ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنى عێراق نیگه‌رانه‌ ئێران

نوچه‌نێت

شاره‌زایانى كاروبارى عێراق له‌ لێدوانه‌كانیان بۆ ئاژانسى فرانس پرێس دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێران له‌ هه‌ڵبژاردنى عێراق نیگه‌رانه‌ و رووبه‌ڕووى ئاڵه‌نگارییه‌ك ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ عێراق رقێكى جه‌ماوه‌رى به‌رانبه‌ر هه‌ژموونى ئێران هه‌یه‌ و ئێران ده‌بێت به‌ ناچاریى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكات.

رۆژنامه‌ى زه‌مانى عێراقى به‌شێك له‌و راپۆرته‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن ئاژانسى فرانس پرێس دوێنێ دووشه‌ممه‌ چوارى تشرینى یه‌كه‌م بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. راپۆرته‌كه‌ باس له‌و رقه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ده‌كات كه‌ له‌ عێراق له‌ دژى ئێران هه‌یه‌ ده‌ڵێ، "ئێران وه‌ك یاریزانێكى ستراتیژى سه‌ره‌كى له‌ هه‌موو میحوه‌ره‌كانى عێراق ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ناچاریى خۆى ده‌بێته‌وه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رقى زۆرێك له‌ خه‌ڵك بكات له‌ كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى نزیك ده‌بینه‌وه‌".

دواتر راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "شاره‌زایان پێیانوایه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كه‌ له‌ 10 ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هیچ گۆڕانكارییه‌ك ناكات، به‌ڵام گه‌وره‌ترین ئاڵه‌نگارى بۆ ئێران ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌ متمانه‌ى جه‌ماوه‌رى به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌".

مارسین شه‌مه‌رى توێژه‌رى عێراقى له‌ راپۆرته‌كه‌ قسه‌ى كردووه‌ و ده‌ڵێ، "یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى ئێستا ئێران نیگه‌ران ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ هه‌ستێكى گشتى رقبوونه‌وه‌ له‌ هه‌ژموونى ئێران هه‌یه‌" به‌ بڕواى ئه‌و توێژه‌ره‌ ئه‌و رقه‌ له‌ راپه‌ڕینه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2019 وه‌ به‌ ئاشكرا ده‌ركه‌وتووه‌.

راپۆرته‌كه‌ى فرانس پرێس باس له‌وه‌ ده‌كات لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانى نزیك له‌ ئێران، له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق جه‌ماوه‌رییان له‌ده‌ست داوه‌، ئه‌مه‌یش هۆكارێكه‌ بۆ نیگه‌رانییه‌كه‌ى ئێران. ریناد مه‌نسور توێژه‌ر له‌ دامه‌زراوه‌ى چاتام هاوس ده‌ڵێ، "ئێران به‌شێكى گه‌وره‌ له‌ بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى له‌ ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق له‌ ده‌ست داوه‌، كه‌ پێشتر بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر بوو وایده‌زانى له‌وێ پارێزگارى له‌ بنكه‌ى لایه‌نگرانى ده‌كات".

به‌ بڕواى توێژه‌ران و شاره‌زایان له‌ كاروبارى عێراق، ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانى ئێران نه‌شتوانن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌نگێكى زۆریان هه‌بێت، ئه‌وا خودى ئێران هه‌وڵ ده‌دات له‌ پرۆسه‌ى كاندیدكردنى سه‌رۆك وه‌زیران كاریگه‌رى هه‌بێت وه‌ك پێشتریش ده‌ستى هه‌بووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین