ئێران له‌ دۆسیه‌ى هه‌وڵى تیرۆركردنى كازمى نه‌رمى ده‌نوێنێ ئێران

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌كان ئاشكراى ده‌كەن له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ میلیشیاكان له‌گه‌ڵ ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران گرژیى دروست بووه‌، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى قائانى دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ تیرۆركردنى كازمى نییه‌. وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانیش رایگه‌یاند، ئێران هاوكارى عێراق ده‌كات له‌ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ هێرشه‌كه‌ تێوه‌گلاون.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هه‌شتى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" سه‌رچاوه‌یه‌كى سیاسى به‌ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوزى راگه‌یاندووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى قائانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ میلیشیاكانى عێراق كه‌ سه‌ربه‌ ئێرانن گرژیى دروست بووه‌، چونكه‌ قائانى گوتویه‌تى ئێران له‌گه‌ڵ كوشتنى كازمى نییه‌، به‌ میلیشیاكانیشى راگه‌یاندووه‌، ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ هه‌ر چییه‌ك بێت ده‌بێت ئه‌وان قبووڵى بكه‌ن، بۆیه‌ بارودۆخى كۆبوونه‌وه‌ تێكچووه‌ و قائانى ناچاربووه‌ داوا بكات كۆنگره‌كه‌ درێژه‌ نه‌كێشێ.

زانیارى جیاواز له‌سه‌ر سه‌ردانه‌ رانه‌گه‌یێندراوه‌كه‌ى ئیسماعیل قائانى هه‌یه‌، هه‌ندێك له‌ ماڵپه‌ڕه‌كان ده‌ڵێن شه‌وى رابردوو سه‌ردانى عێراقى كردووه‌ و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ عێراق. سه‌ردانه‌كه‌ى هه‌ر كاتێك بێت به‌ڵام دووپاتى ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ قائانى سه‌ردانى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى كردووه‌ و پێی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئێران له‌گه‌ڵ سه‌قامگیرى عێراقه‌.

ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت سه‌عید خه‌تیب زاده‌ گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران رايگه‌یاندووه‌، وڵاته‌كه‌ى ئاماده‌یه‌ هاوكارى عێراق بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ى شه‌وى رابردوو تێوه‌گلاون.

به‌ره‌به‌یانى دوێنێ حه‌وتى تشرینى دووه‌م، هێرش كرایه‌ سه‌ر ماڵى كازمى له‌ ناوچه‌ى سه‌وز به‌ڵام جگه‌ له‌ زیانى ماددى هیچ زیانێكى گیانى نه‌بوو. به‌ شێوه‌ى فه‌رمى تا ئێستا عێراق هیچ لایه‌نێكى تۆمه‌تبار نه‌كردووه‌، به‌ڵام به‌ نافه‌رمى میلیشیاكانى ئێران له‌و هێرشه‌دا تۆمه‌تبار ده‌كرێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین