دراوە ئەلیکترۆنییەکان و جەنگی نوێی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا شیکاری ئابوری

نوچەنێت:

پێدەچێت جەنگی نوێی ئابووری یان جەنگی نوێی ساردی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا لە ڕێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە بێت!

لەکاتێکدا حکومەتی ئەمریکا و وەزارەتی خەزێنەی ئەو وڵاتە لە هەوڵی ئەوەدان ڕێوشوێنی زیاتر بگرەنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە توندبوونی کاریگەریی سزاکانیان لەسەر وڵاتە دژبەرەکانی وەکو ڕووسیا و ئێران و تورکیا، وا دیارە ڕووسەکان ڕایەکی جێگرەوە و وەڵامێکی توندیان هەیە بۆ ئەوەی ڕێگا لەوە بگرن ئابوورییەکەیان بکەوێتە ژێر فشار و خنکانێکی نوێوە کە زۆر لەسەریان بکەوێت.

 

گۆڕینی نەختینە

ڕوسیا ئامانجیەتی لە درێژماوەدا نەختینەی دۆلار بگۆڕێت بە دراوی دیجیتاڵی، هەفتەی رابردووش ڤلادیمیر پۆتین وتی، جارێ زووە باس لە بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵی بکەین لە مامەڵەکانی نەوتدا!

وەکو بەشێک لە فشارەکانی ڕوسیا بە لابردنی دۆلار لە پارەی نەختینەیی وڵاتدا، وەکو راپۆرتەکان باسی دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە پلانی هەیە نەختینەی دۆلار تەنیا نەگۆڕدرێت بە پارە کاغەزییەکانی دیکە، بەڵکو هەندێکیشی بگۆڕێت بە دراوی ئەلیکترۆنی.

ئەلیکساندەر پانکین، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەوااڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پلانی هەیە دۆلاری ئەمریکی کەمبکاتەوە لە دراوی نەختینەی نێودەوڵەتیی خۆیدا و دەست بە خەرجکردنی دۆلاری هەڵگیراوی خۆی بکات لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ هەندێک هاوبەشی بیانی.

پانکین وتیشی، وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە دووری نازانێت بیر لە ئەگەری گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمریکی بکاتەوە بە هەندێک جۆری پارەی دیجیتاڵی، هاوشان لەگەڵ جۆرە جیاجیاکانی پارەی کلاسیکی.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەشڵێت، "دەکرێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیدا دۆلار بگۆڕین بە پارەی جۆری دیکە، لە درێژخایەنیشدا و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەندێکی بگۆڕین بە پارەی دیجیتاڵی".

پانکین دەشڵێت "گۆڕینێکی لەم جۆرە هەوڵ و کۆششی زۆری حکومەتی دەوێت، لەوانە بونیاتنانەوەی شێوازەکانی هاریکاریی نێوان دەسەڵاتەکانی دادوەری و کۆمپانیاکان، ئەوە جگە لە دروستکردنی ئامرازی نوێ بۆ ئەم کارە".

 

سزاکان

بەرپرسە روسەکە وتوشیەتی هەڵمەتی نەهێشتنی دۆلار لە ئابوری روسیادا بەشێکە لە هەوڵەکانی وڵات بۆ خۆدوورگرتن لەو ئاڵنگارییانەی بەهۆی سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکاوە دێنە پێش.

پانکین روونیشیدەکاتەوە، "خەرجکردن بە دۆلار لە ڕێگەی بانکەکانی ئەمریکاوە تێدەپەڕێت کە بەهۆی سیستمی مەقاسەوە واشنتن دەتوانێت هەر مامەڵەیکی لەلا گوماناوی بوو ڕایبگرێت".

هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات، تاوەکو ئێستا حکومەتی روسیا ڕووبەرووی ئەم گرفتە نەبووەتەوە لەکاتی بەکارهێنانی یۆرۆ و پارە کاغەزییەکانی تردا، بۆیە پلانی نییە ڕیوشوێن لە دژی پارەی وڵاتانی دیکە وەربگرێت.

دەبێ بڵێین ساڵانێکە ڕوسیا لە هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی دۆلار دەکۆڵێتەوە لە سندوقی چاودێریی نیشتیمانیی خۆیدا کە بڕەکەی ١٨٦ ملیار دۆلارە.

دەسەڵاتدارانی روسیا پلانیان هەیە بڕی زیاتری دراوی یوانی چینی وەکو نەختینەی پارەی بیانی لای خۆیان گلبدەنەوە و وەبەرهێنانی زیاتریش لە ئاڵتووندا بکەن، هاوکات لەگەڵ دانپێدانانی سەرۆکی روسی بە ئەگەری پشتبەستنیان بە دراوی ئەلیکترۆنی لە  ئاڵوگۆڕی دراو لەسەر ئاستی جیهانی.

لێدوانەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دەرەوەی روسیاش گرنگیپێدانی زیاتری ئەو وڵاتە بە بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی دوپات دەکەنەوە بۆ مامەڵە داراییە جیهانییەکان، لەگەڵ ئەوەی ڤلادیمیر پۆتین وتی، هەندێک زووە پارەی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنین بۆ کڕین و فرۆشتنی نەوت.

 

ئەمریکا و دراوە ئەلیکترۆنییەکان

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێداچوونەوەیەکی نوێی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانیان لەبارەی دراوە ئەلیکترۆنییەکان و پێشنیازی کردووە حکومەتی ویلایەتەیەکگرتووەکان هەوڵی زیاتر بدات بۆ پەرەپێدانی ژێرخان و سیاسەتەکانی خۆی لەبارەی دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە.

وەزارەتە ئەمریکیەکە دەڵێت، زۆر بەکارهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لەمپەر دەخاتەبەردەم جێبەجێکردنی سزا ئابوورییەکان. ئەوەش دوای ئەوە هات هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ئەو وڵات و گروپانەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندوون پەنا دەبەنە بەر پارە ئەلیکترۆنییەکان کە سانسۆرێکی کەمیان لەسەرە.

لەنێوان ئەو وڵاتانەی بەکارهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکانیان فراوان کردووە ئاماژە دەکرێت بە ئێران و کوبا و تورکیا، تەنانەت سەرۆکی ڕوسیا ئاماژەی کردووە بە ئاسانکاریکردن بۆ بەشێک لە دراوە ئەلیکترۆنییەکان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین