فوئاد حوسێن : كار بۆ گێڕانه‌وه‌ى كورسییه‌كه‌ى سووریا ده‌كه‌ین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌گه‌ڵ فه‌یسه‌ڵ میقداد هاوتا سوورییه‌كه‌ى كۆبووه‌ته‌وه‌، له‌ دیداره‌كه‌ دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ عێراق كار ده‌كات بۆئه‌وه‌ى كورسییه‌كه‌ى سووریا له‌ كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى بگه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23 ى ئه‌یلوول ئاژانسى هه‌واڵى عێراق "واع" ئاماژه‌ى بۆ ناوه‌ڕۆكى راگه‌یێندراوێكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كردووه‌، كه‌ تێیدا ئاشكراى كردووه‌ له‌ په‌راوێزى كاره‌كانى خولى 76 مینى كۆمه‌ڵه‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك فوئاد حوسێن له‌گه‌ڵ هاوتا سوورییه‌كه‌ى كۆبووه‌ته‌وه‌ و به‌ یه‌كه‌وه‌ تاوتوێى چه‌ندان دۆسیه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان عێراق و سووریایان كردووه‌.
فوئاد حوسێن به‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سووریاى راگه‌یاندووه‌، سه‌قامگیرى سووریا بۆ عێراقیش گرنگه‌ بوونى گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ سووریا هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ عێراق. له‌ رووى سیاسییشه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق گوتوویه‌تى، "عێراق له‌ كۆششه‌كانى به‌رده‌وامه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى كورسییه‌كه‌ى سووریا له‌ كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى".
له‌دواى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگى سووریا له‌ساڵى 2011 ئه‌ندامێتى ئه‌و وڵاته‌ له‌ كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى سڕكرا، ئێستا چه‌ند وڵاتێكى عه‌ره‌بى هه‌وڵى گێڕانه‌وه‌ى ئه‌ندامێتییه‌كه‌ى ده‌ده‌ن و ئه‌مڕۆیش عێراق به‌ راشكاوى باسى له‌ هه‌وڵه‌كانى خۆى كردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین