توركيا هێڵێکى نوێى بازرگانى لە رێگەى ئێرانەوە لەگەڵ ئيمارات دەكاتەوە شیکاری ئابوری

نوچەنێت:

راگەياندنەكانى توركيا بڵاويان كردەوە، ئەنقەرە دوو رێككەوتنى جياوازى لەگەڵ ئيمارات و پاكستان بۆ گواستنەوەى كاڵا و بەرهەمەکانى لە رێگەى بەندەر عەباسەوە واژۆ كردووە، بەمەش كاتى كەمترى پێويستە كە لە بەندەرى سيناى ميسڕى كاڵاكانى دەگواستەوە.

بەگوێرەى ئەو رێككەوتنە توركيا رێگەى نێودەوڵەتى (تەير) لەگەڵ ئيمارات و پاكستان بەكار دەهێنێت، كە تايبەتە بە كۆمپانياكانى هەناردەكردن، نرخەكەشى گونجاوترە بەتايبەت لە سەروبەندى پەتاى كۆرۆنا و نەبوونى كۆنتێنەرى پێويست نرخى گواستنەوەى دەريايى زۆر بەرزبۆوە.

بەرپرسانى وەزارەتى بازرگانى توركيا لەگەڵ بەرپرسانى ئيمارات گفتوگۆيان لەسەر ڕێگا بازرگانییە نوێیەکە كردووە، هەردوولا ئامادەيى خۆيان بۆ دابينكردنى هاوكارى پێويست بۆ گواستنەوەى وشكانى دەربڕيوە، بەڵام تا ئێستا ئەو رێككەوتنە لەسەر ئاستى وەزارەتى گواستنەوەى هەردوولايە، هێشتا نەبۆتە رێككەوتن لەسەر ئاستى باڵاى توركيا و ئيمارات.

لەو هێڵە نوێیەى گواستنەوەى كۆنتێنەرەكان لە بەندەرى شاريقە بۆ بەندەر عەباس، لەوێشەوە بە وشكانى بۆ دەروازەى گوربۆلاكى سنوورى توركيا كاڵاكان دەگوازرێنەوە.

پێشتر رێگەى دەريايى شاریقە بۆ مێرسنى توركيا بە رێگەى بەندەرى سوێسى ميسڕى بوو، كە ماوەى (20) رۆژى دەخاياند، بەڵام بەگوێرەى ئەو رێڕەوە نوێيە (6 بۆ 8) رۆژ دەخايەنێت، پێشتر بۆ پاكستان مانگێكى پێوست بوو، بەڵام لەم رێگە وشكانەى ئێستا (10 بۆ 12) رۆژ دەخايەنێت.

يەكەم بارهەڵگرى بازرگانى لە شارى خەميەى ئيماراتى بوو، وەك تاقيكردنەوەى سەرەتايى دەستى پێكردووە، كە كاروانێكى ئەلەمنيۆم و دوانۆكسيدى سيليكۆنى باركرد بوو، لە رێگەى بەندەرى شاريقەوە بەرەو بەندەر عەباس بەرێگەى دەريايى بەڕێكەوت، دواى ئەوە لە دەروازەى سنوورى گوربولا رەوانەى شارۆچكەى ئەسكەندەرونەى توركيا دەكرێت.

لە مانگى رابردوو يەكەم رێكارى گواستنەوەى وشكانى نێوان ئيسلام ئاباد و تاران و ئيستەنبۆڵ چووە چوارچێوەى رێككەوتنى گواستنەوەى رێگەى نێودەوڵەتى تەير.

بەگوێرەى راگەياندنەكانى توركيا، ئەو رێككەوتنە نوێيە كەشێكى بەرهەمدارى بۆ بازرگانى و كۆمپانياكان هەناردەكردن دروست دەكات، ماوەى گواستنەوە و كرێيەكەى كەم دەكاتەوە.

ئەو هەنگاوە بەهۆى ئاساييبوونەوەى پەيوەندى نێوان ئيمارات و توركيايە، كە لە سەرەتاى ئەمساڵ ئاشتەوايى كەنداو راگەيێندرا، لە مانگى ئابى ئەمساڵيش شێخ تەحنون بن زايد راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى ئيمارات سەردانى توركياى كرد لەگەڵ سەرۆك كۆمارى توركيا كۆبۆوە.

دواى ئەو كۆبوونەوە شانشينى ئەبوو زەبى بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەردۆغان قسەيان كرد، باسيان لە چۆنييەتى پەرەپێدانى پەيوەندييەكان كرد بۆ بەرژەوەندى هەردوو.

لە چەند ساڵى رابردوو پەيوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتە بەهۆى جياوازى ديديان لەسەر زۆربەى دۆسيەكانى ناوچەکە تێكچوو، بەتايبەت جياوازى هەڵوێستيان بەرانبەر دەسەڵاتى ميسڕ و ئيخوان موسلمين و شەڕى ليبيا و گەمارۆى سەر قەتەر.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین