ئه‌ردۆغان به‌نیازى هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستانه‌ و پوتینیش ئیدلبى بیر ده‌خاته‌وه‌ شیکاری

نوچه‌نێت

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ى دیداره‌كه‌ى نێوان ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا و ڤلادیمێر پوتینى سه‌رۆكى رووسیا، شیكارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌ردۆغان له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ دایه‌ جارێكى تر هێرش بكاته‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان، كه‌چى له‌ به‌رانبه‌ردا پوتین ئیدلبى بیر ده‌خاته‌وه‌.

بڕیاره‌ كۆتایى ئه‌م مانگه‌ له‌ رووسيا دیدارێك له‌نێوان ئه‌ردۆغان و پوتین له‌ سۆچی به‌ڕێوه‌بچێت، له‌ ئێستاوه‌ شیكارییه‌كان پێشبینییه‌كانیان بۆ ئه‌م دیداره‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو. له‌وانه‌ رۆژنامه‌ى نیزاڤیسیمایا گازیتا راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات دواى ئه‌وه‌ى توركیا هه‌وڵ ده‌دات جارێكى میلیشیاكانى ئۆپۆزسیۆنى توندڕه‌وى سووریا رێك بخاته‌وه‌، ئه‌وا ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه‌ بیه‌وێ هێرش بكاته‌وه‌ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كى باكوورى سووریا.
به‌ڵام به‌گوێره‌ى شیكارییه‌كانى راپۆرته‌كه‌ توركيا ناتوانێ ئه‌و كاره‌ بكات، چونكه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى باكوورى سووریا كورده‌كان هێشتا وا هه‌ست ده‌كه‌ن له‌ژێر چاودێرى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌مریكادان، بۆیه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌ردۆغان ده‌بێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا بكات. 
سه‌باره‌ت به‌ باكوورى رۆژئاواى سووریا كه‌ ناوچه‌كانى "ئیدلب" رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ ئه‌مه‌ ناوچه‌ى رووسیایه‌ و توركیا ناتوانێ هه‌نگاو بنێت، راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ لێدوانێكى سێرگى لاڤرۆڤى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێ، ده‌بێت توركیا پابه‌ند بێت به‌و رێككه‌وتنانه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 2018 له‌گه‌ڵ رووسیا سه‌باره‌ت به‌ ئیدلب كردوویه‌ت. واته‌ ده‌بێت توركیا له‌ ئیدلب تیرۆریستان و هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆن له‌ یه‌كتر جیا بكاته‌وه‌.
زۆرێك له‌ شیكارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ره‌نگه‌ قوڕسایى گرژییه‌كان بكه‌وێته‌ ئیدلب نه‌وه‌ك رۆژئاواى كوردستان، له‌وانه‌ ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت دوو راپۆرتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ یه‌كێكیان باس له‌وه‌ ده‌كات گرژییه‌كان له‌ ئیدلب زیادیان كردووه‌، چونكه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى رووسیا ده‌ستیان به‌ بۆردومانكردنى ئیدلب كردووه‌. رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات خاڵى سه‌ره‌كى له‌ دیدارى ئه‌ردۆغان و پوتین له‌ كۆتایى ئه‌م مانگه‌ ئیدلب ده‌بێت، چونكه‌ رووسیا داوا له‌ توركیا ده‌كات پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كانى پێشتر بێت.
شارى ئیدلب ده‌كه‌وێته‌ باكوورى رۆژئاواى سووریا تاكه‌ گه‌وره‌ترین شاره‌ كه‌ تا ئێستا له‌ژێر ده‌ستى هێزه‌ توندڕه‌وه‌كانى ئۆپۆزسیۆنى سووریایه‌، چه‌ندان جار توركیا و رووسیا رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر شاره‌كه‌ كردووه‌، دوایین رێككه‌وتن ئه‌وه‌ بوو داوا له‌ توركیا كراوه‌ هێزه‌ توندڕه‌وه‌كان چه‌كدار بكات و دواتر هێزه‌ تیرۆریسته‌كان جیا بكاته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسانى رووسیا ده‌ڵێن تا ئێستا توركیا پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كان نه‌بووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین