كاندیدێكى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم دوورده‌خرێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌ بڕیارى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق حه‌یده‌ر مولا سه‌ركرده‌ى سوننه‌ و كاندیدى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم دوور ده‌خرێته‌وه‌، به‌هۆى تۆمارێكى ده‌نگى كه‌ تییدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سیسته‌مى سیاسى عێراق و باسى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى عێراق له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كات، له‌ په‌یامێكى ڤیدیۆییش ئه‌و كاندیده‌ گاڵته‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ دووى تشرینى یه‌كه‌م هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم روونكردنه‌وه‌ى داوه‌ له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانى كه‌ ئه‌ویش حه‌یده‌ر مولایه‌ كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراوى سوننه‌یه‌. سعوود مه‌شهدانى گوته‌بێژى هاوپه‌یمانییه‌كه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ به‌شى عه‌ره‌بى ماڵپه‌ڕى رووداو ده‌ڵێ، "سێ رۆژى تر حه‌یده‌ر مولا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌". ئه‌مه‌یش ئه‌و ماوه‌یه‌یه‌ كه‌ تێیدا تانه‌  له‌ بڕیاره‌كه‌ى كۆمیسیۆن ده‌درێت.

دوێنێ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقى بڕیارى دوورخستنه‌وه‌ى حه‌یده‌ر مولاى داوه‌، به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى تۆمارێكى ده‌نگى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تێیدا مولا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سیسته‌مى سیاسى عێراق و به‌ گوته‌ى كۆمسیۆن "وشه‌ى ناشیاوى به‌كارهێناوه‌" جیا له‌مه‌یش باسى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى عێراق و ئیسرائیلى كردووه‌.

حه‌یده‌ر مولا تۆمارێكى ڤیدیۆى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى ناردووه‌ و تێیدا گاڵته‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ كۆمیسیۆن ده‌كات و  له‌ناو لایه‌نگرانى ده‌ڵێ، "كوا دوورخراومه‌ته‌وه‌".

هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم هاوپه‌یمانییه‌كى سوننه‌یه‌، محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى ئێستاى په‌رله‌مانى عێراق سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین