌ی بوه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگه، ئه‌وه یه‌كه‌م قوربانی ژنانن ده‌بن.
دیارترین كه‌سیش له‌و ڕووه‌وه، واته فیمینزمی نمونه‌یی/ نه‌وال سه‌عداوی نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری میسری.
فیمینزمی ئیسلامی:
لایه‌نگرانی ئه‌و قوتابخانه‌یه پێیان وایه پێگه‌ی ژن له‌ناو ئیسلامدا له‌گه‌ڵ پیاودا نا یه‌كسانه، ئه‌مه له‌كاتێكدا ئیسلام روئیایه‌كی پێچه‌وانه‌ی بۆ ته‌شریعاته‌كان پێشكه‌ش كردووه، كه باس له یه‌كسانی ژن و پیاو ده‌كات له‌ناو ئاینیدا. بۆ نمونه لێپرسینه‌وه له هه‌ردوو ره‌گه‌ز له رۆژی دوایی وه‌ك یه‌كه، (ره‌نگه له رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا ئه‌وه شتێكی ئاسایی بێت، به‌ڵام ئه‌وكاته به‌و شێوه‌یه نه‌بووه). چونكه یه‌كسانی بونی ژن و پیاو هه‌رگیز نه‌بووه له‌و سه‌رده‌میدا. ته‌نانه‌ت مشت‌ومڕ هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌بێت ژن رۆحی هه‌بێت! به شێوه‌یه‌كی یه‌كجار خراپ حوكم له‌سه‌ر ژن ده‌درا و پێگه و مافه‌كانیشی له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه ئیسلامییه‌كاندا زۆر به خراپی و زه‌قانه پیشێل كراوه.
لایه‌نگرانی ئه‌و قوتابخانه‌یه دیدگایه‌كی نوێ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌سه‌ر یه‌كسانی و جیاواز له هاوته‌ریبه رۆژئاوایه‌كه‌ی، چونكه پشت ده‌به‌ستێت به ده‌ستوور و ئه‌حكامه‌كانی قورئان و ئه‌و ئایه‌ته‌ی كه ده‌ڵێت: (ێا أَیُّهَا النَّاسُ إنَّا خَڵقْنَاكُم مِّن ژَكَرٍ وأُنپَی وجَعَلْنَاكُمْ شُعُوباً وقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا إنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ").) زۆربه‌ی جاریش ره‌خنه له هه‌ندێك ته‌شریعاته‌كانی ئیسلام ده‌گرن كه دواتر دانراون و ته‌نیا به بۆچونی ئایینی وه‌سفی ده‌كه‌ن، كه له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌س دانراون. بۆیه داوای ئازادكردنی راڤه و شرۆڤه‌كردنی ئایه‌ته قورئانیه‌كان ده‌كه‌ن و هێنانه ده‌ری له قه‌فه‌سی كاریگه‌ربون به داب‌و نه‌ریته كلتورییه دواكه‌توه‌كان.
یه‌كێك له پێشه‌نگانی ئه‌و قوتابخانه‌یش(ئامینه ودود)4 له كتێبه‌كه‌ی له‌سه‌ر قورئان و ژن نوسیویه‌تی و تێدا داوای دوباره خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی قورئان ده‌كان به تێڕوانێنكی ژنانه.
سه‌ره‌تای په‌یدابونی ده‌سته‌واژه‌ی فیمینزمی ئیسلامی
دیاره مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له ده‌سته‌واژه‌ی فیمینیزمی ئیسلامی، بریتیه له‌و ڕه‌وته فیكری و بزاڤه‌ی هه‌وڵی ئازادبوون و یه‌كسان بوونی ژنان ده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌رجه‌عیه‌تی ئیسلامی، كه بنچینه‌كه‌ی قورئانه. ئه‌و ڕه‌وته دوو ده‌ییه ده‌بێت له جیهانی ئیسلامی‌دا گه‌شه‌ی كردووه و به‌ره‌و ئه‌ورووپا په‌لی هاویشتووه (زیاتر به‌هۆی ره‌وه‌نده ئیسلامیه‌كانه‌وه) و له زۆر شوێنی جیاجیا په‌ره‌ی سه‌ندووه. هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا به لاوازی هات، به‌ڵام دواتر به‌هێزتر خۆی سه‌پاند تا وه‌ك گوتارێك گه‌ڵاڵه بوو. ئەو ڕەوتە تایبه‌تمه‌ندی و مه‌به‌ست و ئامانجی خۆی هه‌یه. ده‌كرێت فیمینزمی ئیسلامی به ڕه‌وتێكی ره‌خنه‌گر وه‌سف بكرێت، كه هۆكار و بواری داهێنان و ئیجتیهاده‌كانی له هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌یی بۆ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریه‌كه‌ی ده‌وری ژنانی ئیسلامی داوه وه‌رگرتبێت. چونكه گه‌ر له ڕووی واقعیه‌وه سه‌یر بكه‌ین، ئه‌وه گومانی تێدا نییه، كه ئه‌و ڕه‌وته فیكرییه له ره‌خنه‌گرتن له‌و واقیعه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلام هه‌ڵقوڵاوه كه ژنان تێیدا ڕووبه‌رووی سته‌می گه‌وره و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی گوشاراویی و به‌ئازار ده‌بنه‌وه. ده‌سته‌واژه‌ی (فیمینزمی ئیسلامی) و بنچینه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه زۆرجار بۆته جێگه‌ی مشت‌ومڕ و دژایه‌تی كردن, زۆرجار پرسیار ده‌كرا له‌وه‌ی: ئایا هیچ شتێك هه‌یه هاوشێوه‌ی فیمینیزمی دانراو به پێوه‌ری ئیسلامیه‌ت! ئایا ئیسلام و فیمینیزم یه‌ك ده‌گرنه‌وه! ده‌كرێت سیفه‌تی فیمینیزم بخه‌ینه پاڵ ئه‌و ژنانه: نوسه‌ر، چالاكوان، توێژه‌ر، كه باڵاپۆشن و داوای یه‌كسانی ده‌كه‌ن ل ه‌نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌ز له چوارچێوه‌ی گوتاری ئیسلامی! به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستی فیكری و فه‌لسه‌فیدا به‌هۆی بێزاری و ده‌ربڕینی ناڕەزایەتی زۆرێك له‌و ژنانه‌یە، کە په‌یوه‌ستن به‌و ڕه‌وته و ره‌خنه‌گرتیان له هه‌موو تێزێكی فیكری ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی پیشنیازكراو بۆ ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی پرسی ژن، كه خۆی له‌پێنج ته‌وه‌ردا ده‌بینێته‌وه:
یه‌كه‌م: ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی زۆری گوتاره‌كانی قوتابخانه‌ی فیمینزمی رۆژئاوایی، كه وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ پرسی ژنان پێشنیاز كراون، چونكه پێچه‌وانه‌وه و جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێسایانه‌ی ئه‌و جۆره قوتابخانانه له‌سه‌ری دامه‌زراون، به‌و پێیه‌ی له مه‌عریفه‌تی رۆژئاوای دروستبووەو له‌سه‌ر سێكوچه‌كه‌ی: عه‌لمانیه‌ت، وردبونه‌وه‌ی له‌باره‌ی خودی رۆژئاوایی، شكۆمه‌ندكردنی مرۆڤ له جیهانه‌كه‌ی خۆیدا.... جگه له‌وه‌ش هه‌وڵدانی بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی پرسی ژنان له‌جیهان به پاساوی نوێنه‌رایه‌تی كردنی ژن له جیهان به‌گشتی. به‌مه‌ش به ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی ئه‌و تێڕوانین و بۆچونانه، فیمینزمی ئیسلامی له‌سه‌ر گریمانیه‌كی سه‌ره‌كی دروست بوو، كه بریتیه له: ئازادكردنی، یان به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری بۆ ژنانی ئیسلامی، كه ره‌نگه هه‌ر له‌سه‌ر مه‌رجعیه‌تی ئیسلامی دابمه‌زرێت به پرۆژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و خودی تر، به مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌ركردنی پێداویستی و بارودۆخ و ده‌رهاویشته كلتوری و بابه‌تیانه هه‌ڵقولابێت بۆ ژنانی ئیسلام له‌و وڵاتانه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كانیان ئیسلامن.
دووه‌م: ره‌خنه‌گرتن له گوتاری نوێبونه‌وه‌ی چاكسازیی: بنچینه‌ی ئه‌و گوتاره له‌سه‌ر بنه‌مای نێوه‌ندگیری وه‌ك جه‌وهه‌رێك بۆ ئیسلام دانراوه. ئه‌و گوتاره ــ سه‌رباری ئه‌وه‌ی بانگه‌شه بۆ نوێبونه‌وه ده‌كات ــ کەچی له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌ك ورد ده‌بێته‌وه، كه بریتیه له په‌سه‌ندكردنی كه‌له‌پوری ئیسلامی بێ هیچ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك یان ره‌خنه‌یه‌ك لێی، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی خاڵی رۆشن و ئیجابی له‌و كه‌له‌پوره‌دا و په‌نجه خستنه سه‌ر خاڵه لاوازه‌كانی. ره‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش بێت وای لێكردبێت ئه‌و گوتاره به ئاسایكردنه‌وه‌ییه‌كی گونجاو سه‌یر بكرێت. بۆیه هه‌ر له‌و روانگه‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره بانگه‌شه بۆ نوێبونه‌وه ده‌كات له چه‌ندین پرسی سه‌رده‌میانەدا، كه‌چی له پرسی ژناندا به پێشه‌كیه‌كی نێرینه‌یدا ده‌ست پێده‌كات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه تێڕوانینه چاكسازیه‌كانی داده‌ڕێژێت، به پاساوی ئه‌وه‌ی، گوایه دابه‌شبون و ته‌كامولی ڕۆڵه‌كان یه‌كێكه له ره‌گه‌زه‌كانی چاكسازی. ئیمام محەمه‌د عه‌بده ـ ش كه به‌دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و ڕه‌وته داده‌نرێت نمونه‌یه‌كه له‌و خواسته نێرینه‌یه چاكسازییه. ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵه‌كانی ئه‌و ڕه‌وته خۆی له كپ كردنه‌وه‌ی زیاده‌ڕۆیی ره‌گه‌زایه‌تیه ناشیرینه‌كه‌ی نێرینەدا نیشان دەدات.
سێیەم: رەخنەگرتن لە گوتاری ئسوڵی توندڕەو:
تێگەیشتنە نوێیەکە لە ڕێگەی تێگەیشتن لە (زیندووکردنەوە) لەبەرچاو دەگیرێت، بەو مانایەی زیندووکردنەوەی ئسوڵی یەکەمی ئیسلامی (پاک) و دەست هەڵگرتن لە بیدع و نوێگەرایەکانی هاتونەتەوە ئاراوە بۆ ئایین.
کێشەی گەورەی فیکر لەگوتاری ئەو ڕەوتەدا خۆی لەتێکەڵاوکردنێکی تونددا دەبینێتەوە، کە لە هەرسێ بونیادە سەربەخۆ بە سروشتەکەی ڕوودەدات: ئسوڵی ئایین و مەرجعیەتەکانی، پاشان چارەسەر و کارلێکەرە فیکرییەکانی لەگەڵ ئەو مەرجعیەتانە و ئه‌و خاڵانه‌ی لە کەلەپوری فیکردا بەرهەم هاتون (شرۆڤە و فوقهی). دواجاریش: واقیعی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کلتوری، کە دەوری دروستبونی ئیسلام و سەردەمە یەکەمەکانی داوە، یان ئەوانەی هەوادارانی ئەو ڕەوتەن بە سەردەمی (تەواو پاک و بێگەرد) دایناوە.
ئەو گوتارە سەلەفیە ئسوڵیە بێ هیچ مشتومڕێک یەکێکە لە توندترین ڕەوتەکانی دژی فیکری نوێ و چاکسازی لە دۆخی ژنانی ئیسلامی هاوچەرخ، هەروەها دژی هەر جۆرە یەکسانی و دادپەروەیەکیشن بۆ ژنان. نەک لەبەر ئەوەی پارێزگاری لە ئایین دەکات، بەڵکو چونکە لە ڕووی مێژوویی و جوگرافیایی نووساوە بە قۆناغی راگوزەر لە مێژوویی مرۆڤایەتی، کە لە دێڕە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکاندا ڕێگەی نەداوە بە ژن لەو سنورە دەربچێت. ژن لە هاوکێشەی ئسوڵی سەلەفیدا واتە مرۆڤیکی فیتنەچی و هەڵە هەڵگر و لە ڕێ لادەر، گەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت دەبێتە مایەی سەرئێشە بۆ پیاو. هەمیشە ژن و جەستەی ژن هەڕەشەیە بۆ کەوتنی ئەخلاقی و لادان. هەر ئەو بیرکردنەوەشە کە وایکردووە هەمیشە پیاو لایان بە رەگەزە پڕ حیکمەت و بەهێزەکە سەیر بکرێت.. کپ کردنەوە و سەرکوتکردنی ژن بە بنەمای سەقامگیری و باوەڕداری و تەقواو پاکی و چاکسازی کۆمەڵگا دادەنێت بەشێوەیەکی گشتی.
چوارەم: ڕەوتی ئیسلامی دامەزرێنەر: کارەکتەرەکانی ئەو ڕەوتە، کە خۆی لە ناوەندە گەورەکانی پەروەردەی ئیسلامی دەبینێتەوە ــ وەک ئەزهەر ــ کەوتوونەتە نێوان دوو ئاڕاستە بە پێی هاوکێشەی سیاسیەکەی، کە دامەزراوەی ئاینی بەشێکی لێی پێکدەهێنێت، بەڵکو ئەو ڕەوتە کە تەبەنای بنەمای پاراستنی ئەمری واقیع دەکات، بۆتە سەرچاوەیەکی تر بۆ لاوازکردنی ژنان بەرێگەی داب و نەریتی باو و لە ژینگەی عەشایری عەرەبیش بەتایبەتی ئەوە دەبینرێت، کە بە بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی بەهاو پێوەرەکانی دانراون و هەرئەو سیستەمەی دامەزراوەی ئاینیش پارێزگاری لێدەکات.
پێنجەم: بزوتنەوەکانی ژنانی عەلمانی سەردەم:
ئەو دروشمانەی ئەو ڕەوتانە بەرزی دەکەنەوە لە بارەی ژنان و یەکسانیدا، نابنە هۆی چارەسەرێک بۆ ژنانی ئیسلامی لەبەر چەندین هۆکار، گرنگترینیشیان: دورکەوتنەوەی کولتوری ئەو ڕەوتانە لە کولتووری ئیسلامی و نزیکبونەوەیان لە کولتووری رۆژئاوایی بە خواستە کۆلۆنیالیەکانی و دوژمنایەتیکردنی بۆ کلتوری ئیسلامی، چونکە ڕەوتە فیمینزمیە عەلمانیەکان، گوتاری خۆیان لەسەر دێڕ و داڕشتن و تێگەیشتن و تا دەگاتە سیاسەت و بەرنامەی چارەسەر لە رۆژئاواوە هەڵدەهێنجن. ئەمەش دەبێتە هۆی نەبونی هیچ کەناڵێکی پەیوەندی کردن (لانی کەم لەڕووی کلتوری و بەهایدا)لەگەڵ کۆمەڵگەکانی بەهەموو جۆر‌و دەستەکانیەوە و کەمبونەوەی دەسەڵاتی بەسەر نوخبەی باڵادا دەبینرێت، چونکە ئەو گوتارە تەنیا لە نوخبەوە بۆ نوخبە دەبێ.
روخساری ڕەوتی فیمینیزمی ئیسلامی
تا ئێستاش ڕەوتی فیمنیزمی ئیسلامی وەک بەدیلێکی مەعریفی و فیکری ده‌یه‌وێت رێگەی خۆی بکاتەوە لەناو ئەو هەموو ئاستەنگ و لەمپەرە گەورانەی لەبەردەمیدا هەن، هەروەها لەناو ئەو ژینگەیەی پڕ لە بێ متمانەیی و بەربەستەکانی سەرجەم هێزە رکابەرەکان لەبەردەمیدا قوتی دەکەنەوە، جگە لە کێشە ناوخۆییەکان. رەنگە هەر ئەوانەش بن هۆکاری پەکخستن و ئیفلیجبونی ئەو ڕەوتە بن، کە تا ئیستاش لەقۆناغی پێکهێنان دایە. بەڵام سەرباری ئەوەش دەتوانین وێنەو ڕوخساری گشتی ئەو ڕەوتە و کایەکانی بکەین بەو شێوە:
ــ فیمنیزمی ئیسلامی تەبەنای میتۆدێکی رەخنەگرانەی کردووە بۆ هەموان، جگە لەدوو مەرجەعی بنەڕەتی نەبێت لە گوتار: ئەوانیش: فوقهی، نوێگەری و رابوون، هەروەها فیمینزمی رۆژئاوایی بەهەموو ئاڕاستەکانیەوە..
ــ فیمینزمی ئیسلامی هەوڵدەدات دادپەروەریەک بەدەست بهێنیت و ژنان بتوانن لەناو مەرجعیەتی ئیسلامی‌دا پێگەی خۆیان هەبێت، ئەمەش تەنیا لەسەر بنچینەی کردنەوەی دەرگای ئیجتیهاد و نوێبونەوە بە ڕووی کەلەپوری زانستی، کە پێداگرانە تەبەنای تیۆرسێنی دونیای ژنان دەکات به‌دی دێت.
ــ ئەو مەبەستەی ئەو ڕەوتە کاری لەسەر دەکات بریتیە لە خولقاندنی تەوەرێکی نوێ و تایبەت بە ژنان، بۆ ئەوەی کار بکات لەسەر گۆڕینی بەهاو تیۆرسێنەکانی پەیوەستن بە ناساندنی ژنان و ڕۆڵ و پێگەی، چ لای نوخبەی ڕۆشنبیر یان گشتی، کە لەکۆتایدا یاسا و دامەزراوە و سیاسەت و بەرنامەی لێ بێتە ئاراوە لەبەرژەوەندی ژناندا.
فیمینیزمی ئیسلامی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی فیکری عەلمانیەت
وەک ئاشکرایە ئەو واقیعە تاڵەی زۆربەی ژنانی موسڵمان تێیدا دەژین و بێ بەش بوونیان لە زۆربەی مافەکانیان، پاڵنەری سەرەکی بووبێت بۆ زۆرێک لەو بزوتنەوانەی دروستبوون و بەرگری لە مافە خوراوەکانی ژنان دەکەن لەژێر سایەی واقعێکی کۆمەڵایەتی سەپێنراو، تەنانەت زۆربەی جاریش دوورە لە خودی ئیسلامیش. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بونیادەی كه کۆمەڵگەی ئیسلام لەسەر بونیاد نراوە، کە بریتیە لە پاشماوە بەجێماوەکە و داب‌و نەریتی رۆژگاری جاهیلیەت. زۆربەی جاریش ئیسلام وەک چه‌ترێك بەکارهێنراوە بۆ داپۆشینی ئەو واقیعە ناشیرینه.
هەندێک لەو ڕەوتانە چەند ئەحکامێکی قورئانیان بە روونی ڕەت کردەوە بەو پێیەی کە تایبەت بۆ عەرەبی دورگە هاتوون لە سەدەی حەوتی کۆچیدا. هەندێکی تریش لەو ڕەوتانەی زۆر بە توندی و تاڵیەوە ئاین تۆمەتبار دەکەن و هەموو ئەو نەهامەتیانەی ژنانی دەخەنە ئەستۆ. ئەو ڕەوتانەش بە گشتی لەدوو ڕەوت پێکدێن:
یەکەم: ڕەوتی ژنانی ئیسلامی.
ئەمانە بە تەواوی باوەڕیان بە هەموو ئەو شتانە هەیە کە لە قورئانەوە سەبارەت بە ژن هاتووە و پێیان وایە ئەو دەقانە بۆ هەموو دۆخ و رۆژگارێک گونجاون. ئەو ژنانە سەر بەو ڕەوتەن باوەڕیان بە فەرمودەکانیش هەیە. خاڵێکی تریش کە ئەو ڕەوتە جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە سەرجەمی کەسە دیارەکانی سەر بەو ڕەوتە قوتابی و مامۆستای شەریعەتی ئیسلامین.
ڕەوتی ژنانی ئیسلامی سەرسەختانە دەیانەوێت ناسنامەی ئیسلامیەتی خۆیان بسەلمێنن، سەرەتاش بە دانانی دەستەواژەی (ژنان)ەوە دەستیان پێکردووە. ئەو ژنانە پێیان وایە پابەندبون بە ئەحکامەکانی ئیسلام (ئەو بەشانەی پەیوەندیدارن بەژنان) بەشێکە لە پابەندبون بە ئیسلام بەگشتی و وەک چارەسەرێکیش بۆ سەرجەم کێشە و ئالنگاریەکانی ڕووبەڕووی ژن دەبێتەوە. زۆربەی جاریش هەڵوێستی رەخنەگرانە دەگرنە بەر بەرامبەر پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی ئەنجام دراون و بەهۆکاری لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی خێزان وەسفی دەکەن.
دووەم: ڕەوتی فیمینزمی ئیسلامی
ئەو ڕەوتە بە شێوەیەکی گشتی باوەڕی بە فیمینزم هەیە و پێی وایە تەنیا بەرهەمی رۆژئاوا نییە، بەڵکو ئەو بیرۆکانە بەرێگەی خەباتی ژنان بە دریژایی مێژوو پێکهێنراوە تا گەیشتۆتە ئەو رۆژە. ئەو ڕەوتەی فیکری فیمینزمی توندڕەو ڕەت دەکاتەوە، کە پشت بە لەناوبردنی هەموو میکانزمێکی مەعریفی پێشووتر دەبەستێت و تەنیا دەیەوێت ژن بەهێز بکات لەبەرامبەر هێزی پیاودا. بەڵام لەهەمان کاتدا باوەڕی بە تێزەکەی (جێندەر) هەیە، یان جۆری کۆمەڵایەتی و لەگەڵیشدا بە ئیجابی مامەڵە دەکات. ژنانی سەر بەو ڕەوتە پێیانوایە جیاوازیەکی ئەوتۆ نییە لەنێوان فیکری ئیسلامی و نێوان فیکری فیمینزمی یان تێزی جێندەر. ئەوەی شایانی باسە ئەو ڕەوتە بەسەر دوو قوتابخانەی سەرەکی دابەش دەبن:
ــ قوتابخانەی دەرەوە: واتە تیرۆسێنانی فیکری فیمینزمی ئیسلامی لە ژنانی وڵاتانی رۆژئاوا، چونکە ئەو قوتابخانەیە گوشارێکی زۆری لەسەرە و کاریگەری بۆ ناو ئیسلامیش دروست کردووە. یەکێک لە کاراکتەرە هەرە دیارەکەی ئەو قوتابخانەیە، ئامینە ودود ــ ە. ئەو قوتابخانەیە لە ئیجتیهادیدا بەند نییە بە هیچ کۆت و پێوەندێک لە دەرەوەی میتۆدەکەی لە بیرکردنەوەدا.
ــ قوتابخانەی ناو ئیسلام: زۆر بە ئاگایەوە هەڵسوکەوت دەکات و ئەجینداکانی لە دەرەوە هاوردە ناکات. کاریگەریش نییە بە هیچ جۆرە بیر‌و کردەوەیەکی لە دەرەوەی شەرع بێت، یان کاریگەر بێت بە فیکری فیمینزمی جیهانی، چونکە تەنیا بە پێی ئەو کێشانە هەنگاو دەنێت کە لەناوەوە هەن.
هەرچەندە ئەو قوتابخانەیە هەڵدەستێت بە هاوردەکردنی چەندین دەستەواژە و کەرستەی تری فیمینزمی مەعریفی، کەچی هەڵدەستێت بە سپیکردنەوە و داڕشتنەوەیان بە داڕشتنێکی ئیسلامیانە بەرێگەی بەکارهێنانی چەند دەقێک. بەڵام لەهەمان کاتیش‌دا کاراکتەرانی ئەو قوتابخانەیە زۆربەی جار نایشانەوە کە چەندە تامەزرۆن بۆ وەرگرتنی ئەو ئازادیەی فیمینزمی ئیلامی لەدەرەوەی هەیەتی. بۆ نمونە زۆرجار (ئەزهەر ـ دامەزراوە ئاینیە تەقلیدیەکە) تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە هۆکاری هێواش بونەوەی جوڵەی فیمنیزمی ئیسلامیە لەناو ئیسلامدا، چ لەسەر ئاستی ئیجتیهاد یان لەسەر ئاستی مومارەسەکردندا.
زۆرجار فیمنیزمی ئیسلامی بەوە وەسف دەکرێت، کە: بریتیە لەو هەڵویستەی کە لە ئەنتۆلۆژیایەکی دیاریکراو و ئامانجێکی تێکەڵاو پێکدێت، مەبەستیش لێی باشتر کردنی دۆخی ژنانە، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی زۆرینەی ئیسلامیەت بەسەریاندا زاڵە، هەروەها دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ ژنان. لەلایەکی تریش چاکسازی و رۆشنکردنەوەی خودی فیکری ئیسلامی و میتۆدەکانی زانستی ئیسلامی و تێگەیشتنی لە ئاین بۆ دووبارە خوێندنەوەی سەرچاوە ئیسلامیەکان، بە شێوەیەک رێگە بدات بە بونیادنانەوەی مەعریفەی ئیسلامی فیمینزمی....
فیمینیزمی ئیسلامی و .. هەوڵدان بۆ دادپەروەری
سەرەتای نەوەدەکان فیمینزمی ئیسلامی لە گۆڤاری (زنان) ژنان ــ ئێرانی بۆ ریفۆرم بەدیارکەوت، کە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە دامەزراندنی ئەوەی ناونراوە (فیمینیزمی ئیسلامی) ئامادەیەکی زۆریان هەبوو لە باشوری ئەفریقیا لە هەمان ئه‌و ماوە زەمەنیەدا. وەک هەر دەستەواژەیەکی نوێیش، ئەو دەستەواژەیە ژمارەیەک خاڵی سەرسوڕمان و دژبەیەکی لە مەبەست و ئامانجیدا وروژاند. چونکە هەندێک كه‌س پێی وایە، بە تایبەتیش لەلایەن ژنانی عەلمانی. بە بۆچونی ئەوان ئەو دەستەواژەیە جۆرێک لە تێکەڵاوبونی لە نێوان فیمینزم و ئیسلام دروست کردووە. چونکە فیمینزم بە پرۆژەیەکی رۆژئاوایی سەیر دەکەن و لەسەر تاک و ئازادی بێ مەرج کار دەکات، ئەمە لەکاتێکدا شەریعەتی ئیسلامی لەسەر چەند جیاوازیەکی یاسای زۆر ڕوون لە نێوان ژن و پیاو دروست بووە.
بە چاوپۆشین لە هەر پرسیار و جیاوازییەکی ئەو دەستەواژەیە دروستی دەکات، کە بەهۆیەوە کۆنگرەیەک لە رێکخراوی ئەلاونیسکۆ لەساڵی 2005 بەسترا. گومانی تێدا نییە کە ژنانی ئیسلامیش لەکاتی ئێستادا رۆڵی خۆیان هەیە لە ئەدەبیاتەکانی تایبەتن بە خوێندنی ئیسلام و جێندەر. وەکو خاڵێکی سەرەکیش بۆ ئەو بزوتنەوە فیمینزمیە سەیر دەکرێت: (قورئان ژنی یەکسان کردووە بە پیاو، بەڵام خوێندنەوەی نێرینە ئەو دەقانەی پەک خستووە و شێواندویه‌تی). هەر لەو سۆنگەیەوه پێشەنگانی ئەو بزوتنەوەیە دەیانەوێت بە پێی دەقی قورئان مافی ژن بدرێت، زۆربەشیان جەخت لەوە دەکەنەوە کە قورئان جیاوازیەکی ئەنتولۆجی لە نێوان هەردوو رەگەزدا نەکردووە.
فیمنیزمی ئیسلامی ویستی بەدیهێنانی کۆمەڵێک ئامانجی هەیە. هەر لەو چوارچێوەیەدا مارگۆ بەدرانی توێژەر جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بزوتنەوەکە دەیەوێت تەوەری ریشەیی ئیسلام لە بلیمەتی قورئاندا دووبارە بکاتەوە. کە داوای یەکسانی دەکات لەنێوان هەردوو رەگەز و ئیدانەی هەر جۆرە مومارەسەتێکی نێرینەی باو دەکات لە کۆمەڵگە ئیسلامیەکاندا. ئەو داب و نەریتانەی پاش مردنی پێغەمبەر هاتنە ناو کۆمەڵگە و بە هاوکاری قوتابخانە فوقهیەکان تێکەڵاوی دەقەکان کران.
فیمینزمی ئیسلامی بەو بەرنامەیەی خۆیان هەیانە دەیانەوێت کۆمەڵێک تێز بەدی بهێنن: جەخت کردنەوەی لەو یەکسانیەی لەقورئاندا هاتووە لەنێوان ژن و پیاو. ڕەت کردنەوەی هەر خوێندنەوەیەکی فوقهی ـ نێرینەی، کە بوەتە هۆی پەیدابونی جۆرەها راڤە و خوێندنەوەی نا دروست بۆ دەقە ئاینیەکان و کاراکردنی بزاڤی ئیجتیهاد لای ژنان، بۆیە ئەو بزاڤە هەلسا بە دەردانی کۆمەڵێک لە ئیجتیهادەکانی پەیوەندیان بە هەندێک ئایتەوە هەیە، بەدیاریکراویش ئەوانەی پەیوەندیدارن بە قەوام و شەهادە و میرات و خەلافەت و دادپەوەروری.
فیمینزیمی ئیسلامی لە ژێر چەتری ئەو بزاڤە کاری کردووە بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ، کە مەبەست لێی ئازادکردنی ژنە لە میراتی فوقهی/ نێرینەیی. ئەو پرۆسەیەش بە بێ ئیجتیهاد و دووبارە شرۆڤەکردنی ئسوڵی دەقی نەبێ نابێت. بۆیە ژنانی ئیسلام هەوڵدەدەن تاویلی دەقی پیرۆز بە رێگەی چەند میکانیزمێکی نوێ کارا بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە مێژووییەی ئەوکاتەی دەوری ژنی داوە لەسەردەمی هاتنە خوارەوەی ئایه‌تەکان. لەگەڵ شرۆڤەکردنی بونیەی رۆشنبیری کۆمەڵگە. دەکرێت فیمینزمی ئیسلامیش دابەش بکەین بەسەر دوو ئاڕاستە: ئاڕاستەی میانڕەو و ئاراستەی رادیکالی. یەکەم/ داوای دابڕینی یەکجارەکی ناکات لەگەڵ کەلەپور، بەتایبەتی حەدیسی نەبوی، بەڵکو هەوڵدەدات ئەو کەلەپورە پاک بکاتەوە لەو ژینگەیە کە دوژمنایەتی ژنان دەکات بەناوی ئیسلام و ئایەتە قورئانیەکان. ئاڕاستەی دووەمیش/ کە ژنانی وەک ئامینە ودود ــ مامۆستا لە دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆ فرجینیا کۆمنولس لەخۆ دەگرێت، داوای لەیەک جیاکردنەوەی نێوان قورئان و حەدیس دەکەن. لە کتێبەکەشیدا بەناوی (من داخل جهاد الجندر) ودود، کە پێش نوێژی بۆ هەردوو رەگەزەکە كرد لە نیۆیۆرک ساڵی 2005، بیرۆکەیەکی سەرەکی پێشنیاز کرد، کاتێک داوای وەرگێڕانی حەرفی قورئانی کرد لە هەندێک شوێندا، هەروەها باس لە رەخنەگرتن لە دەقی قورئانی دەکات و خۆ خزانە ناو قۆناغی پاش دەقیش دەکات.
خوێندنەوەی مێینە بۆ دەقی پیرۆز، کە سەرەتای نەوەدەکان بەدیارکەوت، بەرهەمی فیمینزمی ئیسلامی نەبوو، چونکە گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، چەند ئەزمونی مێینەیی لەسەر دووبارەی تاویلی ئایه‌تەکانی پەیوەندیدارن بە ژنانمان بۆ ئاشکرا دەبێت. جگە لە بزاڤی فیمینزمی ئیسلامی تاویلی، ڕەوتێکی تری ژنانی موسڵمانی ڕەت کەرەوە ــ یان فیمینزمی ئیسلامی ڕەت کەرەوە هەن، وەک ئەوەی (فەهمی جدعان)(بیرمه‌ندی ئوردنی) ناوی ناوە، مەقولاتی تاویلی ئیسلام و دووبارە خوێندنەوەی بە مەبەستی خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە بۆی. ئەو ڕەوتە لە نەوەدەکان لەگەڵ نووسینەکانی ژنه نووسه‌ری بەنگلادیشی (نەسرین تەسلیم) دروستبوو. جەدعان لەو بارەیەوە تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک لەو ژنانەی لەژێر ئەو ئاڕاستەدا کاردەکەن، لەوانەش ئەیان حەرسی عەلی سۆماڵی و ئیرشاد مەنجی ــ بە ڕەچەڵەک پاکستانی کە لەساڵی 2004 کتێبێکی دەرکرد بەناوی (الخلل فی الاسلام) و تێیدا چارەسەر بۆ پێنج تەوەر دادەنێن: (مامەڵەکردنی دونیایی بۆ ژنانی ناو ئیسلام) و (رق و کینەی یەهود لەلایەن موسڵمانانەوە) و(بەردەوامبونی کۆیلەتی لە وڵاتانی مەحکموم بە شەریعەتی ئیسلامی) و (خوێندنەوەی حەرفی قورئان) و (لەبارچوونی تێگەیشتنی ئیجتیهاد و بیکردنەوەی رەخنەگرانە).
فیمینزمی ئیسلامی و كێشه‌ی تێگه‌یشتن
فیمینزمی ئیسلامی گوتاری ئیسلامی به‌كارده‌هێنن به‌و پێیه‌ی گوتارێكی سیاسییه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا تاكه گوتاریان نه‌بووه له‌باره‌ی داكۆكی كردنیان له مافی ژنان و یه‌كسانی جێنده‌ری. بۆ نمونه فیمینزمی ئیسلامی له ئێران له‌سه‌ر گوتاری عه‌لمانی و میتۆدی عه‌لمانیش وردبۆته‌وه بۆ به‌هێزكردنی ڕه‌وته‌كه‌یان, وه‌ك چۆن ئامینه ودود له راڤه‌كردنی بۆ قورئان هه‌ڵساوه به له‌یه‌ك گرێدانی میتۆدی ته‌قلیدی ئیسلامی، كه قوتابخانه‌كانی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی به‌رهه‌می هێناون له‌گه‌ڵ گوتاری عه‌لمانی له بواری مافه‌كان و دادپه‌روه‌ریدا، له‌هه‌مان كاتیش‌دا پارێزگاری له زه‌مینه‌سازی ئیسلامیش كردووه وه‌ك پایه‌ك بۆ ڕه‌وته‌كه‌ی.
شتێكی سروشتیه گه‌ر مرۆڤ جیاوازییه‌كی زۆر گه‌وره نه‌بینێت له نێوان داواكارییه‌كانی فیمینزمی ئیسلامی و فیمینزمی عه‌لمانی به‌رامبه‌ر به پرسی ژنان. به‌ڵام كاتێك هه‌ردوولایان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ كارێكی هاوبه‌ش، ئه‌وا زۆربه‌ی جار هه‌وڵه‌كانیان له‌بار ده‌برێن له‌لایه‌ن لایه‌نه سیاسیه‌كانه‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وه ره‌نگدانه‌وه‌ی گوتاری فیمینزمی رۆژئاوایی بێت، ئه‌ی چۆن فیمنیزمی ئیسلامی توانیویه‌تی گوتارێكی فیمیزنی ئیسلامی پێك بهێنێت، كه خاوه‌ن پایه و كایه‌ی خۆی بێت! چ ئه‌گه‌ر به فیمینزمی ئیسلامی یان لاهوتی فیمینزمی ئیسلامی ناوی بنیین. به بۆچونی زۆركه‌س چه‌ند پایه‌كی ئیسلامی هه‌یه بۆ ئه‌و گوتاره، كه له قورئان و سونه‌تی نه‌بوی هه‌ڵهێنجراون. هه‌وادارنی ئه‌و ئاڕاسته پێیان وایه قورئان جه‌خت كردۆته‌وه له‌سه‌ر یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو، به‌ڵام فوقهه‌ی نێرینه ئه‌و یه‌كسانیه‌ی پێشێل كردووه و له سه‌ده‌ی نۆشدا گه‌یشتۆته ترۆپك، تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش پڕ كراوه له‌بیرۆكه‌ی باوك سالاری، كه ئه‌و ماوه‌یه زۆر زاڵ بووه. ئه‌و فوقهه باوك سالاریه كه توانی به ته‌واوی هه‌ژمونی خۆی زاڵ بكات، لێره‌دا بۆته كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی دۆخی نێرینه بۆ شه‌ریعه‌ت و تائیستاش بار قورسایه‌كه‌ی ماوه‌ته‌وه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا.
بۆیه یه‌كێك له‌كاره هه‌ره پێشینیه‌كانی فیمنیزمی ئیسلامی له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌قی دامه‌زرێنه‌ری ئیسلام، قورئانه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بانگه‌شه‌كه‌رانی فیمنیزمی ئیسلامی نه‌یتوانیوه تا ئێستا ده‌ربچن له میتۆده ته‌قلیدیه‌كه‌ی ئیسلامیه‌ت به هه‌موو كه‌رسته‌كانیه‌وه و ده‌رچه‌یه‌كیش بدۆزنه‌وه بۆ مه‌سه‌له‌ی ئیجتیهاد و شرۆڤه‌كردن كه هاوته‌ریب بێت به كه‌رسته تایبه‌ته‌كانی به زمانه‌وانی، مێژوو، ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، ئه‌نته‌رۆپۆلۆجی و .... تاد.
ره‌نگه فیمینزمی ئیسلامی ڕۆڵیكی گرنگ بگێڕیت له باشتركردنی ژیانی تاك و كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆر له‌وه زیاتر پێویست ده‌بێت. بۆیه هه‌ر ئه‌وه‌شه وامان لێده‌كات به زه‌قی ئه‌و جیاوازیه ببینین له ژنێكی موسڵمان، كه ئاواره‌ی وڵاتیكی رۆژئاوا بووه، چونكه له‌گه‌ڵ خۆی سه‌رجه‌م داب و نه‌ریته‌كانی له كلتوره بنچیبنه‌كه‌ی خۆی هێناوه و ناتوانێت به ئاسانی لێیانه‌وه ده‌ربچێت. لێره‌دا دیسان ژن تووشی نه‌هامه‌تی ده‌بێته‌وه له رۆژئاوا. ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ش دوو ڕوخساری به یه‌كه‌وه نوساوی هه‌یه، ئه‌وانیش ڕوخساریكی فیمینزمی و روخسارێكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی.
سه‌ره‌تا پێویسته ئاماژه به‌وه بكرێت كه بزاڤی فیمینزم له رۆژئاوا سه‌ركوتووتر و پێگه‌یشتوتره به‌راورد به فیمینزمی ئیسلامی، چونكه ئه‌وان دان به مه‌ترسی و كێشه‌كان ده‌نێین، ره‌نگه ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی زه‌مه‌نی، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا سروشتی پێكهاته‌یی كه هاوكات بووه له‌گه‌ڵ دروستبونی بزاڤه‌كه، بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی بتوانێت ره‌خنه‌شی لێبگرێت و په‌ره‌شی پێبدات. كریستین دلفی (زانای بواری کۆمەڵناسی و چالاکوان لە مافەکانی ژنان) لەکتێبەکەی بەناوی
(Divide and conquer) باس لەو مەترسیانە دەکات کە لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ مافەکانی ژنان دێنە ئاراوە، بەو پێیەی کە پێچەوانەیەکی توندڕەوانەی دۆخی پیاوە, چونکە ئاماژە بە زەروریەتی دووبارە داڕشتنەوەی کێشەکە دەکات بە شێوەیەک، کە بتوانین بە شێوەیەکی دیاریکراو لە سروشتی ئەو دەسەڵاتە باوک سالاریە کە نامانەوێت تێبگه‌ین. بەو مەرجەی تەنیا ئامادەکردنی دۆخێکی دیاریکراو بێت (دۆخی پیاو) و مامەڵەکردن لەگەڵی وەک ئەوەی دۆخێکی گەردونی بێت و ژنان هەوڵی سەراژوورکردنی بدەن.
دلفی پێی وایە پێویستە بەرپەرچی ئەو فمینیستانە ببنەوە، ئەوانەی بەشداران لەگەڵ ئەوانەی وه‌ك قوربانیەک بۆ ئەو گەردونە بەتاڵە سەیر دەکرێن، کە هەوڵدەدات رەگەزایەتی خۆی بسەپێنێت بەسەر گروپەکانی تردا. بۆیە ئازادکردنی ژن و بەرگری کردن لێی تەنیا ئازادکردنی نییە لە داب و نەریتەکانی ناچاریان کردووە چۆن جل بپۆشێت و بالاپۆشی بکات و خاوەن ڕای خۆی نەبێت لە پرسە چارەنوسسازەکانی خۆیدا، بەڵکو پێویستە ئازاد بکرێت لە بەکاڵاکردنی، ئەمەش خاڵی هاوسەنگە لە نێوان ئازادکردنی لە جل‌و بەرگە تەقلیدیەکەی، کە رەنگە هەندێک جار بالاپۆشیەکەی بگرێتەوە، یان ئازاد کردنی لەو جلوبەرگانەی کە رەنگە تەنیا وەک کاڵایەکی سێکسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
دەتوانین بڵێین: کە یەکێک لەو پاڵنەرانەی وایکردووە کەسێکی وەکو دلفی توێژینەوە لەسەر بابەتی بالاپۆشی و پەیوەندی بە فیمینزمی ئیسلامیەوە بکات، مەسەلەی ناچارکردن بێت، کە ڕووبەڕووی ژن دەبێتەوە لە کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامیەکاندا. دلفی سەپاندنی بالاپۆشی بۆ ئاین ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو بابەتەکەی بە تێڕوانینێکی واقعیانەتر چارەسەر کردووە، ئەویش بە سەپاندنی لەلایەن هەندێک وڵاتی وەک ئێران پاش شۆڕش. چونکە دوای شۆڕش بەسەر ژنانیدا سەپاند.
یەکێکی تر لە کێشەکانی ڕووبەڕووی فیمینزمی ئیسلامی بۆتەوە، وەک توێژەران باسی لێوە دەکەن، بەتایبەتیش لە ئێران، ئەوەیە: کە هەوڵی پێشکەشکردنی هیچ پێشبینیەک نادات لەسەر ئاستی ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ دەوڵەت، یان تەنانەت لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنیش. ئەوان پێیان وایە کە فیمینزمی ئیسلامی تا ئێستاش لەچەندین ڕووەوە ئایدیۆلۆژیای نوخبەیە.
چەند خوێندنەوەیەکی فیمینیزمی بۆ بواری ئیسلامی
ژمارەیەک فاکتەری تێکەهەڵکیش لە هەردوو رێبازی ئایینی مەسیحی و ئیسلامی بەشداربون لە بەدیارکەوتنی شەپۆلی دوەمی فیمینزم. بێگومان کات و ساتی بەدیارکەوتنیان جیاوازی هەبوو. بەڵام ئەو ئەو شەپۆلە بەشداربوو لە بنکەی مەعریفی ــ خەبات ــ ەکەی لەسەری دروست بوو. لە ڕووی مەعریفیەوە بەشداربوون لە کۆکردنەوە لەنێوان تێڕوانینی فیمینزمی و چارەسەری رەخنەگرانە ــ ئازادانە بۆ دەقی ئاینی و ئەو گوتارە کلتوریە ئاینیەی لەدەوری کۆبونەوە بە هێماو و بانگەشەکەرانی و مێژووی ئاینی بە خەسڵەت و مومارەسەتەکانیەوە. تێڕوانینێک کە مێژوویەکی دووردرێژی لە جیاکاری دژی ژنان و پەراوێزخستنیان هەیە بەناوی ئایین و دامەزراوەی ئایینی. هەر ئەوەشە وایکردووە ئەو دەق و گوتارانە بکەونە بەر پێداچونەوەیەکی رەخنەگرانە، کە توانای ئازادکردنیانی هەبێت لە پاشماوەی ئەو شەپۆلە نێرسالاریە و دەسەڵاتی پاتریاکیەی چەندین سەدەیە لەژێر کاریگەری دان.
زۆربەی جار توێژینەوە ئایینیە فیمینزمیەکان یان جێنده‌ریەکان لەو خاڵە دەست پێدەکات کە تەرخان کراوە بۆ دەستنیشانکردنی ڕاستی و دروستی کۆمەڵایەتی ڕوون لەکۆی هەموو کۆمەڵگە مرۆیەکان، ئەگەرچی بە پلەی جیاوازیش بوبن. بەڵام بە خوێندنەوەی مێژووی ئاینەکان و کو‌لتوور و دامەزراوە و گوتارەکانیان، بۆمان دەردەکەوێت کە هەمویان بەشدارن لەوەی ژنان بەجیاوازی مێژووی ماوەکان ڕووبەڕووی ستەمکاری ماددی و رەمزی و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە. هەروەها بێ بەش کراون لەسەرجەم مافەکان. ئەمەش بە چەندین جۆر داڕشتن، لەوانە تایبەتن بە داڕشتنی ئاینی و کولتووری. بۆیە لێرەدا ئامانجی سەرەکی ئەو دەست نیشان کردنە بریتییە لە بەرهەڵستی هەموو ئەو شتانەی ڕووبەڕووی ژن دەبێتەوە لە ڕووی جیاکاریی و ئەو دەسەڵاتەی بەسەریدا زاڵە بەناوی ئاینەوە و لەژێر چەتری ئاین و شەریعەتەکانیدا.
لە ڕووی مێژووییەوە روخسارەکانی فیمینزمی ئیسلامی، بەو پێیەی تێڕوانینێکی هۆشیارانەیە، تەنیا دوای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو گەڵاڵە بووە پاش قۆناغی یەکەمی روئیای ریفۆرمخوازی تێیدا گەڵاڵە بوو بەرامبەر دۆخی ژنان و داواکاریەکانیان. ئەو روئیایەش زیاتر بەهۆی ڕۆڵی پێشەنگی ئەو ڕەوتە زیاتر پەرەی پێدرا. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ (بڕینی کۆت و پێوەندیە مەعریفیە ئاینیەکان لای ژنان)5 و سەرەتای بەدیارکەوتنی نەوەیەکی نوێ لە بواری توێژینەوە ئاینیەکان. ئەمە جگە لە بەدیارکەوتنی بزوتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی، کە هۆکاری بڵاوبونەوەی شەپۆلێک ترس بوون لای ژنان بەهۆی ئەو دروشمانەی ئەو بزوتنەوانە هەلیانگرتبوو. چونكه دروشمی دوژمنکارانە بوو بەناوی ئاینه‌وه. هەروەها هەڕەشەیەکیش بوون لەسەر نوێکردنەوەی (دەستبەسەرداگرتنی نێرینەیی) بەسەر ئایندا. ئەمە وایکرد ژمارەیەک ژنان هەر زوو لەنەوەدەکانی سەدەی رابردوو کاربکەن لەسەر پەیوەندی نێوان تێڕوانینی فیمینزمی و تێڕوانینی ئاینی ــ باوەڕداری.
ئەو لەیەک چونەی لە نێوان رێچکەی فیمینیزمی مەسیحی و فیمینزمی ئیسلامیش هەیە، تەنانەت لەسەر ئاستی پسپۆری و لقەکانی کە دەچنەوه سه‌ر خانەی گشتی بۆ فیمینیزمی ئیسلامی. چونکە وەک چۆن فیمینزمی مەسیحی لەسەر بنکەی سیۆلۆجی دروستبوو، دووبارە چاوی خشاندۆتەوە بەو گوتارە مەزنانەی بیروباوەڕی مەسیحی لەسەری دروستبووە و لەسەر تاویلاتی نوێ بۆ کتێبی پیرۆز، فیمینزمی ئیسلامیش هەوڵیداوە لە پێگەی ژن تێبگات لە قورئاندا. ئەمەش وایکرد زیاتر ورد ببنەوە لەسەر پرسی نەژادی و لاهوتیەکانی تاویل کراون بە گەڕانەوە بۆ ئسوڵی وشەکان و ئسوڵی شێوازە زمانەوانیەکان و بەلاغی. وەک بەکارهێنانی تەنیا داڕشتنی نێرینه لەگوتاری قورئان و پەیوەندی بە بنەمای نێرینە.
هەر لەو سۆنگەیەوە چەندین توێژینەوەی مێژوویی رەخنەگرانە ئەنجام دراون، کە بریتین لە دووبارە چاوخشاندنەوە بە سەرچاوە ئاینیەکان لە ڕووی تێڕوانینی مێژوویی، کە تیشک دەخاتە سەر هەر کاریگەرییەکی مێژوویی بەهەموو پێکهاتە زەمەنی و شوێنەکان لە ناوەڕۆکی سەرچاوە ئاینیەکانی پەیوەستن بە بابەتەکانی ژنان و کولتووریش بەگشتی و هەروەها چۆنیەتی تێگەیشتنی ئیسلام لەو بارەیەوە. لەو ڕووەوە فیمینزمەکان لەسەر دوو بوار وەک دەرئەنجامی سەرەکی وردبونەتەوە: رەنگدانەوەی ئەو سەرچاوانە لەلایەنی پێگەی کۆمەڵایەتی دامەزرێنەران و بەرژەوەندیان زیاترە لە رەنگدانەوەی ڕاستی و دروستی زاتیان. ئینجا چونکە ئەو پێگانە وا پێویستی دەکرد پیاوان تاک لایەنە لەدەسەڵات بن و ژنان پەراوێز بخرێن و دووربخرێنەوە، بۆیە ئەو سەرچاوانە هەر لەناواخنەوە نێرینە بوون. بەڵام سەرباری ئەوەش بەدرێژایی مێژوو ژنانی ناو کۆمەڵگە ئیسلامییەکان کاریگەری خۆیان بەجێهێشتووە، کە گوزارشت لە داواکردنی یەکسانی و خەباتیان بۆ دادپەرەوەی کردووە، بونی خۆیان سەپاندووە لە بواری زانستە ئایینیەکان، سەرباری ئەوەی زۆربەی جار دەنگیان کپ کراوتەوە. ئەمەش ئەو دەرەئه‌نجامەیە کە ژنانی فیمینزمی ئیسلامی گوزارشتیان لێکردووە، چ ئەوانەی بە بژاردەی خۆیان یان ئەوانەی هۆشیارانە ئەو تێڕوانینەیان هەبووە، یان ئەوانەی کاریان پێکردووە بەڵام بێ ئەوەی بەشێوەیەکی هۆشیارانەتر گوزارشتیان لێکردبێت لە قۆناغێک کە هێشتا تێڕوانین و تێگەیشتنیان نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەیە. وەک ئەو ژنانەی داوای ئازادکردنی ژنیان کردووە: بۆ نمونە عایشە تەیمور داوای بنەمای (باڵایی)ی مەرجداری کردووە لەبری تەڵاقدراو.. یان هاوبیرەکەی نه‌زیره زێنەدین کاتێک وەڵامی ئەو وتەیە دایەوە کە دەڵێت: ژنان کەم دین و کەم عەقڵن... هەر لەهەشتاکانیشەوە ئەو تێڕوانینە جێندریە هاتوتە ناو هۆشیاری مێژووی رەخنەگرانە. چونکە ژنانی فیمینزمی ئیسلامی دەستیان کرد بە دانانی یەکەمین رێسا بۆ فیمینزم لە بواری عەرەبی ئیسلامی لەگەڵ میدیادا وەک نەوال سەعداوی، کە رەخنەی لە مومارسەی کۆمەڵایەتی باوک سالاری و ڕووت کردنەوەی دیاردەی جیاکاری و سەرکوتکردن گرت، کە ڕووبەڕووی واقیعی کۆمەڵایەتی ژنان دەبێتەوە، هەروەها هەوڵدانیش بۆ ڕەت کردنەوەی هەر داڕشتنێک کە پاساو بۆ ئەو جۆرە مومارەستە دەهێنێتەوە.
بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەو توێژینەوانەی چەندین ساڵە لەسەر فیمینزمی ئیسلامی کراون، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوه. سەرچاوە ئایینی و کولتورییەکان هەمەچەشن بوون و ملکەچ کراون بۆ نزیکبونەوەیەک، ژنانی سەر بەو ڕەوتەش تا ڕادەیەک سەرکەوتبوون و دەنگیان بیستراوە لە بواری لێکۆڵینەوە ئاینیەکان. بۆیە لێرەدا دەتوانین ئەو توێژنەوانە پۆلێن بکەین کە لەبواری پرسی ژن کراون، به‌ڵام به رێژه‌ی به‌رزی و نزمی ئاستی توێژینه‌وه‌كان پۆلێن كراون:
ــ زۆربەی لێکۆڵینەوەکان داوای ئازادی ژن دەکەن لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی چاکسازی گشتی و پەیوەست بە چاکسازی کۆمەڵگە و بارودۆخی وڵاتانی بە شێوەیەکی گشتی و دۆخی ژنانیش بەتایبەتی.
ــ توێژینەوە فیمینزمیەکانی دوا بەدوای نەوەدەکان کراون بە یەکەم شەپۆلی فیمینیزمی دادەنرێت کە زیاتر پابەند بووە بە تێڕوانینی فیمینزیمانە و هۆشیاره‌نەتر مامەڵەی کردووە لەگەڵ مەسەلەی جێندەر. هەروەها بیرۆکە و تێڕوانینەکانیان لەچوارچێوەی مەرجەعیەتی یاسا دانراوەکان و بەتایبەتی یاساکانی مافی مرۆڤ بووە.
ــ زۆربەی توێژینەوەکان لەلایەن ئەو ژنانە ئەنجام دراون کە پابەندبوون بە تێڕواینی ئایینی و بەرگری کردن لە پرۆژەی دەوڵەتی ئایینی، کە تێیاندا هۆشیاری فیمینزمی زۆر نزمە، بەڵکو تەنیا کورت بوونەتەوە لەسەر هەندێک بنەما و وێناکردنەکانی بەهیچ شێوەیەک دژ بەو وێناکردنانە نییە کە لەباری ژن و پرسی ژن و داواکاریەکانیەوە هەیە.
لێکۆڵینەوەی ئاینی رەخنەگرانە، لەلایەن ئەو ژنە توێژەرانە نوسراون کە بە تێڕوانێنیکی رەخنەگرانە و میتۆدی زانستە مرۆیەکانی جێبەجێکراون بە رێگەی دەقە ئایینیەکان و کەلەپوری ئایینی و کولتووری ئاینەوە. بۆیە ئەو توێژینەوانە بەڕوونی و ڕاشکاوی گوزارشت لە پابەندبونی خۆیان ناکەن بە تێڕوانینی فیمینزیمانە و گرنگیەکی ئەوتۆی بە پرسەکانی ژن نەداوە، بەڵام لە چوارچێوەی بەرنامە رەخنەگرانەکەی خۆی دەستی بردووە بۆ جیاکاری و سەرکوتکردنی ژنان لەژێر چەتری ئاین.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment