کیسنجەری تەمەن سەد ساڵان: لەگەڵ چین ڕێکبکەون بیروڕا

نوچەنێت:

رشاد ئەبو داود

بەر لە پەنجا ساڵ، هێنری کیسنجەر، ڕێویی کایەی سیاسەتی ئەمریکی، ئاراستەی سوکانی کەشتیی مێژووی گۆڕی، دوای سەردانەکەی بۆ چین لە ١٩٧١ و کۆبوونەوەی لەگەڵ ماوتسی تۆنگ ڕێبەری ئەوکاتی چین، توانی چین بگۆڕێت بۆ دۆستی ئەمریکا، ئەگەر نەڵێین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنی پلە یەکی ئەوکاتی ئەمریکا کە یەکێتیی سۆڤیەت بوو.

لەسەر کورسییە تەختەییە گوندییەکان کۆبوونەوە و دوو کوپ چای سەوزیی چینیی هێورکەرەوەی مێشکی خواردەوە. ئەو دانیشتنە کاریگەریی هەرە گەورەی هەبوو لە هێورکردنەوەی گرژیی نێوان هەردوو وڵاتی زەبەلاح. هەر ئەو دانیشتنە ڕێگەی خۆش کرد بۆ کۆبونەوەی چڕ و پڕی دواتری نێوان هێنری کیسنجەر و ژوو ئینلای سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی چین.هێنری کیسنجەر، کە ئەوکات ڕاوێژکاری کاروباری ئاساییشی نیشتیمانی بوو بۆ سەرۆک ڕیچارد نیکسن، توانی بڕوا بە ڕێبەری چین بکات بەڕووی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی بکرێتەوە. ئامانجەکەش دوورخستنەوەی پەکین بوو لە مۆسکۆی هاوپەیمانی کۆمۆنیستی.

دەبێ بڵێین لە ١٩٥٠ و ١٩٦٠ کاندا چین گۆشەگیرترین دەوڵەتی جیهان بوو، زۆر گۆشەگیرتر لە یەکێتیی سۆڤیەت. هەروەک چین لە هەردوو جەنگی کۆریا و ڤێتنامدا دژ بە ئەمریکا جەنگا بوو، پشتیوانیشی لە شۆڕشەکانی دژ بە سەرمایەداریی ڕۆژئاوا کردبوو لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە.

سەردانەکەی کیسنجەر بۆ پەکین، کە دوای ساڵێک سەردانی سەرۆک نیکسنی بەدوادا هات، سەرکەوتوو بوو لە درزخستنە دیواری کۆمۆنیزم بۆ دوو نیوە و تەنانەت گرژییەکانی نێوان چین و سۆڤیەت وەها پەرەیان سەند ئەوەندەی نەمابوو بگاتە شەڕێکی گەرم. ئەو پەیوەندییە ستراتیجییە مێژووییەی نێوان ئەمریکا و چین بوو بەهۆی سەرکەوتنیان لە جەنگی سارددا لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی، هەر ئەو هاوبەشییە نوێیەی نیوان چین و ئەمریکا ئاسانکاریی کرد بۆ چاکسازیی ئابووری ئەوتۆ کە چینی بەرەو سەرمایەدارییەکی گەشە سەندوو برد لەدوای مردنی ماو تسی تۆنگ.

بەڵام ئیدی هەموو شتێک کۆتایی هەیە، بە تایبەت سیاسەت و پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان، کە بە ڕەنگی بەرژەوەندییەکان ڕەنگ دەکرێن. ئەوەتا ئێستا و پاش تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر سەردانەکەی کیسنجەر بۆ پەکین، هەردوو وڵات لە پەیوەندییەکانیاندا و لە چوارچێوەی دروستکردنی سیستمێکی نوێی جیهانیدا گەڕاونەتەوە چوارگۆشەی یەکەم. چین سوودی وەرگرت لە نزیکبوونەوە لە ئەمریکا و توانی ببێتە کێبڕکێکاری هەرە بەهێزی ئەمریکا لەڕووی ئابووری و سەربازییەوە. ئێستا وەکو هێنری کیسنجەر دەڵێت: ئەمریکا و چین لەسەر لێواری جەنگێکن کە لەوانەیە جیهان وێران بکات.

مانگی ڕابردوو لە سەد هەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی چیندا، سەرۆکی چین ژی جین پینگ بەڵێنی دا کە دوژمنانی چین "سەریان خوێنڕێژ دەبێت لە ڕووبەڕبوونەوەی دیواری گەورەی پۆڵایینماندا".

کیسنجەر، کە تەمەنی لە ١٠٠ ساڵ نزیکدەبێتەوە، وایدەبینێت کە ئەمریکا بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە جیهاندا دەبێت بگاتە لێکتێگەیشتن لەگەڵ چین، ئەگەرنا ئەوە جیهان ڕووبەڕووی قۆناغێکی مەترسیدار دەبێتەوە کە هاوشێوەی قۆناغی بەر لە سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمى جیهانییە. کیسینجەر لە وتارەکەیدا کە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "زووم" پێشکەشی کرد لە چوارچێوەی چالاکییەکدا کە ئەنستیتۆی شاهانەی بەریتانی تایبەت بە کاروباری نێودەوڵەتیی لە لەندەن ڕێکی خستبوو، وتیشی ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئایا ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی دەتوانن بگەنە لێکتێگەیشتننامەیەک لەگەڵ چین سەبارەت بە سیستمێکی نوێی جیهانی؟

کیسنجەر وتیشی "ئەگەر نەگەینە ئەو خاڵە و نەگەینە لێکتێگەیشتن لەگەڵ چین لەم بارەیەوە، ئیدی دەکەوینە ئەو دۆخەی کە هاوشێوەیە لەگەڵ قۆناغی پێش سەرهەڵدانی جەنگی یەکەمی جیهانی لە ئەوروپا، ئەوە بوو ئەو کاتەش چارەی کورتخایەن بۆ ململانێکان دەدۆزرایەوە، ئیدی لە قۆناغێکدا یەکێک لە گرفتەکان لە کۆنترۆڵ دەردەچوو!".

لە درێژەی قسەکانیدا، کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بەدواداچوونی بۆ کردووە، کیسنجەر هەروەها وتوویەتی "ئێستا دۆخەکە لە پێشووتر مەترسیدارترە" و ئاماژەشی بەوە کردووە کە ئەو چەکە ئێجگار پێشکەوتووانەی هەردوولا لە دەستیانە، لەوانەیە سەر بکێشێ بۆ ململانێیەکی زۆر مەترسیدار. هێنری کیسنجەر دەشڵێت، ئاشکرایە قورسە بۆ ئەمریکا دانوستاندن لەگەڵ لایەنێکی دژبەری وەکو چین بکات کە بە زوویی پێشدەکەوێت و لە هەندێک بواردا پێشی دژبەرانی دەکەوێت.

کیسنجەر دەڵێت، بابەتێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە ئایا چین بەو سیستمە جیهانییە نوێیە قایل دەبێت؟ 

کیسنجەر سەرسامیی خۆی بەو زیرەکییەی چین دەربڕیوە کە وەها خۆی ڕێکخستووە کە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی بەدەستبهێنێت  و لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتیشدا بیهێڵێتەوە، وتویەتی دەبێ وڵاتانی ڕۆژئاواش ئەدای خۆیان باش بکەن، سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە بەهێزیی ئابووریی چین واتای ئەوە نییە کە ئیدی ئۆتۆماتیکی لە هەموو بوارە تەکنۆلۆجییەکانی ئەم سەردەمەدا پێش ئەوانی دی دەکەوێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین