بەرزبوونەوەی نرخی نان و هۆکارەکانی ئابووری جیهان

نوچەنێت

شارەزایانی بۆرسە جیهانیەکان پێشبینی دەکەن، نرخی نان بەرزتر ببێتەوە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆکاری سەرەکی ئەو بەرزبوونەوەی نرخ، کەمبوونەوەی خستنەرووی گەنم و لێکەوتەکانی گۆرانی کەش و هەوا و زیادبوونی رێژەی وشکە ساڵیە

هەواڵەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گەنم و هەڵكشانی بەردەوامی نرخی نان، هەواڵێکی گرفتدار دەبێت بۆ جیهان بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی، وەک ناوچەیەک کە نان و گەنم پێكهاتەی سەرەکی خواردنی ڕۆژانەی خەڵکی ناوچەکەیە.

ڕاپۆرتە جیهانیەکان باس لە گرانبوونی نرخی نان و هۆکارەکانی ئەو بەرزبوونەوەیە دەکەن، و هەروەها گۆرانەکانی کەشوهەوا و وشکە ساڵی، بە فاکتەرە سەرەکیەکانی ئەو بەرزبوونەوەیە دادەنێن.

لەو بارەیەوە ڕاپۆرتی تایبەتی ڕێکخراوی OECD بۆ بەرهەمە خۆراکییەکان، کەمی ئاستی خستنەرووی رێژەی گەنم لە بازارەکانی جیهان  تا 2029 دوپاتکردۆتەوە، هاوکات حکوومەتی ئەمریکا پێشبینی دەکات یەدەگی گەنمی جیهانی بۆ کەمترین ئاست داببەزێت لە 5 ساڵی داهاتوودا، جگە لەوەی کێرڤی بەرهەمهێنان تووشی هەڵكشان و داکشانی فراوان دەبێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو زانیاریانە، پشکەکانی گەنم لە بۆرسە جیهانیەکان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کرد، بەجۆرێک لە بۆرسەی پاریس، نرخی تۆنێک گەنم بۆ  250 یۆرۆ بەرزبوویەوە، ئەمەیش بەارورد بە ساڵی 2013 بەرزترین ئاستە.

ناوەندی بلومێرگ لە راپۆرتێکیدا، ئەم بەرزبوونەوەی نرخی نان لەو وڵاتانەی داهاتەکانیان لە ئاستی ناوەند و کەمدایە،بە کارەساتی مرۆیی ناوی دەبات، بە تایبەت وڵاتانی هاوردەکاری سەرەکی گەنم.

هاوکات پێشبینی دەکرێت تا کۆتای ئەیلولی ئەمساڵ، نرخی جیهانی گەنم بە بڕی 18 دۆلار بۆ هەر تۆنێک زیاد بکات و بگات بە 269 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، ئەمەیش واتای بەرزبوونەوەی دێت لە 251 دۆلار لە تەمووزی 2020ــدا.

بەرزبوونەوەی نرخی گەنم، کاریگەریەکەی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا دروستدەکات، چونکە ڕێژەی ٪30ــی گەنمی هاوردەکراوی جیهانی لەلایان وڵاتانی ئەو ناوچانەیە، هەر ئەمەیش هۆکار بووە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی هەناردەکردنی گەنم بۆ بازارەکانی ئەمریکا لە لایان وڵاتانی ئەو هەرێمە.

گۆرانەکانی کەشوهەوا و وشکە ساڵی بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گەنم، لە بەرامبەریشدا، نرخی ئارد بە رێژەی ٪25 بەرزبویەوە و پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا نرخی ئارد بەرزبوونەوەی زیاتر تۆمار بکات.

لەهەرێمی کوردستانیش، لێکەوتەکانی ئەو بەرزبوونەوەیە بە وردی دەرکەوتن، و لە ئەنجامدا 8 نان کە پێشتر بە هەزار دینار دەفرۆشران ،لە بەشێک لە شارەکان کران بە 6 نان بە هەزار دینار، بەلام دواتر بە بڕێری پارێزگاکان کار بۆ نزمکردنەوەی نرخەکان کرا.

هۆکارە سەرەکییەکانی گرانبوونی نرخی نان لە هەرێمی کوردستان، پشتبەستنی فراوانی بازارەکانی هەرێمە بە هاوردەکردنی گەنمی بیانی(ئێران، تورکی، رووسی)، هاوکات لاوزی کواڵێتی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەرەکییە لە نەگوونجانی ئەو گەنمە بۆ نان و بەکاربردنی.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین