سه‌رۆك وه‌زیرانى لبنان به‌په‌له‌ په‌نا بۆ عێراق ده‌بات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

نه‌جیب میقاتى سه‌رۆك وه‌زیرانى لبنان سه‌ردانێكى به‌په‌له‌ى بۆ عێراق ئه‌نجام داوه‌ و سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى میقاتى داواكردنى سووته‌مه‌نى زیاتر بووه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26 ى تشرینى یه‌كه‌م “ئۆكتۆبه‌ر” رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى نه‌جیب میقاتى سه‌رۆك وه‌زیرانى لبنان بۆ عێراق ئاشكرا ده‌كات كه‌ دوێنێ ته‌نیا بۆ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك ئه‌نجامى دا.

میقاتى به‌ یاوه‌رى شاندێكى حكومه‌ته‌كه‌ى كه‌ به‌رپرسى هه‌واڵگریشى له‌گه‌ڵدا بوو دوێنێ سه‌ردانى عێراقى كرد و دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌ى له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، كۆتایى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى هێنا.

راگه‌یێندراوه‌ فه‌رمیییه‌كان باسيان له‌وه‌ كردووه‌، میقاتى چه‌ند ئامانجێكى ئه‌منى و ئابوورى هه‌بووه‌، سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندى دووقۆڵى نێوان عێراق و لبنان بووه‌، كه‌چى سه‌رچاوه‌كان بۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسەت باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئامانجى سه‌ره‌كى سه‌ردانى سه‌رۆك وه‌زیرانى لبنان وه‌گرتنى سووته‌مه‌نى زیاتر بووه‌ له‌ عێراق و هه‌ردوو لایه‌یش له‌سه‌ر پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك رێككه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ى تاوتوێى ئه‌و بابه‌ته‌ بكات.

له‌ تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2019 وه‌ لبنان له‌ ته‌نگژه‌یه‌كى قووڵى ئابوورى ده‌ژیت و تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، پێشتر عێراق له‌ چه‌ندان بوارى سووته‌مه‌نى و خۆراك هاوكارى لبنانى كردووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین