جێگرى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى ده‌ستگیركرا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ تویتێكدا ئاشكراى كرد، هه‌واڵگریى عێراق سامى جاسمیان گرتووه‌ كه‌ به‌رپرسى دارایى رێكخراوى تیرۆریستى داعش بووه‌ و جێگرى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى سه‌رۆكى پێشووى رێكخراوه‌كه‌ بووه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ى تشرینى یه‌كه‌م مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق له‌ تویتێكدا ئاشكراى ده‌كات، هه‌واڵگریى عێراق توانیویه‌تى قوڕسترین ئۆپراسیۆن ئه‌نجام بدات و سامى جاسم ده‌ستگیر بكه‌ن.

كازمى  تویته‌كه‌ى به‌ زمانى كوردى و عه‌ره‌بى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "ئەو كاتەی چاوی قارەمانەكانی هێزە ئەمنییەكان بێداربوون بۆ پاراستنی هەڵبژاردن، باسكە ڕەسەنەكەیان لە دەزگای هەواڵگری پرۆسەیەكی قورسی هەواڵگرییان لە دەرەوەی سنور ئەنجام دا بۆ دەستگیركردنی سامی جاسم ناوێك كە سەرپەرشتیاری دارایی داعش و جێگری ئەبوبەكر بەغدادی گۆڕبەگۆڕە." 

شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى عێراق ورده‌كاریى گرتنى جێگره‌كه‌ى به‌غدادى خستووه‌ته‌ڕوو ده‌ڵێ، "له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوور گیراوه‌" بێئه‌وه‌ى ناوى ئه‌و شوێنه‌ ئاشكرا بكات.

 

دوێنێ له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى ده‌نگدانى گشتى له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق، مسته‌فا كازمى له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى سوپاسى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى كرد له‌وه‌ى توانیویانه‌ پارێزگارى له‌ پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن و گوتیشى، "سبه‌ى ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ى ئه‌منى راده‌گه‌ینین".

رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ هاویمانى 2014 رووبه‌ڕێكى فراوانى له‌ عێراق داگیركرد، كۆتایى 2017 عێراق سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند. له‌ 27ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر"ى 2019 ئه‌مریكا ئۆپراسیۆنى كوشتنى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى راگه‌یاند كه‌ سه‌رۆكى رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ بوو.

تیرۆریسته‌ گیراوه‌كه‌
 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین