جەنگی سەپاندنی هەژموونى ئینتەرنێت بەسەر جیهان لەنێوان ئەمریکا و چین دا وەرگێڕان

نوچەنێت:

لەکاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی سزا سەپاندن بوو بەسەر کۆمپانیا تەکنۆلۆجییە چینییەکاندا، چین بە بێدەنگی کاری دەکرد بۆ بونیاتنانی ڕێگەی ئاوریشمیی دیجیتاڵیی خۆی، ئەوەش لە ڕێگای زیادکردنی ژمارەی ئەو کێبڵە ئینتەرنێتییانەی بە ژێر دەریادا تێپەڕدەکرێن بۆ وڵاتانی دیکە، بەوەش کێبڕکێی هەژموون دەکات لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ژێرخانی ئینتەرنێتیی جیهان.

لە پاشهاتی ئەو قەیرانەی لەنێوان ئەمریکا لەلایەک و هەردوو کۆمپانیای تەکۆلۆجیی (هواوی) و(زێد تی ئای)ی چینی لەلایەکی دی دروستبوو، کە لە ئەنجامدا جەنگی گومرگی و جەنگی بازرگانیی توندی لێکەوتەوە لەنیوان چین و ئەمریکای سەردەمی ترەمپدا، دواتر ململانێکە توند بوو گەیشتە گۆڕەپانی جەنگی نوێ، کە جەنگی تفەنگ و بارود نەبوو، بەڵکو جەنگی کێبڵی ئینتەرنێتیی بوو کە بە بن دەریا و ئۆقیانووسەکاندا لێ دراون.

لەوکاتەشدا کە ئیدارەی ئەمریکا سزای دەسەپاند بەسەر کۆمپانیا چینییەکان و ئامێرەکانیانی قەدەغە دەکرد لە تۆڕەکانی فایڤ جیی ئەمریکادا، ئەوە سەرەڕای قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنە چینییەکان و لە سەرووی هەموویشیانەوە "تیک تۆک" کە لەناو گەنجاندا ناوبانگ و هەوادارییەکی زۆری هەبوو، لەم کاتانەدا کۆمپانیای هواوی و کۆمپانیا چینییەکانی دیکە لە ئامادەسازی دا بوون بۆ دزەکردنە ناو ژێرخانی ئینتەرنێت لە ڕێگای ڕاکێشان و کارپێکردنی ئەو هێڵە ئینتەرنێتییانەی لە ژێر ئاوەوە چین دەبەستنەوە بە وڵاتانی دیکەوە.

لەوکاتەی ئەمریکا لە هەوڵی پارێزگاری دا بوو لە هەژموونی خۆی بەسەر ژێرخانی ئینتەرنێتی دا لەسەر ئاستی جیهان، چین هەنگاوەکانی خۆی تاو دا لەپێناو کێبڕکێکردن لەگەڵ هەژموونی ئەمریکا لەم بوارەدا، و بە گەرمی هەوڵیدەدا بۆ زیادکردنی ژمارەی کێبڵە ئینتەرنێتییەکانی خۆی، ئەویش بەهۆی ئەو گرنگییە ستراتیجییەی کێبڵە دەریاییەکان دەستیان کەوتووە بەم دواییانە و لە سەردەمی دیجیتاڵیزەبووندا.

بەپێی راپۆرتی "بلومبێرگ" و بەپێی ئەو داتایانەی وەریگرتوون لە ئەنستیتۆی "توێژینەوە لە ئاشتی و ململانێ" و ناوەندی "لەیدن ئاسیا"ی هۆڵەندی، لە ساڵی ٢٠١٩ دا چین بووەتە خاڵی شۆڕبوونەوە، یان خاوەندارێتیی یا خود هەناردەکردنی ١١.٤٪ی کێبڵە دەریاییەکانی جیهان و پێشبینییان کردووە لەنێوان ٢٠٢٥ تاکو ٢٠٣٠ دا ئەم ڕێژەیە زیادبکات بۆ ٢٠٪.

 

ململانێی ئەمریکا و چین لەژێر دەریادا

ئێستا ٤٠٠ کێبڵی ئینتەرنێت بەرپرسن لە گواستنەوەی ٩٨٪ی کۆی داتاکانی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی و تەلەفۆنیی جیهان، کۆمپانیا ئەمریکییەکان خاوەندارێتیی بەشێکی زۆری ئەمانە دەکەن و ئیشیان پێ دەکەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی هەژموونی ئەمریکا بەسەر ئینتەرنێتەوە و هەستێکی سەلامەتیش دەبەخشێت بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە ترسیان هەیە لە کردەی تێکدەری و سیخوڕی بەسەر سیستمی ئینتەرنێت و تەلەفۆنەوە، بەڵام هەر ئەمە هاوکاتە لەگەڵ جموجووڵی خێرای چین بۆ بونیاتنانی ڕێگایەکی ئاوریشمیی دیجیتاڵی  هاوشێوەی ڕێگا ئاوریشمییە لۆجیستیە سەر زەمینییەکەی.

لە ساڵی ڕابردووەوە ئەمریکا ترسی خۆی پیشان دەدا لەو هەڕەشانەی بەهۆی ژێرخانی دیجیتاڵیی چینەوە دێنەگۆڕێ، پێشووتریش مایک پۆمپیۆ وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردبوو هاوشانی یەکتر کاربکەن بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی چین کاری تێکدەرانەی دیجیتاڵی نەکاتە سەر ئەو کێبڵە ئینتەرنێتیانەی وڵاتەکانیان دەبەستێت بە وڵاتانی دیکەی جیهانەوە، لە کاتێکدا چین بەدوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگرییەوەیە لەسەر ئاستێکی فراوان.

دەبێ بڵێین بە هۆکاری ئاساییشی و هەواڵگرییانە و لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی لێژنەی "تیم تیلیکۆم"ی حکومی، بەشێک لە ڕاڕەوی کێبڵێکی دەریایی گۆڕدرا کە درێژاییەکەی نزیکەی ١٣ هەزار کیلۆمەتر بوو لە لۆس ئەنجلسەوە بۆ هۆنگ کۆنگ و لەسەر خەرجی نیمچەیی هەردوو کۆمپانیای "فەیسبووک" و "گوگڵ"، ئەویش دوای ئەوەی بەرپرسانی ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکا رازی نەبوون خاڵی دابەزینی ئەو کێبڵە بکەوێتە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی چین، چونکە دەترسان چین زانیارییە ئەلیکترۆنییەکان لە هێڵەکەدا بدزێت.

هەر بەو هۆیانە ئوستورالیا لە ساڵی ٢٠١٨ ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەیەکی  حکومەتی دورگەکانی سۆلۆمۆن گرت کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ کۆمپانیای "هواوی" واژووی کردبوو بۆ ڕاکێشانی کێبڵێکی دەریایی بە درێژایی چوار هەزار کیلۆمەتر بە مەبەستی پێکبەستنەوەی دورگەکانی سۆلۆمۆن، پاپوا گینیای نوێ و سیدنی و بە تێپەڕبوون بە هەندێک لە دوورگەکانی زەریای هێمن.

 

کێبڵی "ئاشتی"ی چینی

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی "بلومبێرگ"ی ئەمریکی لە مانگی ئاداری رابردوودا، لە نزیک کۆتایی ئەمساڵ کێبڵی ئینتەرنێتیی ڕاکێشراو لە چینەوە دەگاتە ناوچەی نزیک لە بەندەری مارسیلیای فەرەنسا.

کێبڵی ناسراو بە "کێبڵی ئاشتی" ، لە چینەوە دەگەیەنرێتە پاکستان بەسەر وشکانیدا، پاشان بەژێر ئاودا بە درێژایی 12 هەزار کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە لە قووڵایی زەریادا و بە تەنیشتی قۆچی ئەفریقاوە دەڕوات تا دەگاتە فەرەنسا.

کێبڵەکە توانای گواستنەوەی داتای هەیە بە بڕێکی ئێجگار زۆر و خێراییەکی لە ڕاددە بەدەر (یەکسانە بە ٩٠ هەزار کاتژمێر ڤیدیۆی نێتفلیکس لە چرکەیەکدا)، و ئەم هێڵە کاردەکات بۆ خێراکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیا چینییانەی لە ئەوروپا و ئەفریقا کاردەکەن.

کێبڵی ناسراو بە "کێبڵی ئاشتی" دەبێتە زۆنێکی دیکەی ململانێی چین لەگەڵ ئەمریکا، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو ململانێیەی لەنێوان هەردوو وڵات هەیە لەسەر ژێرخانی دیجیتاڵی، بە تایبەت کە کۆمپانیای "هواوی" سێهەم گەورە پشکدارە لە کۆمپانیای دروستکەری کێبڵەکەدا، هەروەک "هواوی" هەڵدەستێت بە دروستکردنی کەرەستەکانی وێستگەکانی شۆڕبوونەوەی هێڵەکە و کەرەستەکانی گواستنەوەی هێڵەکە بەژێر ئاودا.

بەهۆى ئەو گەمارۆیەی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەپاندوویەتی بەسەر دروستکەرانی کەرەستەکانی گەیاندنی تەلدار و بێتەلی چینیدا و لە سەرو هەموویانەوە کۆمپانیای "هواوی" بەهۆکاری پەیوەندیدار بە ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا، هەریەکە لە "گوگڵ" و "فەیسبووک" ڕایانگەیاندووە کە ئەوان "کێبڵی ئاشتی"ی چینی بەکارناهێنن، لەبەرئەوەی وەکو خۆیان دەڵێن توانای پێویستیان هەیە بۆ فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ئەوروپا و ئەفریقا لە ڕێگەی ئەو کێبڵانەی بەکاریان دەهێنن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین