هاوبەشێتیی ستراتیجیی نێوان ڕووسیا و چین سەردەکێشێ بۆ هاوپەیمانیی سەربازیی دژی ئەمریکا؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ چین و ڕووسیا مانۆڕێکی دەریایی هاوبەشیان ئەنجام دا و هەفتەیەکی خایاند، ئەوەش یەکەم مانۆڕی لەو جۆرەیە لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن.

لە مانۆرەکەدا پێنج کەشتیی سەربازیی ڕووسی و پێنج کەشتیی سەربازیی چین بە تەنگەی "سوگارو" دا تێپەڕبوون، کە هەرێمێکی ئاویی نێودەوڵەتییە، بەڵام دەکەوێتە نێوان دوو پارێزگای ژاپۆن. چین و ڕووسیا دەڵێن، مانۆرەکە لەپێناو "پارێزگاری لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن" و "پیشاندانی توانستی زانستی هەردوو دەوڵەتی چین و ڕووسیا".

وەزارەتی بەرگریی چین دەڵێت، مانۆڕە هاوبەشەکان ئامانجیشیان ئەوەیە "هاوبەشێتیی ستراتیجیی هەمەلایەنی نێوان چین و روسیا زیاتر پەرەپێبدات لە سەردەمی نوێ دا و تواناکانی کارکردنی پێکەوەیی هەردوولا پتەو بکات و هەردوولا بەشێوەیەکی هاوبەش پارێزگاریی بکەن لە سەقامگیریی ستراتیجیی نێودەوڵەتی و هەرێمی".

بەڵام مەبەست لە "سەردەمی نوێ"ی هاوبەشێتیی ستراتیجیی هەمەلایەنەی نێوان روسیا و چین چییە؟

 

هاوپەیمانێتیی روسیا و چین و جەنگی ساردی دووەم

ماڵپەڕی Responsible Statecraftی ئەمریکی دەڵێت هەریەکە لە ڕووسیا و چین دوودڵ بوون لە چوونە ناو سەردەمێکی نوێ. کە جەنگی سارد کۆتایی هات، ڕووسیا هیوادار بوو ئیدی نۆرەی جیهانێکی نوێی پڕ هاریکاری بێت.

ریچارد ساكوا، پڕۆفیسۆری سیاسەتە روسی و ئەوروپییەکان لە زانکۆی کینیت، دەڵێت ڕوسیا ویستی لە کۆتایی جەنگی سارددا هەموو باڵباڵێن و دابەشکارییەکان تێبپەڕێنرێن، بەڵام ئەمریکا سوربوو لەسەر ئەوەی ئەوانە بمێننەوە. ساکوا هەروەها دەڵێت، ڕووسیا دەیویست بچێتە ڕیزی کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتیی ڕزگاربوو لە کوتلەکاری و پێکهاتبێ لە هاوبەشانی یەکسان کە هاریکار ن لەگەڵ یەکتر، کەچی ئەمریکا هیچی بۆ ڕووسیا نەهێشتەوە ئەوە نەبێ وەکو دەوڵەتێکی بەزیوی جەنگی سارد بچێتە ناو کۆمەڵگەیەکی فراوانبوو بە رابەرایەتیی ئەمریکا.

١٤ ساڵی ویست بۆ پوتین کە دەستبەرداری روانگەی پێشووی ببێت و ڕاستیی جەنگی ساردی دووەم قبوڵ بکات. ساڵی ٢٠١٢ روسیا بۆی دەرکەوت تاکە بژاردە کە ئەمریکا بۆی هێشتووەتەوە بریتییە لە دۆڕاندنی جەنگی سارد، نەک کۆتایی هاتنی جەنگی سارد. ساڵی ٢٠١٤ روسیا دەستبەرداری ئەوە بوو کە ساکوا ناوی دەنێت "دوا ڕیگرییەکان لە جەنگی سارد".

ئەلیکساندەر لوکین، لە کۆلێجی ئابووری نیشتیمانی لە مۆسکۆ، لە وتارێکیدا لە جۆرناڵی The Washington Quarterlyی ئەمریکی دەڵێت، بە لای چینەوە کاتێکی زیاتری ویست تاوەکوو ڕاستیی جەنگی ساردی دووەم قبوڵ بکات. تاوەکو ٢٠١٦ ش ئەمریکا جەنگی بازرگانیی بەرفراوانی دژ بە چین رانەگەیاندبوو، بۆیە دوای ئەوە چین چووە ڕیزی روسیاوە کاتێک دوودڵانە درکی بەوە کرد "ئەو سیستمە جیهانییەی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بەسەریدا زاڵن، قبوڵی نییە ئەوانیش بە یەکسانی تێیدا بن". بەمجۆرە ڕوانگەی هاریکاری گۆڕا و جێگەی گیرایەوە بە قبوڵکردنی جەنگی ساردی نوێ. ساکوا-ش بە هەمان ئەو گۆڤارەی وتووە کە چین ئارەزووی ئەو جەنگە ساردەی دووەمی نەبوو کە تا ساڵی ٢٠٢١ فشاری لێدەکرا بە ئاراستەی بروات.

 

ئاستەکانی هاریکاریی روسی و چینی

دوای قبوڵکردنی جەنگی ساردی دووەم کە تێیدا رووبەڕووی گەمارۆ و ناکۆکی بوونەوە لەسەر دەستی کوتلەی بەرامبەر بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکان، ئیدی روسیا و چین سەرەتا ڕوویان کردە یەکتر و بەرەو پیری یەکدی چوون، پاشان بەرەو دەرەوەی خۆیان و شوێنانی تر چوون بۆ باڵانسکردنەوەی ئەو جیهانە تاک جەمسەرە دوژمنکارە لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێکخراوی نوێی نێودەوڵەتی.

لە بەرەو پیرەوەچوونی یەکدیدا پەیماننامەی دراوسێیەتی باش و پەیوەندیی دۆستانەیان دامەزراند، هەردوو وڵات پابەندن کە نەچنە هیچ هاوپەیمانییەکەوە و نەبنە لایەن لە هیچ کوتلەیەکدا کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سەروەریی و ئاسایشی هەرێمیی ئەوی دی. لای خۆیەوە، دیمیتری ترینین، شرۆڤەکاری سیاسی لە ناوەندی کارنیگیی مۆسکۆ، دەڵێت سروشتی پەیوەندی نێوان ڕوسیا و چین وا داڕێژراوە کە هیچ لایەکیان نەبێتە شوێنکەوتەی ئەوی دی، تەنیا ئەوەیە هیچ کامیان نەبێتە بەرهەڵستکاری ئەوی دی. لوکین دەڵێت لە پێنجی حوزەیرانی ٢٠١٩ ڕوسیا و چین بەیاننامەیەکی هاوبەشیان واژووکرد کە "کارلێککردنێکی هەمەلایەنە و ستراتیجی"ی ڕاگەیاند. لوکین دەڵێت روسیا "بە فەرمی هاوبەشێتییەکی ستراتیجی پەرەپێدەدات" لەگەڵ چین، ئەمەش وادەکات چین تەنیا دۆستی روسیا نەبێت، بەڵکو لە رووی کردارییەوە هاوپەیمانیشی بێ.

ڕووسیا و چین پێکەوە دەستیان کردووە بە دروستکردنی چەند ڕێکخراوێکی نوێی جیهانی. گرنگترین دەوڵەتەکانی ناو ڕێکخراوەکانیان بریتی بوون لە دەوڵەتانی "بریکس" (بەرازیل، روسیا، هیندستان، چین، و ئەفریقای باشوور، هەروەها ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگهای. لە قۆناغی سەرەتای وەڵامدانەوە بە سوربوونی ئەمریکا لەسەر جەنگی ساردی دووەم، مەبەستی ڕێکخراوە نوێیەکانیان ئەوە نەبوو ببنە کوتلە لەناو جەنگە ساردە نوێیەکەدا. ساکوا دەڵێت لە پەیامگۆڕینەوە راستەوخۆکانیاندا "دوودڵ بوون لەوەی ببنە لایەنی دژبەری ئەمریکا". روونیشی کردەوە کە ئەوان "هاوشیوەی ناتۆ لەڕووی کردارییەوە ستراتیجی نەبوون". مەبەست لێی ئەوە بوو ببێتە قورساییەکی ئابووری و سیاسەتێکی دەرەکیی ئەوتۆی هەبێت هاوسەنگی بەرجەستە بکات لە بەرامبەر ئەمریکادا و جیهانێکی فرە جەمسەر دروستبکات.

دەوڵەتانی بریکس ٤٤٪ی دانیشتووانی جیهان و ٢٥٪ی ئابووریی جیهانی پێکدەهێنن. ڕێکخراوی شەنگەهای وڵاتانی ڕوسیا، چین، هیندستان، پاکستان، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، قەرغیزستان و ئێران لە خۆ دەگرێ، ئەو وڵاتانەی لە ڕیزی ڕیکخراوی شەنگەهای دان ٤٣٪ی کۆی دانیشتووانی زەوی، ٢٥٪ی ئابووریی جیهانی و نزیکەی ٢٥٪ی کۆی ڕووبەری زەوی و چوار وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی پێکدەهێنن.

 

چین و ڕووسیا...هاوبەشێتییەکی ستراتیجی یان هاوبەشێتییەکی سەربازی

بە وتەی ساکۆ، پووتین وەها وەسفی پەیوەندییەکانی چین و روسیای کردووە کە "جۆرێکە لە پەیوەندی کە ناکرێت بەراورد بکرێت بە هیچ شتێکی دیکە لە جیهاندا". هەروەها شی جین پینگ وەها ناوی لەم پەیوەندییە ناوە کە "هاوبەشێتییەکی ستراتیجییە".

مانۆڕە هاوبەشە دەریاییەکانی ئەم دواییە، نوێترین بەش ئەو زنجیرە هاریکارییەن کە هاوبەشێتیی ستراتیجی ڕادەکێشن بەرەو ئەوەی چین ناوی لێ ناوە "سەردەمی نوێ". لەو سەردەمە نوێیەشدا لەوانەیە هاوبەشێتیی ستراتیجی فراوان ببێت و بواری سەربازیش بگرێتەوە. ڤاسیلی کاشین، هاوڕێی پایەبڵند لە ئەنستیتۆی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی دوور سەر بە ئەکادێمیای زانستەکانی ڕوسیا، دەڵێت "لە ساڵی ٢٠١٨ وە هاریکاریی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ لە هاوپەیمانێتییەکی ڕانەگەیەنراودا". خودی پوتین وتوویەتی "ئەمە پەیوەندییەکە لەگەڵ هاوپەیمانێکدا بە هەموو ماناکانی هاوبەشێتیی ستراتیجیی فرە ڕەهەند".

لوکین دەڵێت "روسیا نوێترین نەوەی چەکی خۆی بە چین فرۆشتووە، لەوانە ٢٤ فڕۆکەی جەنگیی جۆری سوخوی- 35 و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس-٤٠٠". هەروەها دەڵیت، تاوەکو ساڵی ٢٠١٩ روسیا یارمەتیی چینی داوە لە بونیاتنان و داڕشتنی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە هێرشی موشەکی".

کاشین دەڵێت لە ساڵی ٢٠١٧ کەشتییە جەنگییە چینی و روسییەکان مانۆڕی هاوبەشیان لە دەریای بەڵتیک ئەنجامداوە، ساڵی ٢٠١٨ بەرنامەی جێبەجێکراو لە مانۆڕی سەربازیی روسیادا لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە چین داڕێژراوە، مانۆڕی هاوبەشی سەربازیی زەمینیشی لەسەر سنووری هەردو وڵات و بە بەشداری چین ئەنجام داوە. لەو مانۆڕەدا چین بە ٢٣٠٠ سەرباز و ٩٠٠ یەکەی پێداویستیی سەربازی و ٣٠ فڕۆکە بەشداری کرد. چین وتی کە لە پێناوی "پتەوکردنی پەیوەندییەکانی روسیا و چین و بەهێزکردنی هاوبەشێتیی ستراتیجیی نێوان هەردو وڵات" بەشداری لە مانۆرەکەدا دەکات. ساڵی ٢٠١٩ش، بۆمبی دورمەودای چین و روسیا پێکەوە هەڵدران لە مانۆڕێکی هاوبەشی هەردو وڵات لە زەریای هێمن.

هەروەها لە ئابی ٢٠٢١ چین و ڕووسیا چەند مەشقێکیان ئەنجام دا کە تێێدا بۆ یەکەمجار سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی هاوبەشیان تێدا بەکارهێنا. تێیدا هێزەکانی روسیا خرانە ناو چوارچێوەی ڕێکخستنی چینەوە، زرێپۆشی هێرشبەری چینی و ئۆتۆمبێلی خەنگی زەمینی و کەرەستەی دیکەی سەربازی بەکارهاتن.

 

سروشتی هاوبەشێتییە سەربازییەکە

لەگەڵ ئەوەی هاوبەشێتیی سەربازییان پتەوکردووە، بەڵام جارێ ناگاتە هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی هاوشێوەی ناتۆ. 

لوکین دەڵێت "پەیوەندییەکانی روسیا و چین ئێجگار پتەون و لە ئاستێکی باڵای هەماهەنگیی ستراتیجی و سەربازیدان، بەڵام پابەندیی بەرگریی لەیەکترکردنیان نییە". ساکوا-ش دەڵێت هێشتا چین و روسیا ئامادەنین بچنە ناو هاوپەیمانێتییەکی فەرمیی سەربازی و ئەو نیمچە هاوپەیمانێتییەی ئێستایان لەژێر فشارەکانی ناتۆدا دروستکردووە و تەنها ئەوەیە هەریەکەیان پشتی ئەوی دیکە بگرێ و هیچکامیشیان شتێک نەکەن کە ببێتە ئاڵنگاری لە بەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەوی دیکە.

زنجیرەی جموجووڵە هاریکاری ئامیزەکانی ئەم دواییە ئاماژەن بۆ ئەگەری فراوانکردنی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان چین و روسیا کە بگەنە ئاستی پەیوەندیی سەربازیی گرنگ، ئەگەر نەشبنە هاوپەیمانێتیی تەواوی سەربازی، ئەوەش لەژێر فشاری ئەو جەنگە ساردەی ئەمریکا سەپاندوویەتی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین