بۆچی چیتر ئەفغانستان پەناگەی ئارامی توندڕەوان نییە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

لە ڕاپۆرتێکى شیکارییدا، توێژەر پۆڵ پیلەر لە گۆڤاری "فۆڕین پۆڵیسی"ی ئەمریکیدا ئاماژە بەوە دەکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، زۆرترین سەرنج لەسەر چاودێریی چالاکییە تیرۆریستییەکان لەو وڵاتە و ئەگەری وەڵامدانەوەی چالاکیی لەو جۆرەیە. هەروەکوو ویلیام بێرنز بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندییی ئەمریکا (سی ئای ئەی) لە شایەتیدانیدا لە بەردەم کۆنگرێس لە مانگی نیسان وتی، لە ئەگەری کشانەوەی سەربازیی ئەمریکادا لە ئەفغانستان توانای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریمان لەبارەی هەڕەشەکانەوە کەمدەبێتەوە.

وەکوو پیلەر باسی دەکات کریستۆفەر رای، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵێنەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (ئێف بی ئای)، لەبارەی کشانەوەی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان نیگەرانی خۆی دەربڕیووە کە گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکان هەلیان بۆ دەڕەخسێت بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و پلاندانان لەو وڵاتەدا، لە کەشێکدا کە بۆ ئێمە سەخت دەبیت زانیارییان لەبارەوە کۆبکەینەوە و ڕووبەڕوویان ببینەوە، وەکو ئەوەی پێشووتر ڕوویداوە.

بەگوێرەی شیکارییەکە، بەرپرسانی ئاژانسە ئەمریکییە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی گرووپە تیرۆریستییەکان زیاتر سەرنجیان خستووەتە سەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم کۆکردنەوەی زانیاری لەپاش کشانەوەی ئەمریکا لە  ئەفغانستان. بەڵام ئەوترسەی کریستۆفەر رای باسی کردووە، لە ئەنجامی بیرەوەری تاڵی ئەمریکییەکانە لەگەڵ هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر. دەنا هیچ شتێکی تایبەت نییە وا لە ئەفغانستان بکات ببێتە پەناگەیەکی جوگرافیی ئارام بۆ گرووپە تیرۆریستییە جیهانییەکان. ئەگەر ئەم گرووپانە بەدوای ناوچەیەکی نائارامدا بگەڕێن کە هەندێک هاوسۆزی خۆیانی لێبێت و تێیدا کەسانی یاساغ بە ئازادی بسوڕێنەوە و گرووپەکان بتوانن جێپێی خۆیانی لێ قایم بکەن، ئەوە زۆر شوێنی دیکە هەن لە جیهاندا ئەو جیاکەروانەیان هەبێت.

گرنگتر لەوەش، بە وتەی پیلەر، ئەوەیە کە دۆزینەوەی جێپێیەکی جێگیر ئەوەندە گرنگ نییە بۆ دیاریکردنی توانای گرووپێک بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی جیهانی، بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێ هێرش بکەنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا. بەڵکو هەبوونی جێپێیەکی جێگیر زیاتر بۆ گرووپێک گرنگە کە دەستبداتە یاخیگەری و شەڕی ناوخۆیی، وەکو ئەوەی ئەلقاعیدەی پێش ١١ی سێپتەمبەر دەیکرد کە  ئەفغانستان ببووە شوێنێک بۆ مەشقپێکردنی ئەوانەی پەیوەندییان پێوە دەکرد و زۆربەیان بەشدارییان دەکرد لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ناو ئەفغانستان بۆ پشتیوانیی تاڵیبان لەماوەی شەڕەکانی ئەوێ لە کۆتاییەکانی ١٩٩٠ کان.

بنکە و زەویی جێگیر پەیوەندییەکی لاوازی هەیە بە بابەتی پلاندانان و ئامادەسازی بۆ هێرشێکی تیرۆریستیی نێودەوڵەتی. نموونەی ئەوەش خودی کردەی ١١ی سێپتەمبەرە. ئەو کردەیە لەوانەیە وەکو سەرچاوە لە  ئەفغانستانەوە ئەنجامدرابێت، بەڵام ئامادەسازییەکان بۆ هێرشەکە لە جوگرافیای جیاجیاوە بووە، بۆ نموونە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ ڕفێنەرەکان لە ئیمارات و لە ئەڵمانیاوە بووە، خالید شێخ محەممەدی پلان داڕێژەریش سوودی لە پەیوەندیی دوراودووری ئەلیکترۆنی وەرگرتووە، زۆربەی ئامادەسازییەکانیش لە چەند شوققەیەکی ئەوروپا کراون، خولی فڕۆکەوانیشیان لە ئەمریکا بۆ ئەنجامدراوە.

 

داگیرکردنی وڵاتان گەورەترین هاندەری تیرۆریزمە!

زۆر هۆکار وا دەکەن ئەمریکییەکان ببنە قوربانیی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی. هۆکارەکان کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری و سیاسین لەو ناوچانەی ئەگەری هەیە کەسی تیرۆریستیان تێدا هەڵبکەوێت. بۆ نموونە بەپێی توێژینەوەیەک، بڵاوترین پاڵنەری هێرشە خۆکوژییەکان بریتییە لە داگیرکاریی سەربازیی بیانی.

ئەم دەرەنجامە پەیوەندییەکی بەهێزی بە ئەمریکا و  ئەفغانستانەوە هەیە. هەروەکو چۆن پێش ئەمریکا لە  ئەفغانستان بەسەر سۆڤیەتدا هات. پیلەر ئاماژە بەوە دەکات ئەفغانییەکان و هاوسۆزەکانیان وەکو داگیرکەر تەماشای هێزەکانی ئەمریکایان دەکرد لەناو  ئەفغانستاندا نەک وەکو رزگارکەر. بۆ نموونە لەو تەقینەوە خۆکوژییەی مانگی ئابی رابردوو داعش لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ ئەنجامی دا و بووە هۆی کوژرانی ١٣ سەربازی ئەمریکی، ئەمریکییەکان وەکو داگیرکەر بوونە قوربانیی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی.

هەر تەنیا خودی داگیرکارییە سەربازییەکان نا، بەڵکو ئەو زیانانەی بەر کەسانی مەدەنیش دەکەوێت لەکاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا، پاڵنەرێکی دیکەی تیرۆریزمە. بۆ نموونە کۆتایی مانگی ئابی رابردوو هاویشتنی موشەکێک لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکییەوە بوو بە هۆی کوژرانی ١٠ کەسی مەدەنی کە حەوتیان منداڵ بوون، ئەمە نموونەیەکە لەو زیانانەی لە زۆر حاڵەتدا لەکاتی جەنگی دژە تیرۆردا دەکەونەوە، جا بەهۆی هەڵە دیاریکردنی ئامانجەکانەوە بێت یاخود ئەو زیانە لاوەکییانەی لە ئەنجامی بە ئامانجگرتنی ئامانجێکی ڕەوا دروستدەبن، بۆیە واپێدەچێت پرۆسە سەربازییەکان، بەوانەی  ئەفغانستانیشەوە، چەندین دژبەریان بۆ ئەمریکا دروستکردبێت، جا کردەوەی ئەو دژبەرانە بە تووڕەیی دەربڕیان بێت یان ئارەزووی تۆڵەکردنەوەیان لە ئەمریکا.

 

پەیوەندیی نیوان تاڵیبان و ئەلقاعیدە وەکو جاران نییە

پیلەر دەڵێت تەنانەت ئەگەر وەهایشی دابنێین پەناگەی ئارام بۆ تیرۆریستانی جیهانیی گرنگە، ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت: ئەفغانستان پەناگەی ئارامە بۆ تیرۆریستان، لە دانانی پێناسەکەیدا پشت بەو هاوبەشێتییە دەبەستێت کە پێشووتر لەنێوان تاڵیبان و ئەلقاعیدەدا هەبووە. باسی ئەوە ناکەن ئەو هاوبەشێتییە چۆن هاتبووە ئارا لە قۆناغی شەڕدا، ئەوکاتەی تاڵیبان لە شەڕ دابوو لە پێناوی بەزاندنی هاوپەیمانێتیی بەرهەڵستکاریی باکوور لەو بەشەی  ئەفغانستان کە لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا نەبوو.

ئەگەر لە مانگەکانی داهاتوودا جەنگی ناوخۆییش دەست پێبکاتەوە، دوور نییە تاڵیبان پشت بە ئەلقاعیدە ببەستێتەوە، بەڵام ئەلقاعیدەی ئێستا زۆر لاوازترە لە جاران و هەرچی تاڵیبانیشە کە خۆی وەکو فەرمانڕەوای نوێی  ئەفغانستان دەناسێنێت، بۆیە ئیدی ئەو ئاستی هاوپەیمانیتیەی پێشوو کارایی خۆی لەدەست دەدات.

مێژووی ئەم هاوپەیمانێتییە، هاوشان لەگەڵ پەیوەندییە کەسی و خێزانییەکان، پەیوەندییەکانی نێوان تاڵیبان و پاشماوەکانی ئەلقاعیدە تۆخدەکاتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا تاڵیبان هەموو ئەم پەیوەندییانە دەپچڕێنێت؟ بەڵام ئەوەی گرنگترە ئەوەیە ئایا تاڵیبان بە چ ئاراستەیەک هەژموونی خۆی بەکاردێنێت (بەسەر قاعیدەشەوە) هاوپەیوەند لەگەڵ گریمانەی ئەنجامدرانی کردەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی.

بێ لەبەرچاوگرتنی ڕای تاکەکەسیمان لەسەر تاڵیبان، دەکرێ لەوەوە لێیان تێبگەین کە ئایا تا چەند گرنگی بە بەرژەوەندیی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا دەدەن؟ ئەوان گۆشەگیرن و گرنگی بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی نادەن. لە بەهێزترین یادەوەرییەکانی تاڵیبان ئەوەیە کە چۆن کردەوەکەی ئەلقاعیدە لە ١١ی سێپتەمبەردا  بوو بە گەورەترین کارەسات بۆ تاڵێبان، ئەوە بوو لە دەسەڵات دەرپەڕێنران و دوو دەیە ساڵی ویست تاوەکو گەیشتنەوە دەسەڵات. بۆیە هەموو بەرژەوەندییەکیان لەوەدایە ڕێگە بە دوبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوە نەدەن.

بەهۆی شۆکی ١١ی سێپتەمبەرەوە، ترس لە تیرۆری سەرچاوەگرتوو لە  ئەفغانستانەوە بۆ هەمیشە لە هزری ئەمریکییەکاندا دەمێنێتەوە. بە بۆچوونی پیلەر لەوانەیە ترس لە لێکەوتە سیاسییەکانی هەر تیرۆرێکی ئاییندە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە  ئەفغانستانەوە هەبێت، وای لە سێ سەرۆکی ئەمریکا کردبێ هێزەکانیان لەو وڵاتە بهێڵنەوە، بەر لەوەی جۆ بایدن دواجار پرۆسەکە ڕابگرێ. هیچ گەرانتییەک نییە لەبارەی چۆنێتی کاریگەریی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر  ئەفغانستان لە پەیدابوونی مەترسیی تیرۆر دژ بە ئەمریکییەکان. بەڵام بە تێڕوانین لە هەموو هۆکارە پەیوەندیدارەکان نەک تەنیا یەک دوو هۆکار، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو مەترسییە لە حاڵەتی کشانەوەی سوپای ئەمریکادا کەمتر دەبێ بەراورد بە مانەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین