بازاڕەکانی چین بە نەوتی ئێران دەبوژێنەوە! ئابووری جیهان
چین ئاستی هاوردەکردنی وزەی لە سەردەمی کۆڕۆنا بۆ ٪7.3 بەرزکردەوە

نوچەنێت

سەپاندنی سزای توند بەسەر ئێران بووە هۆی هاوردە نەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە لەلایان بەکاربەرە زلهێزەکانی وزە لە جیهاندا، ئەمەش ببووە هۆی دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ  کەمتر لە نیو میلیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2020.  بەڵام چین وێرای کەمکردنەوەی ناوبەناوی هاوردەکردنی نەوت، پەکین بۆ ماوەی چەند ساڵێک، ببوو بە هێڵی ژیانەوەی بازاڕ و ئابووری تاران، سەرباری ئەو گەمارۆ نەوتییانەی خرابوونە سەر ئەو وڵاتە.

پەیوەندییە بازرگانییەکانی  نێوان ئێران و چین ئێستا لە هەموو کاتێک بەهێزترە، بە تایبەت لە سێكتەری وزە، هەوڵە بەردەوامەکانی چین بۆ  پێشبرکێی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا، هۆکار بووە لە درێژکردنەوەی شادەمارەکانی وزە بە سەرجەم ناوچە دەوڵەمەندەکانی وزە بەتایبەت وڵاتی ئێران. 

 

لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی 2021ـدا،  دوو  تەنکەری گواستنەوەی نەوت لە سنوورە ئاوییەکانی ئەندەنوسیا، کاردانەوەی زۆریان لێکەوتەوە، یەکێک لە کەشتییەکان  بە ئاڵا و سەرنشینی ئێرانییەوە بە ناوی (MT Horse)بوو، ئەویتریان کەشتییەکەی پەنامی بوو بە ناوی (MT Freya)، کە لەلایان دەریاوانە چینی و کۆمپانیای شەنگەهای چینی سەرپەرشتی دەکرا. پەکین لە ماوەی ڕابردوودا، بە ڕێگەی ڕاستەوخۆ و گواستنەوەی کەشتی، تێکەڵکردنی نەوتی ئێران بە سەرچاوەکانی تر، نەوتی تەهرانی هاوردە کردووە.

ئەو نەوتەی کە لە ئەندەنوسیا دەستی بەسەراگیرا، دوای گۆڕینی جۆری نەوتەکەی ئێران و ڤەنزوێلا بوو، بەتایبەت تێکەڵکردنی جۆری نەوتی (Hamaca)ی، ڤەنزوێلایی لەگەڵ چەند مادەیەکی کیمایی مالیزیا و، گۆڕینی ناوی بازرگانیکەیەی بۆ “Singma Blend”، کە لە سەنغافورە و مالیزیا بەڵگەنامەکان ساختە کراون. 

سەپاندنی سزای توند بۆ هەریەکە لە تاران وکاراکاس لە لایان ئەمریکاوە، پەیوەندی ئەم دوو وڵاتەی قوڵترکرد، بە تایبەت دوای هاوکاریکردنی ئێران بە دوو کەشتی وزە و بەنزین، بۆ فەنزوێلا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، لە ئەنجامدا ئێران هەمان ڕێچکەی ڤەنزوێلای گرتە بەر، بۆ هەناردەکردنی نەوتی خۆی بە رێگاکانی مالیزیا لەوێیشەوە بۆ بازاڕەکانی چین. 

 

لە پێنچ مانگی یەکەمی ساڵی 2020ـدا، مالیزیا بڕی 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی لە ئێران هاوردە کردووە، هەرچەندە لە شوباتی هەمان ساڵ مەهاتیر محەمەد، سەرۆکی ئەو کاتەی مالیزیا ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی هاوردەکردنی نەوتی لە ئێران ڕاگرتووە، بە هۆی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکاوە. 

شارەزایانی بواری وزە ئەم هەوڵەی مالیزیا بۆ هاوردەکردنی وزەی ئێران، وێرای سزا ئابورییەکانی سەر ئەو وڵاتە، بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی مالیزیا دەگەڕێننەوە بۆ 500 میلیۆن دۆلار مانگانە. 

چین زیاتر لەهەموو کاتێکی تر پێوستی بە وزە و نەوت هەیە، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و کارکردنی بەردەوامی پەکین لە کەرتی پیشەسازی و، تاقیگە زەبەلاحەکانی بۆ بەرهەمهێنانی پێداوسیتیەکانی خۆپارێزی و لەهەمانکاتدا بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا، ئەم پێشڤەچوونانەی وڵاتی چینی پێشەسازی، کێڕڤی هەناردە و هاوردەکردنی چینی گۆڕی،  بەراورد بە وڵاتە پیشەسازییەکانی تر.  ڕابەری حزبی شیوعی چین شی جين بينغ، لە وتاری کۆتایی ساڵی 2020ـدا، گووتی: " سەرکەوتنێکی مەزنمان بەدەست هێنا و توانیمان زاڵبین بەسەر پەتای کۆرۆنا و بوژانەوەی ئابووری کۆمەڵایەتی وڵاتەکەمان".

هەروەها ئاماژەی بەوەیشدا: "ئەو ڤایرۆسەی کە ناویان ناوە ڤایرۆسی شەیتان." دژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتی چین، وڵاتەکەمان سەرکەوتوو بووە لە ڕووبەڕووبونەوەی لێکەوتەکانی ئەم پەتایە و، ئابووری چین لە ئێستادا لە پلەی یەکەمدایە، بۆ هاوکاریکردنی جیهان و گەشەسەندنی بەردەوام. 

 

کۆڕۆنا پەتایەک بۆ جیهان و دەرفەتێک بۆ ئابووری چین!

بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داخستن و پەکەوتنی بازارەکانی جیهان، بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت، ئەمەش لە ئەنجامی پڕبوونی عەمبارەکانی نەوت لە جیهاندا.

هاوردەکردنی نەوتی خاو لە چین لە 2020ـدا بەرێژەی 7.3٪ زیادیکرد، بەراورد بە ساڵی 2019، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاستی بەکاربردنی چینییەکان بۆ نەوت تا 13.4 میلیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا. نزمبوونەوەی نرخی نەوت دەرفەتێکی گونجاو بوو لە بەردەم چین بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر و هەناردەکردنی کاڵای زیاتر بۆ بازاڕەکانی جیهان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا. 

لە کانونی یەکەمی 2020ـدا چین 9,06 میلیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هاوردە کردووە،  وڵاتی چین لە سەرەتاییەکانی ساڵی2021ـدا، ئاستی بەکاربردنی بە ڕێژەی ٪18 زیادکردووە، ئەمەش واتای تێنووی پەکین دەگەیەنێت بۆ نەوتی زیاتر، بەڵام پەیوەندی بەهێزی وڵاتی چین لەگەڵ ئێران، دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی و بەردەوامبوونی سزا ئابوورییەکان، ڕێگر نەبوون لە بەردەم بڕیاری سیاسی ئێران، بۆ هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی بۆ چین. 

ئەنجامی ئەو پەیوەندییانە، هاوکاتە لەگەڵ بەڵێنەکەی، ئەمیر حوسێن زەمانینیە جێگری وەزیری نەوتی ئێران، ئاماژەی بە پلانی ئێران دا، بۆ زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بۆ 4 میلیۆن بەرمیل.

ئەم بڕیارەی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدایە، کە ئیدارەی جۆ بایدن خواستی گەڕانەوەی بۆ ڕێککەوتن هەیە لەگەڵ ئێران و، گەڕانەوەیە بۆ  پلانی باراک ئۆباما بۆ رێگریکردنی لە هەژموونەکانی روسیا و چین لە بازاڕەکانی وزەدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین