هێرش كرایه‌ سه‌ر میلیشیاكانى عێراق عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

شه‌وى رابردوو له‌ ناوچه‌ى مه‌یادینى سوورى له‌ نزیك سنوورى عێراق، هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر میلیشیا عێراقییه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران تا ئێستا زیانه‌كان و سه‌رچاوه‌ى هێرشه‌كه‌ نه‌زانراون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ى ئه‌یلوول ئاژانسى رۆیته‌رز و چه‌ند رۆژنامه‌یه‌كى ترى عه‌ره‌بى بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، شه‌وى رابردوو به‌ فڕۆكه‌ى نه‌ناسراو هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كى میلیشیاكانى عێراق و تا ئێستا زیانه‌كانى دیار نییه‌.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌ ده‌كات، چه‌ند هێرشێك بووه‌ كه‌ كراونەتە سه‌ر شوێنێكى شارۆچكه‌ى مه‌یادین له‌ نزیك رووبارى فوڕات، ته‌نانه‌ت سه‌كۆى مووشه‌كى و جبه‌خانه‌كانیشیان پێكاوه‌. هاوكات له‌ نزیك ئه‌لبوكه‌مال كاروانێكى میلیشیاكان كراوه‌ته‌ ئامانج به‌ڵام هیچ زیانێك دیار نییه‌.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى شه‌رقیه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ ئه‌و میلیشیایانه‌ى كراونه‌ته‌ ئامانج عێراقیین و به‌ڵام به‌ دیاریكراوى دیار نییه‌ كامه‌یانه‌. هه‌مان ماڵپه‌ڕ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌ گوته‌ى دانیشتووانى ناوچه‌كه‌ چه‌كدارانى میلیشیاكان كه‌وتوونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌ و ئۆتۆمبیلى فریاكه‌وتنیش بینراون كه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كه‌ رۆیشتوون.

تا ئێستا هیچ لێدوانێكى فه‌رمى له‌ عێراق و سووریا له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ نییه‌.

له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى رابردوو چه‌ندان جار میلیشیاكانى عێراق له‌ سه‌رچاوه‌ى نه‌ناسراوه‌وه‌ هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر، ئه‌وان هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش و ئیسرائیل تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، هه‌ر چه‌نده‌ ئیسرائیل له‌م هێرشانه‌ بێده‌نگ ده‌بێت، به‌ڵام هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى ره‌تى ده‌كاته‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌و هێرشانه‌وه‌ هه‌بێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین