شوێن بۆ دروستکردنی کارگەیەکی ریسایکلین ئامادە دەکرێت کوردستان- عێراق

سیهام میران-نوچەنێت

لە ساڵی ٢٠١٤وە هەوڵی دروستکردنی کارگەیەکی(ریسایکلین) دەدرێت و یەکەی کارگێڕی قەزای سۆران رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیایەکی پاککەرەوەدا کردبوو، بەڵام هێشتا ئەم کارگەیە دروستنەکراوە و رۆژانە لە قەزاکانی(سۆران، چۆمان، مێرگەسور و رەواندز) زبڵ فڕیدەدرێتە شوێنێک کە دیمەن و ژینگەیەکی ناتەندروستی دروستکردووە.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، سەبارەت بە دواکەوتنی دروستکردنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانەوەی لە زبڵ و خاشاک، لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت گوتی" ئێمە لە زووەوە کاری لەسەر دەکەین. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم کە گرنگی پێدەدات بابەتی ژینگەیە،  بۆیە جەنابی سەرۆکی حکومەتیش بریاری لەسەر داوە بە دانانی کارگەیەکی لەو جۆرە".

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا بۆچی پێشتر کاری لەسەر نەکراوە؟ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت" پێشتر کاری لەسەر کرابوو بەڵام وەکو پێویست نەبوو. کارەکانمان دەست پێکردووە، ئێستا کار لەسەر وردەکارییەکان دەکەین. تەنیا ئەوە ماوە کە لەگەڵ کۆمپانیاکە رێکبکەوین، هەندێك کێشە لەسەر خاڵەکان هەبوو چونکە هەندێ شت بەروونی باسی لێوە نەکرابوو، کە ئەم کارگەیە چۆن دەبێت و کارەکانی چۆنە، لەبەر ئەوە دواکەوت".

لە بارەی شوێنی ئەو کارگەیە هەڵگورد شێخ نەجیب رونیکردەوە"شوێنەکەی لە گوندی دێڵزێیە بودجەکەی لەنێوان حەوت تا ‌هەشت ملیۆن دۆلارە. ریسایکلینگەکە بۆ هەموو ئەو زبڵ و خاشاکەی، کە کۆ دەکرێتەوە لەوێ لێك جیادەکرێتەوە ئەوەی بەكاربێتەوە بەکاری دەهێنینەوە، ئەوەی کە بەکەڵک نەهاتەوە بە شێوەیەکی زانستیانە لە ناو دەبرێت".

لە وڵاتانی پێشکەوتوو سود لەو زبڵ و خاشاکە وەردەگیرێت کە دووبارە توانای بەکارهێنانەوەی هەیە، بەهۆی دروستکردنی زۆری کارگەی ریسایکلینەوە، کە سودی ئابوری و هەم ژینگەیی هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین